45 جیهان

ئێران حەوت مەرجی هەیە بۆ بەشداریی کردن لە مۆندیالی 2026

04:46 - 09/05/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، حەوت مەرجی سەرەکی بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 راگەیاند.

 مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "وەرزش"ی ئێرانی ڕایگەیاند: هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی بە حەوت مەرج بەشداری مۆندیالی مانگی ٦ی ئەمساڵ دەکات، کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.

وردەکاری مەرجەکان:

 ١. پێدانی ڤیزا بەبێ کێشە: پێویستە سەرجەم یاریزانان و دەستەی تەکنیکی ڤیزای چوونەژوورەوەیان پێبدرێت، بەتایبەت ئەو یاریزانانەی پێشتر لە ناو "سوپای پاسداران" خزمەتیان کردووە، وەک (مەهدی تارمی و ئیحسان حاج سەفی).
٢. لێپرسینەوە نەکرێت: دوای دەرکردنی ڤیزا، نابێت پۆلیسی کۆچبەران لە کاتی گەشتەکەیاندا هیچ جۆرە لێپرسینەوە و سینگ و سوینگێک لەگەڵ یاریزانان و ستافی هەڵبژاردەکە بکەن.
٣. ڤیزا بۆ هاندەران و رۆژنامەنووسان: دیاریکردنی میکانیزمێکی ڕوون بۆ پێدانی ڤیزا بە هاندەران و رۆژنامەنووسانی ئێرانی بۆ ئامادەبوون لە یارییەکاندا.
٤. پاراستنی ئەمنی توند: پێویستە پۆلیسی ئەمریکا بەرزترین ئاستی پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکان لە فڕۆکەخانە، هۆتێل و یاریگاکان دابین بکات بۆ رێگریکردن لە هەر روداوێکی نەخوازراو (هاوشێوەی ئەوەی لە ئوسترالیا روویدا).
٥. تەنها ئاڵای رەسمی: تەنها رێگە بە هاندەران بدرێت ئاڵای رەسمی هەردوو وڵات ببەنە ناو یاریگا، و قەدەغەکردنی بردنی هەر ئاڵایەکی تر جگە لە ئاڵای رەسمی "کۆماری ئیسلامی ئێران".
٦. سروودی نیشتمانی: زامنکردنی لێدانی سروودی نیشتمانی ئێران بە شێوەیەکی دروست و بێ پچڕان لە سەرجەم یارییەکاندا.
٧. سنووردارکردنی پرسیاری رۆژنامەنووسان: پێویستە پرسیاری رۆژنامەنووسان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکاندا تەنها لە چوارچێوەی بابەتە هونەرییەکانی تۆپی پێدا بێت و تێکنەگلێندرێت بە بابەتەکانی تر.
جێی ئاماژەیە، هەفتەی رابردوو دەسەڵاتدارانی کەنەدا رێگرییان لە (مەهدی تاج) و دوو بەرپرسی تری فیدراسیۆنەکە کرد بچنە ناو خاکی کەنەداوە لە فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆ، کاتێک بەنیازی بەشداری بوون لە کۆنگرەی "فیفا" لە ڤانکۆڤەر.
هاوکات، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا جەختی کردەوە کە ئێران هێشتا بەنیازی بەشدارییە، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دانوستان هەیە بۆ گواستنەوەی یارییەکانی ئێران لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن