6وتار

ڕۆڵی پەروەردە لە دروستکردنی هەستی نەتەوایەتی

5/4/2026 12:35:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی

 (کەسێک کە هەستی نیشتمانی ونەتەوەیی نەبێت، وەک کەشتییەکە لە ناوەڕاستی دەریادا بێ کەشتیوان.  - سیمۆن بۆلیڤار-)

ئەمانەوێ ئەمجارە لە دەرگایەکی گرنگی ژیان بدەین، کە کڵۆم دراوە و کەم کەس لێی نزیک بۆتەوە، ئەویش هەستە، بۆ ئەوەی لە هەست بگەین و بزانین چیە؟ پێویستمان بە کەمێ ڕۆچوون هەیە، ئەوەیە کە دەکرێ و دەتوانرێت وەک ئەزموونی ناوەکی و دەروونی باس  بکرێت کە لە ڕێگەی هەستەوە دروست دەبێت. هەستەکان دەتوانن جۆرا و جۆر بن، وەک خۆشی، خەم، ترس، توڕەیی،....هتد.

هەست لە ڕووی فەلسەفیەوە چەمکێکی ئاڵۆز و فرەلایەنە،  فەیلەسۆفەکان بە شێوەی جیاواز لێی وردبوونەتەوە و ڕوانگەی جۆراوجۆریان لەسەری هەیە.

هەر بۆیە بۆچونی چەند فەیلەسوفێک لە سەر هەستەکان دەهێنینەوە، تا بەرچاومان کەمێ ڕوون بێت.

سەرەتا دێینە سەردیکارتی فەیلەسوف: ئەوهەستەکان وەک ڕێگەیەک  بۆ ناسینی دەرەوە وناوەوەی مرۆڤ دەبینێت، بەڵام گومان دەخاتە سەر ئەوەی هەموو جارێ ئەو هەستانە ڕاستگۆبن بۆیە لەوانەیە هەندێ جار فریودەریش بن.

بەڵام کانتی فەیلەسوف هەستەکان وەک ئەزموونێکی ناوەکی دەبینێت کە لە ڕێگەی هەستەوە دروست دەبن، بەڵام ئەوان لە بنەڕەتدا جیاوازن لەو هەست پێکراوانە وەکو خۆیان.

جۆن پۆڵ سارتەر: هەستەکان وەک هەڵبژاردەیەک دەبینێت کە مرۆڤ لە ڕێگەیەوە جیهان دەبینێت و تێیدا ژیان دەکات.

ئەوەی سەرەوە بەشێک بوو لە بۆچوونی فەیلەسوفان لەسەر هەست، دەکرێ بگەینە ئەو بۆچونەوی کە هەست یان هەستپێکردن،  یەکێکە لە ئاڵۆزترین و نامۆترینەکانی  ناخی مرۆڤ کە دەکرێ بە جوانترین لە لایەنەکانیش دابنرێت، کە پردێکە لە نێوان جیهانی دەرەوە و جیهانی ناوەوەیدا.

هەستپێکردن تەنها بینین یان بیستنی شتەکان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دەروونی و دەمارییە کە تێیدا مێشک زانیارییەکان لە ڕێگەی پێنج هەستە سەرەکییەکەوە وەردەگرێت و مانایان پێ دەبەخشێت. بۆ نموونە، بیستنی دەنگێک تەنها لەرە لەرە، بەڵام هەستپێکردن ئەوەیە کە مێشک پێمان دەڵێت ئەمە چ دەنگێکە؟ ئایا دەنگی بارانە،  یان  ئاوازێکی خەمناکە؟ .

 گەشە کردنی هەستەکان:
گەشەکردنی هەستەکان پرۆسەیەکی بەردەوامە و چەند قۆناغێک و فاکتەرێک دەگرێتەوە:

١. کاریگەریی ژینگەی یەکەم (خێزان):
یەکەمین ویستگەی بەریەککەوتنی  مرۆڤ  لەگەڵ  هەستەکانیدا لە منداڵییەوە دەست پێدەکات. شێوازی مامەڵەی دایباب و دەوروبەر لەگەڵ (گریان، پێکەنین، ترس) کاردەکاتە سەر ئەوەی کە ئایا ئەو تاکە لە داهاتوودا دەتوانێت گوزارشت لە هەستەکانی بکات یان دەیانشارێتەوە؟. 
٢. پەروەردە و فێربوون:
قۆناغەکانی  خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن، لێرەدا مرۆڤ فێر دەبێت چۆن هاوسۆزی  بۆ کەسانی دیکە هەبێت. خوێندنەوەی چیرۆک و شیعر و ئەدەبیات، یارمەتیدەرێکی بەهێزن بۆ ئەوەی مرۆڤ وشە بدۆزێتەوە بۆ ئەو هەستانەی لە ناخیدا پەنگ دەخۆنەوە.
٣. ئەزموونی ژیان و تێڕامان:
هەستەکان لە ڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیان (وەک سەرکەوتن، شکست، عەشق، یان لە دەستدان) قووڵتر دەبنەوە. گەشەی ڕاستەقینە کاتێک ڕوودەدات کە تاک دەست دەکات بە خۆناسین؛ واتە تێدەگات بۆچی لە شتێک توڕە دەبێت یان بۆچی دڵخۆش دەبێت؟.
٤. زمان و گوزارشتکردن:
هەرچەندە فەرهەنگی وشەیی تاک دەوڵەمەندتر بێت، توانای گەشەکردنی هەستەکانی زیاتر دەبێت. کاتێک دەتوانیت ناوی ورد بنێیت لە هەستەکانت (بۆ نموونە جیاوازی بکەیت لە نێوان دڵتەنگی و کامەرانی) ئەو کاتە هەستەکانت لە قۆناغێکی سەرەتاییەوە دەگۆڕێن بۆ قۆناغێکی هۆشیارانە.
٥. کاریگەری کۆمەڵگە و کولتوور:
کۆمەڵگە زۆرجار چوارچێوە بۆ هەستەکان دادەنێت.  گەشەکردنی هەست لە ناخی تاکدا بریتییە لە جەنگێکی بەردەوام لە نێوان ئەوەی کۆمەڵگە چی دەوێت و ناخی تاک خۆی  هەست بە چی دەکات؟.

