د.فاروق قەرەداغی: سەردانی بەرپرسانی تورکیا بۆ سلێمانی نیشانەی گۆڕانکاریە لە تێڕوانینی تورکیا بەرامبەر پارێزگاکە
12:32 - 15/11/2026
زەمەن_هەواڵ
دکتۆر فاروق قەرەداغی، پسپۆڕی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق، سەردانە یەکلەدواییەکەکانی کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی تورکیا بۆ شاری سلێمانی بە نیشانەی کرانەوەی پەیوەندییەکان و گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە تێڕوانینی ئەو وڵاتە بەرامبەر شارەکە هەڵدەسەنگێنێت.
قەرەداغی، کە لە کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی و کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی یاوەری شاند و میوانەکانی تورکیا بووە، دەڵێت سەردانی ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، هەروەها سەردانی عەلی بابەجان، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لەم هەفتەیەدا، پەیامی سیاسیی گرنگیان هەڵگرتووە.
بەپێی شرۆڤەکانی دکتۆر فاروق قەرەداغی، داوودئۆغڵو لە سەردانەکەیدا بە ئازادی لەناو بازاڕی شاردا گەڕاوە، بەشداریی چالاکییە فیکری و سیاسییەکانی کردووە و تێکەڵی هاووڵاتییان بووە. بابەجانیش لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەدا، لە نێو رێستۆرانت و شوێنە گشتییەکانی بەرزاییەکانی سلێمانی دەرکەوتووە و لە نزیکەوە ئاشنای ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بووە.
قەرەداغی دەڵێت: “ئەم جووڵە دیپلۆماسییە بەردەوامانە وەک نیشانەیەکی زۆر ئەرێنی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی چەقبەستوویی سیاسی و هەنگاونان بەرەو ئاساییکردنەوەی تەواوەتیی پەیوەندییەکانی سلێمانی و تورکیا دەبینم”.
ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ میوانەکاندا، سەرسامیی ئەوانی بە ئاسایش، ئارامی، ئاوەدانی و دۆخی ژیان لە سلێمانی تێبینی کردووە. بە وتەی ئەو، هەندێک لە میوانەکان بە ڕاشکاوی خواستی خۆیان بۆ دووبارە سەردانکردنەوەی شارەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەربڕیوە.
لە هەڵسەنگاندنی قەرەداغیدا، ئەم سەردانانە بایەخی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی سلێمانی لە هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا دەخەنەڕوو و دەتوانن ببنە بنەمای قۆناغێکی نوێی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان.