كورد بێ ئەجێندایەو هەریسەی حوكمڕانیی لەت لەتیكردوون
5/5/2026 4:43:00 PM
سهرتیپ جهوههر
دۆخی ئێستای كورد لەبەغدا لەهەموو خولەكانی پێشوو خراپترە. هەردوو پێكهاتە (شیعەو سوننە) هەریەكەیان لەدەوری چوارچێوەو هاوپەیمانێتیەكی تایبەت بەخۆیان كۆبونەتەوەو هەم ئەجێندایەكی كاركردنی هاوبەشیان هەیەو هەمیش بەركەوتەی خۆیان لە پلەو پۆست دەخەنە سەبەتەیەك و لەنێوان خۆیاندا دابەشی دەكەن! تەنها حزبە كوردستانیەكان نەبێت سەرلێشێواو وەك نەدیتكە و پەرتەوازەو بەدبەخت هەرحزبە بەجیا ئەم دەرگاو ئەو دەرگا دەكات و ململانێیەكی توندیانە لەپێناو هەریسەی حوكمڕانیی! كەس بیری پێویستیەكانی خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی دەستورو چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای نییە. تا رۆژی هەڵبژاردن موزایەدەو دروشمی كوردایەتیان وەك شاباش دەبەخشیەوە، ئەمڕۆ لەبەغدا بەتەنها شەڕی وەرگرتنی پلەو پۆستیانەو هیچیتر.
بەپێی زانیاریی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستپێشخەرییەكیان دەستپێكردووە بۆ لەیەكتر نزیككردنەوەی پارتی و یەكێتیی و حزبەكانی دیكەش لەپێناو رێككەوتن لەسەر پۆستەكانی بەغدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ! (خوا خێریان بنوسێت) ئەمە ئەو راستیەمان بۆ دەردەخات كە كورد جگە لە رەحمەتی مامجەلال هیچ سەركردەیەكی نەبووە و نییە ئیرادەی لێبوردەیی و كۆكردنەوەی هەمووانی هەبێت، هەروەك حزبەكانیش بەهۆی بەرژەوەندی حزبی و دەمارگیریی توانای وەلانانی ناكۆكییەكانیان نییە، ئەگینا چ لۆژیكێكە حزبەكانی هەرێم لەبەغدا (بۆ پچڕینەوەی بەشەخۆراك و بەشە هەریسە) لەگەڵ هەموو لایەنەكانی شیعەو سوننە دادەنیشن و كۆدەبنەوە، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەش كە كەركوك بەكوردستان نازانن! كەچی ئامادەنین بۆ یەكجاریش لەگەڵ یەكتر دانیشن و بەیەك ئەجێندای نیشتیمانیی بەشداری لەحكومەتدا بكەن و پێداویستیەكانی خەڵكی كوردستان ببەنە بەغدا.
ئەوەی زانراوە شیعە جێگرێكی سەرۆك وەزیران و چوار وەزارەتیان بۆ كورد داناوە. پارتی لەو پێنج پۆستە سەرەكییە داوای سێیانیان دەكات، واتە داوای جێگری سەرۆك وەزیران و دوو وەزارەتی كردووە. یەكێتیش داوای دوو وەزارەتی كردووەو ئەگەری بەهێز ئەوەیە یەكێكیانی بداتە نەوەی نوێ. حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنیش كە 10 كورسیان هەیە داوای وەزارەتێك دەكەن كە رەنگە وەزیری بێ وەزارەت یان وەزارەتی دەوڵەت وەرگرن.
جاران ناكۆكییەكانی كورد لەبەغدا، تەنها لەنێوانی پارتی و یەكێتیی بوو. ئێستا حزبەكانی موعارەزەشی هاتۆتەبان! لەمیدیاكان دەبینین هەر حزبەو لەكۆڵانێكە بەدوای پلەو پۆست و ئیمتیازدا وێڵ بووە! ئەوەی جێی سەرنجە، پارتی و یەكێتیی بەئاشكرا هەریەكەیان لەسەر ستونێكی سەنگەربەندیی یان هاوپەیمانێتیەكی بەغدا حیساب دەكرێن، كەچی مخابن بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنیش هەقیقەتی خۆیان دەرخستووەو وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت (ئێران) وا شەفاعەت و بێشەی وەرگرتنی پۆستیان بۆ دەكات! ئەو شینەی دەیانكرد بۆ هەریسەكەبوو نەك حەسەن و حوسێن.
بەهۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی چەترێكی كۆكەرەوە، كورد ئیرادەی سەپاندنی هیچ مەرجێكی بەسەر حكومەتی بەغدا نییەو نابێت، حزبەكانیش وەك ئاردی ناو دڕك بەتەنها هیچ كامیان ناتوانن نوێنەرایەتی گەلی كوردستان بكەن، ئەمەش دەرفەتێكی زۆرباشە بۆ بەغدا تا رۆڵی كورد زیاتر سنوردارو لاوازتر بكات.
بەپێی زانیاریی دەبێ تا پێش 15 حكومەتی عیراق لەپەرلەمان دەنگی لەسەر درا بێت، چونكە نزیكەی 60 پەرلەمانتاری لایەنەكان بەنیازی حەجكردنن، بەڵام بەدووریش نازانرێت چەند وەزیرێكی ئەم كابینەیە ئەگەر دوابكەوێت، بخرێتە دوای هاتنەوەی پەرلەمانتارەكان لەحەج، وەك چۆن لەچەند كابینەی رابردووش دەنگدانی چەند وەزارەتێك دواكەوتن.
.