داوای ئاوات جەناب نوری (وەزیری دارایی و ئابوری)
5/10/2026 8:43:00 PM
د. یوسف محەمەد
نزیکەی نۆ مانگ لەمەوپێش ئاوات جەناب نوری (وەزیری دارایی و ئابوری)ی هەرێمی کوردستان لە دادگای بەرایی سلێمانی داوایەکی لە دژمان تۆمار کردوە لەسەر بەشێک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیمان سەبارەت بە لێبڕینی خانەنشینی و بڕینی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و، لەڕێی پارێزەرەوە بە بیانوی ئەوەی کە بەندە "قسەی ناڕاست"ـم خستۆتە پاڵی، داوای (١٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد ملیۆن دینارم لێدەکات وەک قەرەبو!
ئەمڕۆ دانیشتنی حەوتەمی دادبینی لە دۆسییەکەدا ئەنجام درا و، دادگا دادبینییەکەی دواخست بۆ مانگی داهاتو. سوپاس و پێزاننی بێپایانم بۆ برای پارێزەرم کە بەڵگەی پێویستی لە دانیشتنی دادبینییەکاندا خستۆتەڕو، بە پێویستیشی ئەزانم کە لەمەودوا رای گشتی لە رێرەوی دادبینی ئاگادار بکەم، چونکە ئەم دۆسییەیە پرسێکی شەخسی نییە بەڵکو دۆسییەیەکی گشتییە و پەیوەندیی بە موچە و قوتی و ژیانی سەدان هەزار هاوڵاتیی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
داواکار لەم داوایەدا بە سیفەتی کەسی داواکەی تۆمار کردوە، لەکاتکدا بەندە باسم لە کەسێک کردوە کە (وەزیری دارایی و ئابوری)ی هەرێمی کوردستانە و راسپێردراوە بە خزمەتی گشتی. هەروەها لەو گرتە ڤیدیۆییەدا بەندە باسم لە دو رێنمایی کردوە کە هەردوکیان لە لایەن ئاواتی شێخ جەناب (وەزیری دارایی و ئابوری)ی هەرێمی کوردستاىەوە دەرچون. لە یەکەمیاندا (رێنمایی ژمارە (٤) ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بە موچە) کە لە ژمارەی (٢٦٣)ی وەقایعی کوردستان لە (١٨- ٣- ٢٠٢١) بە ناوی ناوبراوەوە موچەی مانگەکانی (ئایار، حوزەیران، تەموز، نیسان، ئاب، تشرینی دووەم و کانونی یەکەم)ی ساڵی ٢٠٢٠ی بڕیوە بە ناوی کردنی بە (الدائنون) واتە قەرزدەرەکان! (بۆ بینینی رێنماییەکە بڕوانە وێنەی ژمارە ١) واتە هاتون بەبێ بونی هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی و کارگێڕیی لەو شێوەیە، بە یەک نوسراو، موچەی حەوت مانگی موچەخۆرانیان بە بیانوی (الدائنون)ەوە بڕیوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە نە لەو رێنماییە و نە لە هیچ رێنمایی و نوسراوێکی تردا ئاماژە بەوە نەدراوە کە ئەم (الدائنون)ە مانی چییە؟ ئەگەر قوت و موچەی حەوت مانگی تەنها یەک ساڵی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم کراوەتە قەرز، ئەم قەرزە لە ئەستۆی کێیە!؟ چۆن دەستەبەر ئەکرێت!؟ چۆن ئەدرێتەوە!؟
بۆیە لە ڕوانگەی بەندەوە ئەوە بڕینی موچەیە کە قوت و بژێویی نەک تەنها موچەخۆران، بەڵکو هەمو ئەوانەشە کە بژێوی و کاریان بەستراوەتەوە بە پێدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە کە سەدان هەزار کەسن و ناکرێت هەروا بە ئاسانی و لە چوارچێوەی نوسراو و رێنماییەکی ناڕوون یاری بە قوت و بژێویی ژیانیان بکرێت. کە ئەم نوسراوە ئەبینم هەمو ئەو چیرۆکانەم بیر دێتەوە کە چۆن بە هۆی نەدانی موچەوە خەڵکێک ناچار بون بۆ دابین کردنی شیر و پێداویستیی مناڵەکانیان کاری نەشیاو بکەن! ئاخۆ چەند هەزار منداڵ و پیر و پەککەوتە و نەخۆش دڵیان شکابێت و نەیانتوانی بێت پێداویستی و دەرمانیان دەستبکەوێت بە هۆی ئەوەی کە ئەو هەمو موچەیە لە هەرێمی کوردستان نەدراوە!؟
لە رێنماییەکی تردا (گشتاندنی دارایی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٥- بابەت: لێبڕینی خانەنشینی) کە دیسان هەر بەناوی ئاوات جەناب نوری (وەزیری دارایی و ئابوری)ی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوبوەتەوە، ناوبراو هاتوە بە بیانوی جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٤) (بۆ بنینی رێنماییەکە بڕوانە وێنەی ژمارە ٢) لێبڕینی خانەنشینی (التوقیفات التقاعدیة)ی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم بەوانەشی خانەنشین بون بە (أثر رجعي) لە (١/ ١/ ٢٠١٤ تاکو ٣٠/ ٦/ ٢٠٢٤)، لە (٧%)ەوە کردوە بە (١٠%)! پێشتر بابەتێکمان لەسەر نایاسایی بونی ئەم لێبڕینە نوسیوە (بڕوانە پەراوێزی ژمارە ٣).
بەندە لەو گرتە ڤیدیۆیەدا پرسیومە چۆن دەکرێت تۆ لێبڕینی خانەنشینی لە موچەیەک ببڕیت کە هەر لەبنچینەوە نەتداوە بە فەرمانبەر لە ناویشیان دا ئەو حەوت موچەیەی ساڵی ٢٠٢٠!؟
بەندە وەک کەسایەتییەکی ئەکادیمی کە لە رابردودا دەنگ و متمانەی دەیان هەزار هاوڵاتیی هەرێممان بەدەست هێناوە و، لە هەمان کاتدا پۆست و بەرپرسیارێتیمان لەسەرشان بوە، هەروەها وەک کەسێک کە رۆڵم هەبوە لە هاوتا کردنی موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم، بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم لەڕوانگەی ئەو زانینە کەمەی هەمە، خەڵک هۆشیار بکەمەوە لە هەر هەڵە و کەموکورتییەک و، چ وەک تاک و چ بە شێوەی بە کۆمەڵیش هەوڵی راستکردنەوەی بدەین و، پشت بەخوا لەم رێگایەش بەردەوام دەبین.
⦁وێنەی ژمارە (١): رێنمایی ژمارە (٤) ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بە موچە

⦁ وێنەی ژمارە (٢): گشتاندنی دارایی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٥- بابەت: لێبڕینی خانەنشینی