پایتەختی ڕۆشنبیری و جوگرافیای ڕۆشنبیری فاروق ڕەفیق لەنێوان ژیاندۆستی و مەرگ دۆستیدا
5/2/2026 12:30:00 PM
بەختیار نامیق
سلێمانی کە نازناوی ڕۆشنبیری وەردەگرێت لەسەر بناغەی بەرهەمەکانی هونەری و ئەدەبی و بوارە زانستیەکان بوە ، ئەم بەرهەمانە کە دەبنە پاشخانێکی ڕۆشنبیری پەیوەست نیە تەنها بە جوگرافیایەکەوە ، بەڵکو جوگرافیای ئەم ڕۆشنبیرییە جیاوازە لەگەڵ جوگرافیای سەر زەوی و سنوری شارەوانی بەڵکو ئەم جوگرافیایە سنوری نیە ، ئەڵبەت بۆ بەرهەمە جیهانییەکان سنوری زۆر فراوانە ، لێرەوە گوناهێکی گەورەیە ڕۆشنبیری سلێمانی بازنەیەکی جوگرافی بۆ بکێشیت و بڵێیت ئەمە سنوری ڕۆشنبیری سلێمانییە وەک سنوری شارەوانی ، بە پێچەوانەوە دەکرێت ڕۆشنبیری سلێمانی لە زۆر شوێن خۆی نمایش بکات ، وەک چۆن دەبینین وردە وردە نوسین و بوارە زانستییەکانی ناو سلێمانی نەک هەر چوار بەشەکەی کوردستان خەریکە ڕەهەندێکی جیهانیش وەردەگرێت بە نمونەی ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی و نوسینەکانی مەریوان قانع ، بەڵام کاتێک دەڵێین پایتەختی ڕۆشنبیری واتا ناوکی ئەم ڕۆشنبیرییە ، سەرزەمین و شارێک کە دەبێتە ڕۆشنبیریەکی بێ جوگرافیا .
بەدبەختیەکە لێرەوەیە کە سلێمانی لەڕوی ڕۆشنبیری سیاسی و حکومدارییەوە ناتوانێت ببێتە کۆکەرەوەی یەکێتیەکی ناوەکی ئەمەش پەیوەیستە بەو دابەشکارییەی کە وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی لە مێژوەوە تا ئێستا باشوریان دابەشکردوە ، هەر لە ئەمارەتاکانەوە تا ئێستای زۆنی سەوز و زەرد ، بەڵام جوگرافیای ڕۆشنبیری سلێمانی توانیویەتی سنورێکی گەورە ببڕێت کە سەنتەرەکەی پایەختەکەیەتی کە سلێمانییە.
لێرەوە ئەم دوو زۆنە کە ڕوە سیاسیەکە دابەش بوە بەسەر ئەجێندای دوو بلۆکی زلهێزی ناوچەییدا ، بەردەوام کار لەسەر ناشیرینکردنی یەکتر دەکەن وەک کارتی بەکارهێنراو ، بە مانایەکی تر دوو سەر زەمین لەباشور بوە بە موڵکی دوو حیزب ، کە حاڵەتە ترسناکەکە ئەمەیە کە پێوەرێک دابنرێت کە هەولێر و دهۆک هی پارتییەوە و سلێمانی و کەرکوک هی یەکێتیە لەم نێوەندەشدا دابەش ببێت بەسەر ژیاندۆستی و مەرگدۆستیدا ، واتا تۆ لە سلێمانی و کەرکوک بیت ژیاندۆستی و لە هەولێر و دهۆک بێت مەرگ دۆست بیت، وە بە پێچەوانەشەوە لە هەولێرەوە بێیتە سلێمانی یان کەرکوک پێوەری هەولێر و دهۆک وا وێنای بکات تۆ مەرگدۆستی ، ئەم بۆچون و پێوەرانە گواستەنەوەی جۆرێکە لە تەخوینی شەڕی براکوژی و گواستراوەتەوە بۆ ناو جەستەی ڕۆشنبیری کوردی لە باشور.
فاروق ڕەفیق بەدەر نیە لە ڕەخنە بەڵام مەرگدۆستی بڕا بە باڵایدا وەک ئەم پێوەری تەحوینکردنە چونکە لە سلێمانییەوە چوەتە هەولێر وێنەکاڵەکە بەمانی بونە پارتی و تەخوینکردنی بە تایبەت لە ڕێی بزاوتە ئیسلامییە دروستکراوەکانەوە ، ئەڵبەت ئەمە بۆ ڕۆشنبیرێکی هەولێریش هەر وایە بەڵام لە سلێمانیدا بە کاڵتر دەردەکەوێت چونکە سلێمانی حەوزەیەکە هەموو ڕۆشنبیرەکانی کورد و هەتا نەتەوەکانی تریشی لە ئامێز گرتوە.
بەداخەوە حیزبێک دروست نەبوە لەدەرەوی پارتی و یەکێتی دژی دابەشکاری تورکی و ئێرانی بێت ، زەمینەی زیاتر بڕەخستێک بۆ ڕۆشنبیری سلێمانی تا سنوری فراوانتر بێت ، فاروق ئەگەر چی هەڵەی زۆرە بەڵام بوە قوربانی ئەم دابەشکارییەی نێوان ژیاندۆستی و مەرگدۆستیە
ـــــــــ
تێبینی:جوانترین وتاری بۆ مەرگی فاروق ڕەفیق وتاری کاک هەڤاڵ ئەبوبەکر بو .