ترامپ: پێموانییە لەگەڵ ئێران دانوستان بکەین
01:50 - 22/10/2026
زەمەن_هەواڵ
سەرۆکی ئەمەریکا دانوستانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە ئەو پرسە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەمزوانە چارەسەر دەکرێت.
دۆناڵد ترامپ دوای گەڕانەوەی لە گردبوونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "پێموانییە دانوستان بکەین" و ئاماژەی بەوەشکرد "بە شیوەیەک لە شێوەکان شتێکمان دەبێت کە بەمزووانە ڕوودەدات."
ترامپ سەبارەت بە کاتەکە وتی "پێدەچێت زۆربەی خەڵک پێیانوابێت دوای هەڵبژاردنەکانە و ئێمە دەبینین چی ڕوودەدات."
وتیشی ئەمەریکا توانای پیتاندنی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی لەناوبردووە و لە ڕووی سەربازی، دارایی و لە ڕووی دیکەوە ئێرانی تێکشکاندووە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەروەها لە وتارەکەیدا لە کارۆلینای باشوور رایگەیاند "ئێستا دڵنیا دەبینەوە لەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی نابێت. دەتوانین لە ئێستادا لەوێ بڕوەین، بەڵام دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە ئەمە بۆ ماوەیەکی زۆر وا دەبێت."
لە درێژەی قسەکانیدا لە کارۆلینای باشوور، ترامپ ئاماژەی بە لێکەوتە ئابوورییەکانی ململانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کرد و وتی کاتێک ئێران تەواو بوو، نرخی نەوت و هەموو ئەم شتانە چارەسەر دەکرێن.
سەرۆکی ترامپ کۆماری ئیسلامی بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆر و خراپترین وڵاتی سەر زەوی ناو برد و وتی "ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبوایە لە ماوەی ڕۆژێک یان کاتژمێرێکدا بەکاریان دەهێنا، پێموایە لە ماوەی یەک کاتژمێردا."
هەروەها وتیشی "ئێمە تەنگەی ترامپمان گەمارۆ داوە، من پێی دەڵێم تەنگەی ترامپ، پێتانوایە عەرەبەکان بەم ناو گۆڕینە دڵخۆش دەبن ؟ ئێمە ناوی کەنداوی مەکسیکمان گۆڕی و بۆ نەتوانین ناوی تەنگەی هورمز بگۆڕین؟"