ئێمە و ئەوان
5/12/2026 1:00:00 PM
فازڵ میرانی
وا بڕیارە پەیوەندی نێوان هەردوو پایتەخت تەنها لەلایەن دەستووری ئێستای عێراقەوە ڕێکنەخرێت، بەڵکو دەرەنجامی هاوبەشیی داڕێژەرانی دەستوور بێت، چونکە زۆربەیان ساڵانێکی درێژ کاری هاوبەشیان پێکەوە کردووە و لێکتێگەیشتنەکانیان بووەتە هۆکاری پێگەیشتنی فکرێکی سەرکەوتوو بۆ حوکمڕانی.
ناکۆکییەکان هەمیشە خراپ نین، ئەوان زیاتر لە نیشانەیەک دەچن کە ئاماژە بە نەخۆشییەک دەکەن بۆ ئەوەی دەستنیشان بکرێت و چارەسەر بکرێت. نەخۆشیش کە جۆرێکە لە تاقیکردنەوە، پێویستی بە تێگەیشتن، ئارامی و قەناعەت بە چارەسەرکردن هەیە. ئەوەی بۆ جەستەی مرۆڤ ڕاستە، بۆ جەستەی سیاسەتیش ڕاستە؛ سیاسەت لە لایەکەوە بەرهەمی کارایی فکری و کردەیی عەقڵی مرۆڤە، و ڕوونترین ئامرازیشە بۆ دەرخستنی جۆر و قووڵی ئاڕاستەکان.
لە چوارچێوەبەندی ڕۆژنامەوانیدا، هەوڵە سیاسییەکان کورت دەکرێنەوە بۆ مەلەفەکانی ناکۆکی یان پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا وەک ئەوەی تەنها کێشەی بەغدا-هەولێر بێت. بۆ مێژووش، بەغدا کە بە کردەوە قووڵایی ڕاستەقینەی کوردستانە وەک پایتەختی دەوڵەتێکی فیدراڵی، پێش ساڵی ٢٠٠٣ پایتەختی بەرهەمهێنانی ناکۆکی زۆر سەختتر بوو، بەڵام وەک ئەمڕۆ ناوزەد نەدەکرا. ئەمە نە پیاهەڵدانە بەمڕۆدا و نە زەمکردنی دوێنێیە، بەڵکو مێژووی ململانێی بەغدا لەگەڵ کورد و بارزانیی باوک و نەوەی دووەمی هێماکانی نەتەوەکەمان، لە خاڵێکدا لەگەڵ ئێستا و لە خاڵێکدا لەگەڵ ڕابردوو هاوبەشە. سەرچاوەی هەردوو خاڵەکەش ئەو عەقڵە حوکمڕانەیە کە پێشتر بەدوای پاشکۆیەتییەکی گشتگیردا دەگەڕا، و لە سەردەمی ئێستاشدا بەهۆی بڵاوکردنەوەی بڕیاری سیاسییە پێش خوێندنەوەی بنەماکانی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان هێزەکانی هاوکێشەی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای فیدراڵیزم دامەزراوە.
سەبارەت بەو دوو خاڵەش، لە جەوهەر و داواکارییاندا -هەرچەندە لە دوو ڕژێمی جیاوازەوە سەرچاوەیان گرتووە کە هەر یەکەیان شێوازێکی حوکمڕانی هەیە- بەڵام لەوەدا یەکدەگرنەوە کە سەرچاوەکەیان تێگەیشتنێکی هەڵەیە بۆ دەسەڵات. لێرەدا ڕوونکردنەوەیەکی بێلایەنە و کورت دەخەینە ڕوو، ڕژێمی پێشوو کە لەسەر بنەمای کردەوەکانی و بەهۆی ئەوانەوە لادرا، ڕژێمێکی ئایدیۆلۆژی بوو لە بواری ئەمنی، سیاسی و سەربازیدا؛ ڕژێمێک بوو خاوەن بنەما و دیدگای تایبەت بەخۆی کە یەکێک بوو لە نموونە زۆرەکانی ڕژێمە حوکمڕانەکانی ناوچەکە و جیهان، سیستەمێک بوو تیۆرییەکانی بۆ چەسپاندنی شەرعییەتی خۆی و پاراستنی بڕیارەکانی -تەنانەت ئەوانەشی کە بە بڕیاری تاوانکاری دادەنران- بەکار دەهێنا.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕووداوانە و بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بڕیاری کۆتاییهێنان بەو جۆرە پڕۆژە و ڕژێمانە درا کە چیتر کارکردن و ناوەڕۆکیان لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبوڵکراو نەبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو ڕژێمانە زۆربەی ڕەزامەندی ناوخۆییان لەدەستدا. عێراق دەسپێکی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بوو، و ئەوەی ڕوویدا زنجیرەیەک بڕیاری سزادەر و سنووردارکەر بوو.
هەولێر، کە کورتکراوەی خەبات و ماندووبوونی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و قورسایی پارتی دیموکراتی کوردستانە، توانی ئەنجامی کارە سیاسییەکانی بگۆڕێت بۆ پێشکەوتنی گەورە و تەحەدای گەورەتر. هەولێر هەموو ئەو بارودۆخانەی قۆستەوە کە چ خۆی و چ لایەنەکانی تر بە ئەرێنی و نەرێنی دروستیان کردبوو، بۆ ئەوەی کوردستان بخاتە سەر ڕێڕەوی ڕێکخستنی یاسایی، تەشریعی و کارگێڕی. لێرەوە پەرلەمان دوای هەڵبژاردنێکی گرنگ دامەزرا و حکومەتێکی ئیئتلافی پێکهات. پەرلەمانی یەکەممان و حکومەتەکەش شایەنی لێکۆڵینەوە و سوپاسێکی زۆرن بۆ هەوڵەکانیان لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی کە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە پڕ بوون لە کارەسات و زیان. هەروەها ناتوانرێت و دروست نییە سوپاسی نەتەوەکەمان و بزووتنەوە سیاسییە هەمەجۆرەکەی نەکەین بۆ ئەو هۆشیارییە پێشوەختەیەی بەرامبەر پێداویستییەکانی ئەو قۆناغە هەیانبوو، کە تێیدا جیدیەتی گۆڕینی ئەدا لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ حوکمڕانی تاقیکرایەوە.
ڕەنگە سەیر و لە هەمان کاتدا سوودبەخش بێت کە کوردستان لە ڕووی سیاسی و کارگێڕییەوە پێشەنگ بووە لە ئەزموونەکەدا بەر لە پارچەکانی تری عێراق؛ واتە بەشەکە پێش گشتەکە کەوت. ئەزموونی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣، سەرەڕای شەڕی ناوخۆ و ئەو فشارە خنکێنەرانەی لەسەرمان بوو، بەڵام ئەزموونێکی لە کارایی سیاسی و کارگێڕی و لێکتێگەیشتنی کۆمەڵایەتی چەسپاند، کە زۆر کەس نەیانویست سوودی لێ وەربگرن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی دوای ٢٠٠٣.
پێش تەواوکردنی مەبەستی ئەم وتارە، دەبێت ئاماژە بە گرنگی ئەو زنجیرە گفتوگۆیانە بکرێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنجام دران؛ مەبەستم سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، و ئەو سەردانە سیاسییەی کە من لەگەڵ شاندێکی پارتەکەماندا ئەنجامم دا. ئەمانە سەردانی لێکتێگەیشتن و ڕاستکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شێوازەکانی کارکردن بوون کە ئامانجمان لێی بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلی کوردستانە.
لە کۆتا بڕگەی سەرەوە، ئەم دێڕە دووبارە دەکەمەوە: (بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلی کوردستان). لە ڕاستیدا ئەم بەرژەوەندییانە ڕووبەڕووی زیانێکی گەورە بوونەتەوە و نامانەوێت بەو شێوەیە بمێننەوە یان لەسەر هەمان ئەو ڕێچکەیە بەردەوام بن کە پێش ٢٠٠٣ زیانیان پێگەیشت.
ئێمە هەرگیز بانگەشەی بێ کەموکوڕی بۆ ئەزموونی خۆمان ناکەین، وەک چۆن ئەزموونی ئەوانی تریش ڕەنگە لە ئاستێکی قبوڵکراودا نەبن. لێرەدا دروست نییە چاوپۆشی لەو هۆکارانە بکرێت کە ڕێگر بوون لەوەی باشترین ئەدا پێشکەش بکەین، وەک چۆن ڕێگرییان لەوانی تریش کردووە، بەڵام ئێمە هیچ کاتێک ڕۆڵێکی نەرێنیمان نەبووە و بە ئەنقەست کارمان بۆ زیانگەیاندن بە عێراق یان بە خۆمان نەکردووە.
بە ڕاشکاوی، جەوهەری دۆزی ئێمە و مێژووەکەی لە پێویستییەکی ژیانی بۆ دەوڵەتی هاووڵاتیبوون دەرناچێت، دەوڵەتێکی خاوەن سنوور کە ڕێگری بکات لە زاڵبوونی بیروباوەڕێک یان ڕێکخراوێکی سیاسی بەسەر پانتایی هاووڵاتیبوون و مافەکاندا.
ئەو جیاکارییەی کە پێویستە لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەبێت، بەگوێرەی دەق و ڕۆحی دەستوور، جیاکارییەکی زیندوو و سوودبەخشە لە ڕووی سیاسی، جێبەجێکردن، دادوەری و پێش هەموو ئەمانەش لە ڕووی یاسادانانەوە، لە جیاتی ئەوەی جیاکارییەک بێت پڕ لە وێناکردن و ویست و مەرامی ئاڵۆز.
وەرگێڕانی: سەردار پێنجوێنی