ئەنجوومەنی نوێنەران یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزە ئەمنییەکان هەموار دەکاتەوە
01:39 - 07/05/2026
زەمەن - هەواڵ
مازن غەریب، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق
لە لیژنەى ئاسایش و بەرگرى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، بەگوێرەى یاساى خانەنشینی یەکگرتوو،
هێزە ئەمنییەکان پاش ساڵانێکى زۆرى خزمەت بە مووچەیەکى کەم خانەنشین دەبن، لە هەموارى
یاساکە ئەم دوو بابەتە چارەسەرکردووە.
جیاوازى مووچەکان
گوتیشى، بەگوێرەى هەموارى یاساکە، کارمەندى هێزە
ئەمنییەکان دەتوانن بەبێ ڕەچاوکردنى مەرجى تەمەن لە پاش 15 ساڵ خزمەت داواى خانەنشینى
بکەن، گرفتى چارەسەرى کەمیى مووچەى خانەنشینان بەوەکراوە، لەکاتى خانەنشینبوون دەرماڵەى
مەترسییان بۆ دەخرێتە سەر مووچەى بنەڕەتى و بەوەش بەمووچەیەکى بەرزتر خانەنشین دەکرێن.
کارمەندێکى هێزى ئەمنى دواى 30 ساڵ چەند وەردەگرێت؟
بەگوێرەى ئەو یاسایەى ئێستا کارمەندى هێزە ئەمنییەکانى
پێ خانەنشین دەکرێت، کارمەندێک لەپاش زیاتر لە 30 ساڵ خزمەت تەنیا 500 هەزار دینارى
وەک مووچەى خانەنشینى بۆ دەمێنێتەوە، لەبەرئەوەى مووچەى خانەنشینى پشتى بەستووە بە
مووچەى بنەڕەتى و مووچەى هێزەکانى ناوخۆ بەشێکى کەمى مووچەى بنەڕەتییە و زۆرینەى
مووچەکەیان دەرماڵە ناجێگیرەکانە.