کورد و پێداگری لەسەر ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان
5/5/2026 1:23:00 PM
د. محەمەد شوانی
ئاسۆکانی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دوور و نا روونن، هیچ هیواو ئومێدێک نیە لە بارودخێکی وەکو ئەم رۆژگارە ئەم مادەیە جێبەجێ بکرێت ، یان تەنانەت پێداگری و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، جگە لەوەی خۆی لە بنەڕەتدا و لە کاتی ئاسایی کۆمەڵیک ئاستەنگی هەبوو، بۆیە لە وادەی دیاریکراودا کۆتایی ٢٠٠٧ جێبەجێ نەکرا، ئیستاش بەبەراود بەو کاتە ئاستەنگەکان خراپتر و گەوەرتر بوون، بۆ نمونە، پابەند نەبوونی لایەنە عێراقیەکان بە دەستور زۆر زیاتر بووە، مەیل و کارکردن بۆ ناوەندێکی بەهێزو سەپاندنی دەسەڵات زۆر گەرمتر بووە، نەمانی متمانەو دروستبوونی کەلێن لە نێوان پێکهاتەکان و حیزبە دەسەلاتدارەکانی عێراق بە گشتی و لە نێوان خودی حیزبە کوردیەکان و کورد و ناوەند بە تایبەتی ،زۆر گەورەتر بووە، چاوتێبڕین و دەستێوەردان و فشاری هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێزتر بووە، سەرەڕای ئەمانەش ئیستا نا ئارامی و شەڕ و ململانێی زلهێزەکان لە ناوچەکە رێگا بە هەڵگیرسانی پریشکێکی دیکەی ناکۆکیەکان نادات و سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەربارەی عێراق و باشوری کوردستان لەگەڵ ئارامی و نەبوونی توندوتیژی و ئاڵۆزنەکردنی بارودۆخەکەیە، بۆیە لە روویەکەوە وروژاندنی ئەم پرسە لەم کاتەدا لۆژیکی نیە، گونجاوترین کارێک بکرێت بۆ ئەم قۆناغە دۆزینەوەی جێگرەوەکانە بە شێوەیەکی کاتی و سوربوونی کوردە لەسەر مادەی سەدو چل ، بە تایبەت هەنگاوی یەکەمی مادەکە، ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی دێموگرافی و کارگێڕی و ئەمنی ناوچەکە ، و هەڵگرتنی سەرژمێری و ریفراندۆم بۆ هەلومەرجێکی دیکە.
لە دەستوری نوێی عیراقدا مادەی ١٤٠ لە چوارچێوەو بەشی مادە گواستراوەکان(ئینتقالیەکان)دایە، بەو مانایەی پەیوەستە بە ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراوەوە ، دەبوو لەو ماوە زەمەنیە دیاریکراوەدا جێبەجێ بکرێت و ئەو کێشەو بابەتەی بووەتە مایەی دانانی ئەم مادەیە کۆتایی بێت ، بە هەمان شێوەی مادەکانی دیکەی ئەم بەشە ، بۆ نمونە مادەی ١٣٩ دانانی دووجێگر بۆ یەک خول یان مادەی ١٤٢ لیژنەیەک بۆ ئەنجامدانی کارێکی پیویست و ماوەیەکی دیاریکراو ،مادەی سەدو چلیش پەیوەستە بە کێشەیەکی دیاریکراو ، تا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت ، ئەو مادە دەستوریە هەر دەمێنێ و دەکرێ کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت ، ئەگەرچی لە قۆناغێکیشدا وەکو هەڵپەسێردراو یان سڕکردن بمێنێتەوە ،بە هۆی لەبار نەبوونی رەوشی جێبەجێکردنی ،بەلام لە رووی یاسایی ، بە هۆی ئەوەی یاساکە بۆ چارەسەرکردنی کیشەیەک دانراوە، تا ئەو کێشەیە چارەسەر نەبێت مادەکەش دەمێنێت و دەکرێ لە هەلومەرجێکدا جێبەجێ بکرێت.