دەکرێ بگەینە ئەوەی کە هەستەکان وەک تۆو وان، ژینگەی دەوروبەر ئاویان دەدات، بەڵام ئەوە  هۆشیاری و تێڕامانی  خودی تاکەکەیە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو هەستانە ببەنە دارێکی بەردار و هاوسەنگ.

ئینجا دێینە سەر پەروەردە، دیارە پەروەردە تەنها پڕۆسەی گواستنەوەی زانیاری و فێربوونی پیت و ژمارەکان نییە، بەڵکو پڕۆسەی دروستکردنی مرۆڤە. لەناو ئەم پڕۆسە ئاڵۆزەدا، هەستی نەتەوایەتی وەک ئەو گیانە وایە کە دەڕوێنرێت لە ناو ناخی نەوە بەنەوەی  ڕۆڵەکانی  گەل  بۆ ئەوەی بزانن کێن، لە کوێوە هاتوون و بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن؟.

هەنگاوەکانی دروست کردنی هەستی نیشتمانی لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا:
١-ناسنامە وەک بنەمای کەسایەتی:
منداڵان کاتێک لەسەر کورسییەکانی خوێندن دادەنیشن، پێویستیان بەوەیە هەست بە "بوون" بکەن. هەستی نەتەوایەتی ئەو ناسنامە بەهێزەی پێ دەبەخشێت کە ڕێگری دەکات لەوەی لەناو تەوژمەکانی جیهانیبووندا Globalization))بتوێتەوە. کاتێک پەروەردە لەسەر بنەمای مێژوو، زمان و کولتووری نەتەوەیی دادەمەزرێت، فێرخواز بە باوەڕبەخۆبوونێکی زیاترەوە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە.
٢. زمان؛ پارێزەری کولتوور:
لە پڕۆسەی پەروەردەدا، زمان تەنها ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو نیشتمانێکە کە نەوەکان تێیدا نیشتەجێ دەبن. پەروەردەکردنی منداڵ بە زمانی دایک و ئاشناکردنی بە ئەدەبیات و شیعر و فۆلکلۆری نەتەوەکەی، وای لێ دەکات کە وەک دارێکی ڕەگداکوتاو بێت؛ هەرچەندە باوبۆران وزریانی  دەرەوە بەهێز بن، ناتوانن لە ڕەگ و ڕیشەی هەڵبکەنن.
٣. بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان:
ئەو پەروەردەیەی هەستی نەتەوایەتی پشتگوێ دەخات، تەنها "مرۆڤی بێباک" بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەو پەروەردەیەی ئەم هەستە دەخاتە پێشینەی کارەکانی، "خەمخۆر و دڵسۆز" بۆ نیشتمان بەرهەم دەهێنێت. فێرخواز کاتێک فێری خۆشەویستی خاک دەبێت، لە داهاتوودا لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، بەرژەوەندی گشتی نەتەوەکەی دەخاتە پێش بەرژەوەندی تایبەتی خۆی.
٤. هاوسەنگی نێوان نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی:
هەستی نەتەوایەتی لە پەروەردەدا بە واتای ڕقبوونەوە لەوانی تر نییە، بەڵکو بە واتای خۆناسینە. مرۆڤ تا عاشقی نەتەوە و خاکی خۆی نەبێت، ناتوانێت ڕێز لە نەتەوەکانی تر و مرۆڤایەتی بەگشتی بگرێت. پەروەردەیەکی دروست ئەوەیە کە نەوەیەک پێبگەیەنێت شانازی بە کورد بوونی خۆیەوە بکات و لە هەمان کاتدا ئامادەی گفتوگۆ و پێکەوەژیان بێت لەگەڵ جیهانی دەرەوەی نەتەوەکەی خۆیدا.

تێبینی: بۆ نوسینی ئەم وتارە سودم لە چەند ماڵپەڕێکی عەرەبی وەرگرتووە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن