بە نهێنی دامەزراندنی 23 پەرستار ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە
04:47 - 05/05/2026
زەمەن_هەواڵ
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، رایگەیاند؛ داوا لە وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران دەکەین، کە ڕونکردنەوە بدەن لەسەر دامەزراندنی ئەو کەسانەی، کە لە دهۆک دامەزراون، کە ژمارەیان ٢٣ کەسە و دەرچووی ئەم ساڵن لە بەشی پەرستاری زانکۆی ئەمریکی دهۆک".
ئەمڕۆ سێشەممە، ٥ی ئایار ٢٠٢٦، هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، لەبارەی دامەزراندنی ٢٣ پەرستار نە نهێنی لە پارێزگای دهۆک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەکاتێکدا هەموو ناوچەکان کێشەی کەمیی کارمەندی تەندروستیان هەیە، ئەوەش ئێمەی نیگەرانکردووە کە جیاوازی ناوچەگەرایەتی لە دامەزراندن دەکرێت، هەروەها دەرچووی زانکۆی ناحکومی دامەزراوە. ئەوەش ناڕەواییە بەرامبەر بە دەرچووانی حکومی کە منداڵی هەژاری تێدایە، ئەوەی ڕوویداوە قۆرغکارییە لەناو حکومەت کراوە، ئەو دامەزراندنە بەدزی دادەنێن کە لە خەڵکی کراوە".
هاوژین عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد "کەموکورتی زۆر لە نەخۆشخانەکاندا هەیە، کێشەی کەمی پەرستار و کارمەندی تەندروستی هەیە، بە جۆرێک لە هەندێک شوێن کەمی کارمەندی تەندروستی گەشتووەتە ٧٠٪ واتە نەخۆشخانە هەیە بە ڕێژەی ٣٠٪ میلاکی هەیە ئەوەش ڕێژەیەکی کەمە بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان".
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی وتیشی: "بەش هەیە لە نەخۆشخانەکان یەک مووچەخۆری حکومەتی تێدا نییە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشخانەکان نەتوانن وەک خۆی خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بکەن، ئەمە لەکاتێکدایە لە ڕۆژانی ڕابردوو دامەزراندن بە نهێنی لە پارێزگای دهۆک کراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2014وە لە هەرێمی کوردستان دامەزراندن وەستاوە.