هەروەکو دەزانین هەنگاوەکانی مادەی ١٤٠ بریتین لە سێ هەنگاو، هەنگاوی یەکەمی ئاسایی کردنەوەیە ، واتە گێڕانەوەی بارودۆخی دێموگرافی و کارگێڕی و ئاوەدانی ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان، بۆ بارودۆخی ئاسایی پێش دەستوێوەردان ،و بەکارهێنانی هێز ،و پیادەکردنی سیاسەتی شۆفینیستی عەرەبی لە ناوچەکە ،کە لە کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانەوە دەستی پێکردووە ، بە تایبەتی لە سایەی دەسەڵاتی هەندێک لەسەرکردەکانی حیزبی بەعس ،جارێک لە ١٩٦٣ و دوواتر لە ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣ ، بۆ نمونە:
- دەیان هەزار خێزانی کورد لە ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان دەرکراون و گواستراونەتەوە بۆ کۆمەڵگای زۆرەملێ لە پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی تا ئیستاش بەشێکی زۆریان نەگەڕاونەتەوە ،لە شوێنیان خێزانی عەرەبی نیشتەجێ کراون، بە پیی مادەکە دەبێ تەواوی هەردوولا بگەڕینەوە شوێنە رەسەنەکانی خۆیان و قەرەبوو بکرێنەوە ..
-هەزاران گوندو شارەدێی کورد روخێنراون ،ئیستاش بەشێکی زۆریان بە چۆڵەوانی ماونەتەوە ، زۆرجار دەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ پەناگەی گروپە تیرۆریستیەکان ، یان چاوتێبڕینی مەڕدارە عەرەبەکان بۆ تەعریبی نوێ و نیشتەجێبوون لەو ناوچە چۆڵکراوانە ، بە پێی مادەکە دەبوو ئاوەدان بکرێنەوە.
-دەیان هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی کورد دەستی بەسەرداگیراوە، تاپۆی گۆڕدراوە، لە زەویزاری تاپۆی کوردەوە خراوەتە سەر وەزارەتەکانی دارایی و سەربازی و شارەوانی و ناوخۆ ، تا ئیستا بەشێکی زۆری ئەو زەویانە بە فەرمی نەدراوەتەوە جوتیارە کوردەکان کە خاوەنی رەسەنی ئەو خاکەن، مامەڵەی پرژەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریان بۆ ناکرێت ، بە پێی مادەکە دەبوو ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنەوەو زەویەکان بە خاوەنەکانیان بدرێنەوە وەکو هەنگاوێک لە ئاسایی کردنەوە ..
-لە رووی کارگێڕیەوە دەیان قەزاو ناحیە بە سەرجەم گوندو ئاوەدانیەکانیانەوە لە کەرکوک دابڕێنراون ،و بەمەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی کورد لە پارێزگاکە ،خراونەتە سەر پارێزگاکانی دیکە، دەبێ نەخشەی کارگێری ناوچە کوردستانیە دابڕینراوەکان وەکو خۆی لێ بکرێتەوە ، پێش ١٩٦٨ چۆن بوو بەو شێوەیە دروست بکرێتەوە ، قەزاو ناحیە کوردنشینەکانی بخرێتەوە سەر کەرکوک ، تا ئیستا لە چوارچێوەی هەنگاوی یەکەمی مادەکەدا ئەمە نەکراوە.
-هەر بە پێی دەستوری عێراق دەبێ رێگا لە تەعریبی نوێ بگیرێت، ئیتر بە هیچ شێوەیەک رێگا بە گۆرانی دێموگرافی نەدرێت، هەر نیشتەجێبوونێک بە مەبەستی گۆرانی دێموگرافی بێت بە نایاسایی و پێچەوانەی دەستوری عێراق بدرێتە قەڵەم ، بکەرانی سزا بدرێن، ئەگەرچی بە هۆی بێکاری و ناکۆکۆکی و ململانێی سیاسی و مەزهەبی لە ناوچەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق ،بەبەردەوام خێزانە عەرەبەکان روو لە کەرکوک و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەن ، وەکو دۆخ و رووداوێکی مرۆیی پێشوازیان لێ دەکرێت ،ئەمەش مەترسی زۆری هەیە بۆ ئایندە ئەگەر ریوشوێنی پێویستی بۆ وەرنەگیرێت ، لە جیاتی ئاسایی کردنەوە دەبێتە هەڕەشەیەکی نوێ لەسەر داهاتووی ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان ..
دوواتر هەنگاوی دووەمی مادەی (١٤٠) سەرژمێری بکرێت ، وەکو ئامادە سازیەک بۆ هەنگاوی سێیەم پێویستی بە ئاماری دانیشتوانی ناوچەکە هەیە، ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بزانرێت و تۆمار بکرێت ، بۆ ئەوەی لەکاتی دەنگداندا رێژەی بەشداربووان بەراورد بکرێت .
هەنگاوی سییەم و کۆتایی بریتیە لە دەنگدان،بە شێوەیەکی دێموکراسی و مەدەنیانە دەنگ بۆ دیاریکردنی چارەنوسی ئەم ناوچانە بدرێت ، ئەمەش بە مانای جیابوونەوە لە عێراق و دەوڵەتی سەربەخۆی کورد نیە ، بەڵکو تەنیا داننانە بە مافێکی سەرەتایی کورددا کە لە چوارچێوەی عێراقدا،ئیدارەیەکی سەربەخۆی هەبێت لەو ناوچانەی کە بە پیی هەموو بەڵگە مێژوویی و مرۆیی و سروشتیەکان خاک و نیشتمانی نەتەوەیی خۆیەتی .
لە دۆخێکی لەم جۆرە کە تیایدا بە پێی دەستور چارەنوسی ناوچە کوردستانیە دابڕینراوەکان یەکلایی ناکرێتەوە ، کورد چی بکات باشە؟
ئەگەر زەمینە سازی بۆ رێکەوتنی کورد لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە بکرێت ،زۆر باشترو گونجاوترە لە رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقی لە بەغدا ، واتە کەمکردنەوەی فشار و دەستێوەردانی هێزەکانی دەرەوەی ناوچە کوردستانیە دابڕینراوەکان ،و زەمینە سازی بۆ بریاردانی خەڵکی ناوچەکە خۆیان لەسەر هەر شێوازێکی بەرێوەبردن .
پێویستە کورد لەگەڵ ناوەند هیچ رێکەوتنێکی درێژمەودا نەکات ،جگە لە جێبەجێکردنی مادەی سەدوچل، ئەگەر هەر رێکەوتنێکی کاتیش بکات پێویستە لە رێکەوتنەکە نوسرابێت ئەم رێکەوتنە بۆ زەمینەسازی جێبەجێکردنی مادەی سەدو چلە، بە تایبەتی هەنگاوی ئاساییکردنەوە ، نابێت گرفتی بۆ دروست بکرێت، ئەگەر ریفراندۆمەکەش ئەنجام نەدرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ناوچکە پێویستە کورد پێداگری لەسەر ئاساییکردنەوەو سڕینەوەی ئاسەواری ئەو ستەمە بکات کە بە درێژایی پەنجا شەست ساڵی رابردوو بەرامبەر کورد کراوە .
هەر سیناریۆیەکی دیکەبۆ بەرێوەبردنی ناوچە کوردستانیە دابڕینراوەکان بە زیانی کورد تەواو دەبێت، چارەسەری دەستوری کە لە مادەی سەدو چلدا هاتووە پەراوێز دەخرێت، ناوچەکە ئاسایی ناکرێتەوە ، ئاسایی نەکردنەوەش مانای بەردەوامی پرۆسەی تەعریبە ..