14 کوردستان

نەخۆشخانەی میهرەبانی: بۆ ئەو هەڵە لێکتێگەیشتینە داوای لێبووردن لە ڕایگشتی و وەزارەتی تەندروستی دەکەین

01:08 - 12/05/2026

زەمەن:-

 

 دەقی ڕاگەیاندراوێک لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری میهرەبانی بۆ ڕای گشتی؛

 دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی داخستنی نەخۆشخانەکەمان لەسۆشیال میدیاکان بەهۆی بوونی دەرمانی نایاسایی، ئێمە وەکو دەستەی کاگێڕی و بەڕێوەبردنی نەخۆشخانە بۆ ڕای گشتی ڕووندەکەینەوە، کەوا هۆکاری داخستنی هۆڵەکانی نەشتەرگەری بەهۆی دواکەوتنی نوێکردنەوەی مۆڵەتی نەخۆشخانەکەمان بووە، سەڕەڕای بوونی چەند تێبینی و داواکاریەکی تیمەکانی پشکنین لەسەر نەخۆشخانەکەمان، وەزارەتی تەندروستی هاوکارمان بوونە لە درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەکە و پێدانی ماوەی زیاتر و ئاگادارکردنەوە بۆ چاکردنەوەی کەموکوڕیەکانی نەخۆشخانە لەپێناو سەلامەتی نەخۆشان بەڵام بەهۆی بوونی هەندێ ڕێکاری نوێ لە هەندێک لە فەرمانگەکانی تری دەرەوەی وەزارەتی تەندروستی کە بووە هۆکاری دواکەوتنی مۆڵەتەکە.

بۆ ئەم هەڵە لێک تێگەیشتینە داوای لێبووردن لە ڕای گشتی و وەزارەتی تەندروستی دەکەین، دڵنیاین هەموومان پێکەوە تەواوکەری یەکترین بۆ خزمەتکردنی نەخۆش.

سوپاسی خەمخۆری هاونیشتمانیانمان دەکەین بۆنەخۆشخانەکەمان، خەڵکەکەمان شایەنی باشترین خزمەتن.

جێگای باسە لە ئێستاشدا، ڕێکارەکانی نوێکردنەوەی مۆڵەت لە تەواو بوون دایە وە مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ دەکرێت، هیوادارین وەزارەتی تەندروستی لەماوەیەکی نزیکدا مۆڵەتەکەمان بۆ نوێ بکەنەوە تاکو بتوانین بەردوام بین لە خزمەتکردنی خەڵک و نەخۆشان لە هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ ڕێزدا ...
**دەستەی کارگێڕی*
*نەخۆشخانەی نەشتەرگەری میهرەبانی**
١١ ا٥ /٢٠٢٦

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن