18وتار

هێزە ئۆپۆزسیونە سیاسییەکان لەپایزی تەمەنیاندان (ئەمە راستییەکی تاڵە)!!!

5/7/2026 1:35:00 PM
كامەران بابان زادە

بەهێنانی نەخشەیەک لەسەر چارەنووسی ئینتیمای ئەندامانی پەرلەمان لەسەر لیستەکانی ئۆپۆزسیون (گۆڕان)،(نەوەی نوێ)، (کۆمەڵ)، (یەکگرتوو)، (هەڵوێست) لەساڵی (٢٠٠٩) بۆ خولەکانی پێش ئەم خولە… زۆر کەمتر لە (١٠٪)لەسەر قسەو گوتارە پۆپۆلیستییەکان لەرەخنەگرتن. لەشێوازی قسەو خەباتیان، بەردەوامن،،،ئەوانی تر کە (٩٠٪) لەنێوان (خۆدزینەوەو لاڵ بوون)، (زەردهەڵگەران) ، (سەوزهەڵگەڕان)دا دابەشببوون، ئەگەر چەند دانەیەکیان بەمردنی خۆیان مردوون ئەگەر لەم پۆلێنە بەدەرنین….
هەندێک لەمانە لەدوای سەرکەوتن بۆ پەرلەمان هەر زوو بەسەر ئەو سێ سێکتەرە: (لاڵ بوون، زەردهەڵگەڕان، سەوزهەڵگەڕان) هەندێکیان لەنیوەی رێگاو هەندێکیان کەنیەتی، خۆکاندیدکردنەوەیان هەبوو بۆ خولەکانی دواتر هەندێک سەبریان گرت، ئەگەرنا…بۆ سەلماندنی دروستی ئەو پۆلێن کردنە بگەڕێنەوە بۆ لیستی ناوەکانی ئەندامەکانی پەرلەمان لەبەغدادو  هەولێر  هەستێک راگرە بزانە لەکوێن؟
لەم ساڵانەی دوایش زیاتر ئامانج لەبەشداری هەڵبژاردنەکان بۆ هێزە حیزبییەکانی دەرەوەی (یەکێتی و پارتی) وەک (کۆمەڵ ، یەکگرتوو) نیشاندانی مانەوە بووە لەساحەی سیاسی، بۆ ئەوانی دیکە بزاڤێکی عەفەوی کاتی بووە لە (گۆڕان)ەوە دەستی پێکردو بە(نەوەی نوێ)دا تێپەڕی و  لە (هەڵوێست) کۆتایی دێت ،
تەمەنی ئۆپۆزسیون لەسەر (بۆڵەبۆڵی پۆپۆلیستیانە تەواو رۆیشت و بووە ویستگەیەکی مێژوویی، تەنیاو تەنیا پانتایی جەماوەری خۆشباوەڕ قوربانی بوو.
بەلای کەمەوە لە (١٦) ساڵی کۆتایی حوکمرانی کورد لەکوردستانی باشوور  ئەگەر پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی پارێزەری مانەوەی دەسەڵاتی حیزبەکەیان بووبن، لەو رێگەیەوە رەوایەتیان دابێ بەخۆرغکاری.
ئەوە پەرلەمانتارانی ئەو هێزە ئۆپۆزسیونانەی ناوم بردن، بەدیوێکی تر خزمەتی باشتریان بەو دەسەڵاتە کردووە ئەویش : تەواو خاڵی کردنەوەی رق و نیگەرانی خەڵک و وردە وردە بێئومێدکردنی تاکی کورد لەگوڕانکاری بۆ حوکمرانییەکی باشتر…
لەئیستاداو دواهەڵبژاردن
من لەپێنج مانگی رابردوو دەستخوشیم لە (نەوەی نوێ) کرد، بۆ هاوپەیمانیەتی لەگەڵ یەکێتی و  ئەو پەیامەم گەیاند کە واباشترە هێزەکانی تریش ببنە هاوپەیمان لەگەڵ پارتی یان یەکێتی و
ئەو قەناعەتەم لە پێناو: یەکەم (١٧) ساڵ بەسە بۆ ئەزموونی ئەم هێزانە کەناتوانن هیچ بەهیچ بکەن، هەتا لەنێوان خۆشیاندا  نەیانتوانی هاوپەیمانیەتی تۆکمە دروست بکەن، بەیەک لیست دابەزن، بەداخەوە لەتەبایی تەقلیدی کە رێزگرتنە لەهەڵوێست و دیدگای جیاوازی یەکتریش سەرکەوتوو نەبوون.
لەدوای (١٧) ساڵ تاقیکرانەوە کەنەیانتوانی بەیەکجار و بۆ یەکجار ستۆپ بەپارتی و یەکێتی بکەن با بەم کۆتایی تەمەنەیان ئەم بژاردەیەش تاقیبکەنەوە، بەپشتگیری لایەکیان پارتی یان یەکێتی ستۆپ بەلایەکەی تر بکەن و ئەو دیزاینە جوت حیزبیە تەمەن (٣٤) ساڵە بەلایەکدا بخەن، دڵنیام ئەوەشیان پێناکرێ بەس بەلای کەمەوە، ئەم بەڵێنانەی لەژێر سەقفی هاوپەیمانییەتی تازەدا دەیدەن، وەک بەڵێنەکانی پێشوو.
لەدوا هەنگاوی ئەوانەدا
دوێنێ لەبەغداد بێجگە لەپارتی، هێزەکانی تر لەگەڵ یەکێتی پێکەوە چوونەتە لای (چوارچیوەی هاوئاهەنگی) دڵنیام قەدەر لەنزیک بارەگای (چوارچیوەی هاوئاهەنگی) کۆی نەکردوونەتەوە!! ئەم هەنگاوە بێ پێشینەو  کۆبوونەوەی پشتر نەهاتۆتەدی..
لەعورفی هەموو دونیادا ئەو هێزەی کورسی زیاترە دەبێتە سەرۆکی وەفد یان بەلای کەمەوە لەسەردانەکانی تر بە نۆرە دەبێت، لەمەهزەلەترین لێدواندا (وەفدەکەمان بێ سەرۆک وەفدبووە) نزیک بە (١٢) کەس، وەک گێڕانەوەی بەردە رەشەکەی (کەعبە) هەریەکەو لچکێکی وەرەقەی پێشنیازکراویان داوەتە هێزی سیاسی بەرانبەر، لەوە عەیبتر، وردە وردە نیشانەکانی زەردهەڵگەڕان لەبەرانبەر نیشانەکانی سەوز هەڵگەڕاندا بەدیارکەوت و لەدوای چەند سەعاتیک لێدوانی جیاواز…..
بەرێزانم لێدوانی هاوبەش لەسەر چۆنییەتی وەفدەکە بەزمانی کوردی بڵاومەکەنەوە، ئەگەر وایە نامەیەک بەزمانی عەرەبی بنێرن بۆ (چوارچیوەی هاوئاهەنگی)و لەخاڵە هاوبەشانەی پێکەوە داواتان کردووە، وەرنە دەرەوە!!!! نامە نووسراوەکە لەراگەیاندنەکان بڵاوبکەنەوە…
بەڕێزان هەتا لەناو هاوپەیمانییەتی (کۆمەڵ، یەکگرتوو، هەڵوێست) بنەمای مانەوەو بەردەوامی نیە، ئەمڕۆ یان سبەی هاوپەیمانی (پارتی و یەکێتی) دۆسییەکان دەکەنەوە، ئەگەر نەیانتوانی ئەوە بکەن، بەهەردوو حاڵەت چوار هێزەکەی تر لەپەرلەمانی بەغدادو هەرێم لەبەردەم دوو بژاردەدان و سێیەمی (تکلیفی مالایطاق)ە…بۆ هاوپەیمانییەتی یەکێک لەو دوو هێزە وەک (نەوەی نوێ) بەئاشکرا یەکلایی ببنەوە یان بژاردەی دووەم لەسەر ئەوەی رابردوو، (لەبێشەوە باسم لەو چارەنووسە کرد) بەردەوام بن… بژرادەی سێیەم کە (تکلیفی مالایطاق)ەکە بوو.. ئەویش دروستکردنی خەتی سێیەم لەبەرانبەر یەکێتی و پارتی و بەخۆداچوونەوە لەکۆی گوتارو میکیانیزم و کاراکتەرە دیماگۆجییەکانی رابردوو و ئێستا، گوتاری تازە، هاوپەیمانییەتی  راستەقینە، لەبەرانبەر جەماوەری فێڵ لێکراو ئیعتراف بە هەڵەکانی رابردوو بکەن…. ئەگەر نا دەنگدان هیچ ئامانجێک ناهێنێتەدی.
ئەی چارەنووسی بەریەکەوتنی خواستی گورانکاری لەکوردستان بەرەو کوێ؟
وەلامی ئەم پرسیارە هەڵدەگرین بۆ وتارێکی دیکە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن