7وتار

نەخۆشخانە و خوێندنگا ئەهلییەکان کۆمەڵگایان بەرەو شیواوی بردوە.

5/2/2026 12:31:00 PM
ڕەهێڵ دزەیی

بە تایبەت کردنی کەرت تەندروستی وپەروەردە بێ ئەوەی چاودێری بکرێن لەلایەن حکومەت، یان لە ڕێگای ناسراوەتی وبەرتیل بەخشین چاوپۆشیان  لێدەکرێت، لە کۆتایی بە زەرەری زۆری مادی و مەعنەوی هاوڵاتیان دشکێتەوە. 
تەنانەت لەم وڵاتانەی پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستن بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیەکانیان، کەرتی تەندروستی وپەروەردەیان بە کەرتی تایبەت نەداوە و لەلایەن حکومەت بەڕێوەدەچێ، لە ڕوانگەی گرنگی ئەم دوو کەرتە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی و دواڕۆژی هاوڵاتیەکانیان و کۆمەڵگاکەیان هەیە. 

لە هەرێمی کوردستان ئەم دوو کەرتە بەتەواوی دراوەتە کەرتی تایبەت، ئەمەش وایکردوە خاوەن نەخۆشخانەکان بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە لەگەڵ نەخۆش بکەن وقورساییەکی مادی زۆریان خستۆتە سەر نەخۆش، گرانی چارەسەرکردن وایکردوە ڕێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بێ بەش بن لە وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

خەمساردی و چاوپۆشی لەلایەن وەزارەتاکانی پەیوەست بەم دووکەرتە، وایکردوە ئەم دوو کەرتە لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری و ئەنجامدانی ئەرکە مرۆڤایەتیەکانیان بێ باک بن و تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆیان بکەنەوە، ببنە کۆمپانیایەکی پارە پەیداکردن و گوێ بە بەرژەوەندی گشتی نەدەن. 

بەشێکی تا ڕادەیەک زۆر لەم نەخۆشانەی گیان لەدەست دەدەن لە کەمتەرخەمی وکەم شارەزایی دکتۆر و کارمەندانی نەخۆشخانە تایبەتەکانن.

 نەخۆش کە هانا بۆ یەکێک لەم نەخۆشخانانە دەبات، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە حکومیەکان ئەو چارەسەرەی پێویستیەتی پێشکەشی ناکرێت، لەوێ زۆر بێ ویژدانانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هیچ چارەسەرێک بۆ نەخۆش ناکرێت تا پارەیەکی زۆر نەدات، لەگەڵ ئەوەی پارەیەکی زۆر وەردەگرن، بەلام بە ئیهمالیەکی زۆر بێباکی  و بە بێ ڕێزیی مامەڵە لەگەڵ نەخۆش و خانەوادەکەی دەکرێت.

 چەندین کەسی گرنگ و گەورە ڕویداوە لەم نەخۆشخانانە، بەشەکی زۆری بە لەدەستدانی نەخۆشەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام هیچ لێپرسینەوەیەکی ئەوتۆ نەکراوە ببێتە مایەی سڵ کردنەوە لەلایەن خاوەن نەخۆشخانەکان. 

مرۆڤ لێرە هیچ بەهایەکی بۆ داناندرێت، ئەوەتە لە نەخۆشخانەیەک بە خاوەن نەخۆش دەڵێن دوای ئەوەی ژنەکەی ژیانی لەدەستدا لە ئەنجامی کەمتەرخەمی کردن لە چارەسەرکردنی،(ئەو ژنە نا یەکێکی تر) وەک ئەوەی ئاژەڵ بێت و بیگۆڕیتەوە بە ئاژەڵێکی تر و هیچ هەست و بەهایەکی نەبێت. 

پێشەی پزیشکی پیشەیەکی گرنگ و بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی هەیە. لەکاتی تەواو کردنی کۆلێجی پزیشکی، خوێندکارەکان سوێندی ئەوە دەخۆن کە بە مرۆڤانە  و بە سۆزو ویژدانەوە مامەڵە لەگەڵ نەخۆش بکەن، بەلام بەداخەوە زۆربەی پزیشکەکان لە ئێستادا ئەم پیشەیە بۆ پارە پەیداکردن بەکاردەهێنن ودوورن لە هەستی مرۆڤدۆستی، ئەو سوێندەی خواردوویان لە کاتی تەواو کردنی کۆلێجی پزیشکی هەر لە یادیان نەماوە و باوەڕیان پێ نییە. 

هەر نیازێکی چاکسازی لە هەر حکومەتێک بکرێت بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا وپێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست کە شایستەی هاوڵاتیەکانی بێت، دەبێ لە کەرتی پەروەردە و فێرکردن وکەرت تەندروستی دەستپێبکات.

ئەو حکومەتانەی نەیانتوانییە سستمێکی باش و پێشکەوتوو لەم دوو کەرتە دابڕێژن و پەیرەوی بکەن لە حکومڕانیان، ئەوە بە حکومەتێکی سەرکەوتوو هەژمارناکرێت.


ڕەهێڵ دزەیی


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن