10وتار

(تەوافقات) سازانی جیهانی و ناوچەیی و کاریگەری لەسەرجەنگی ئەمریکا و ئێران.

5/9/2026 12:53:00 PM
سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق

جیهان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە ، دەرچون لە بەندە یاسا نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانیەتییەکان و ڕوکردنە بەرژەوەندی هاوبەشی فرە ڕەهەندی  (تەوافقات) سازانی جیهانی ، بە مانایەکی تر دڕاندن یان پچڕانێکی مێژویی لە ئارادایە ، چی تر یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێکخراوە جیهانییەکان بە تایبەت نەتەوە یەکگرتوەکان و پاشان هاوپەیمانییەتیەکان هەرلە ئەوروپاوە تا دەگاتە ناتۆ و پاشان بۆ هەرێمایەتی بەرەو کۆتا بون دەچێت و سەرەتای دەرکەوتنی ڕێڕەوی ڕێککەوتنی تر دەردەکەوێت ، بەتایبەت لە دوای بەهێزبونی ڕوسیا و بەخێرایی گەشەسەندنی گەلی چین و پێشکەوتنەکان لە بواری سەربازی و ئابوری و AI دا ، ئەوەی وەک سەرەتا دەرکەوتوە (تەوافق) سازانی جیهانی و ناوچەییە کە جێگەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە ، لە ئێستادا لە نێوان ڕوس و چین و ئەمرێکادا وەک سێ زلهێز ئەم (تەوافق) سازانە لە ئارادایە ، خۆ ئەگەر (مەبدەئی تەوافق) باوەڕی سازان پێشتر لەهەندێ وڵاتی تازەگەشەسەندو هۆزگەریدا بوبێت ئەوا ئێستا بازنەکە گەورەتر بوە بۆ جیهانی بون ، خۆ ئەگەر هەردوو جەنگی ئۆکرانیا و ئێران بە نمونە بهێنینەوە ئەوا یاسای جەنگی نێودەوڵەتی ڕێگەی پێنادات ، بەڵام (تەوافق) سازانێک هەیە لە نێوان زلهێزەکاندا و یاساکان وەلاوە نراوە.

ئەمریکا لە ئێستادا کەلەدوای شانۆگەری ڕوسیا و ئۆکرانیا لەگەڵ ئێران لەسەر ستەیجی شانۆکە ڕۆڵ دەگێڕن ، شانۆگەرییەکانیش لەژێر ناوی: (ڕێکدەکەوین تا جەنگ دروستبکەن بۆ بەرژەوەندی) ئەمریکا و ئێران بە دوو ئاراستە جەنگ دەکەن ( هێزی ڕەق و نەرم) ئەگەر چی ئێران بەراورد ناکرێت بە ئەمریکا و ئیسرائیل بەڵام ناتوانن سفری بکەنەوە ، ئێران دەزانێت بەشێکە لەو (تەوافق) سازانە جیهانی و ناوچەییە بەنەفسێکی درێژەوە ئەگەر نەتوانێ ڕوبەرو بێتەوە ئەوا بۆ سەلماندنی خۆی دەتوانێ تێکی بدات ( گەروی هورمز و کەنداوی عەدەن) بەهەمان شێوە بۆ ئۆکرانیا بەرامبەر ڕوسیا هەر ڕاستە بە کەمێک جیاوازییەوە ، ئەمریکا کێشەی لەگەڵ ڕەهەندە سیاسییەکەی ئێراندا نیە و دەزانێت لە بەرژەوەندییەتی وەک هێزی نەرم ، بەڵام جەنگ دژی باڵە سەربازییەکەی ئێران دەکات وەک هێزی ڕەق ، وە دەیەوێت ئێران ناچار بکات بچێتە ژێر باری (تەوافق) سازانی ناوچەییەوە کە بە نەخشەی سیاسی و سەربازی و ئابوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ناسراوەکە ئیسرائیل باڵادەست دەکات و ئەم نەخشە ڕێگایە (تەوافق) سازانی نێوان سێ زلهێزەکەی لەسەرە لەگەڵ کۆمەڵێک فایلی تر ، وەک دروستکردنی جەنگ بۆ مارکێتنی فرۆشتنی چەک و... هتد ، دەبینین ئێستا لوبنان بوەتە چەقی ململانێکانیان و دواتر بۆ عێراق و یەمەن و ئەوە سۆدانیشی هاتە سەر ، ئەم (تەوافق) سازانە لە عێراقدا بە ڕونی دیارە کە ئەمریکا لەگەڵ هەژموونە سیاسیەکەی ئێران لە عێراقدا هاوبەرژەوەندییە وەک هێزی نەرمی ئێرانی بەڵام جەنگ دژی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەکات ، ئەمەش نیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە (تەوافق) سازانێکی جیهانی هەیە بۆ ئەم ناوچەیە و دەبێت ئێران بچوک بکرێتەوە بۆ ناو بازنەی ڕەسمی ئەم ڕێککەوتنە تەوافقیە کە لە پشتی کەوالیسەوە دانراوە ، لە بەرامبەردا چی ڕوسیا و چی چین هەڵویستێکی کرداریان نیە ، بە پێچەوانەوە تەوافقەکە وا ڕەسم کراوە کە هەر وڵاتێک بخرێتە ناو چوارچێوەی بازنەیەکەوە ئەگەر گەورەتر بێت لەو بازنەیە لێی بدرێت و بچوک بکرێتەوە بۆ ناو سنوری بازنەکە ، وە ئەگەر بچوک بێتەوە لە ناو بازنەکەدا هاوکاری بکرێت تا گەورەتر بێتەوە بۆ سنوری بازنەکە ، لە ئێستادا ئێران دەیەوێت بازنەکەی بۆ گەورەتر بکرێت لەو تەوافقاتەی کە هەیە ، ئەمریکاش لە ڕوی سیاسیەوە لە ئێران وەک ناوەند و عێراق و لوبنان و یەمەن کێشەی نیە ، ئەڵبەت ئەمەش بۆ تورکیا هەر ڕاستە و سەرەی دێت ، بە مانایەکی تر عێراق وەک جێ هەژمونی ئێرانی ئەمریکا مالیکی لادەبات و عەلی فالح دادەنێت ڕەزامەندی هەردولایان چی ئێران و چی ئەمریکای لەسەر کە بەشێکە لەو (تەوافقاتە) سازانە ، لە ناوخۆی عێراقیشدا نەوشیروان مستەفا واتەنی سێ سەقفی تەوافق هەیە ( سونە و شیعە و کورد)لەژێر هەر سەقفێکیشدا دنیایەک وردە (تەوافق) سازان هەیە ، کە دواجار بێ ئۆکەی کارئەکتەری (تەوافقە) سازانە گەورەکان ناکرێت ، دواجار یاساکان تەنها ڕێکاری جێبەجێکردنی سازانەکانە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن