7وتار

زەیدی لەبەغداوە بۆ هەرێم

5/2/2026 12:32:00 PM
د.بەختیار شاوەیس

کاندیدی ڕاسپێراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق بریارە بگاتە هەرێم و گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی چۆنیەتی دروستکردنی کابینەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

عەلی زەیدی، ناوێکی ون لەدنیای سیاسەت و بەبێ پێشینەی مومارەسەی دەوڵەتداری ، هەروەک ناوێک چاوەرواننەکراو لەگرتنەدەستی ئەم پۆستە لەکاتێکدا ئەم ئەرکە گران و گرنگە وەردەگرێ کە ناوچەکە لەناو گێژاوی شەری ئێران- ئەمریکا و ئیسرائیل نەهاتوەتە دەرێ. 

ناوخۆی عیراقیش بەهۆی ئاسەواری لێکەوتەکانی جەنگ و داخرانی تەنگەی هورمز، هەروەها بەهۆکاری کەڵەکەبوونی کارە تەواونەکراوەکانی حکومەتی سودانی لەبەردەم ئاستەنگی فرە رەهەندی دارایی خۆی دەبینێتەوە.

بەمانایەکی تر، کاندیدە گەنجەکەی شیعەکان لەقوڵایدا کەباکگراوندێکی ئابووری و بزنسمانێکی ناسراوە ، پێویستە راستەوخۆ رووبەرووی ئاستەنگە ئابووریەکان بێتەوە ئەمە سەرباری ئاستەنگی ئەمنی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ میلشیا و گروپە چەکدارەکان کەبەشێکیان خاوەنی کورسی پەرلەمانین و دەیانەوێ بەشداری بکەن لەکابینەی نوێدا.

جیا لەم رەهەندە، خاڵی بەهێزی عەلی زەیدی ئەو پێشوازی و پشتیوانیە فراوانەیە کەلەهەموو لایەکەوە لێیکراوە ، بەجۆرێک کەلەمێژووی سەرۆک وەزیرانی رابردووی عیراق هەر لە جەعفەری و مالکیەوە بۆ عەبادی و عادل عەبدولمەهدی و کازمی و سودانی هیچ کامیان بەم شکڵ و شێوازە لەلایەن ئەمریکا و ئیران و وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و دەوڵەتانی ئەوروپا ، بەوخێراییە کاردانەوەی پۆزەتیڤیان لەسەر کاندیدکردنەکە نەبووە. بەچەشنێک ئەگەر دیدگای ئەمریکیەکان بەراورد بکەین ئەوا ترەمپ لەماوەی هەردوو خولی سەرۆکایەتیەکەی لەکۆشکی سپی ئامادە نەبوو پێشوازی لەهیچ کام لەسەرۆک وەزیرانی پێشتر بکات بەڵام ئێستا وەک هاورێ باسی زەیدی دەکات و بەرلەدەستبەکاربوونی داوای لێدەکات کەسەردانی کۆشکە سپیەکە بکات لەواشنتن.( جگە لە ناردنی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری پارەی عیراق لەئەمریکاوە، کەماوەی دوو هەفتە دەستی بەسەرداگیرابوو ) 

لەئاستە عیراقیەکەشدا ، پێدەچێ بازەکە زۆر بەجوانی لەسەر شانی عەلی زەیدی نیشتبێتەوە. ئەوەتا هەر لەسەرەتای راسپاردنی جگە لەکۆدەنگی سەرکردەکانی چوارچێوەی شیعی، زۆرینەی لایەنە عیراقیەکان بەکورد و سونە و تورکمان و مەسیحی پێشبرکێیانە لەسەر ناردنی پەیامی پیرۆزبایی و پشتیوانی.

لەم نێوەندەدا، کەمێکی دیکە زەیدی دەگاتە هەرێم ، ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لەدۆخێکی ناکۆکی توند لەناوخۆ و لەگەڵ دەرەوە دەژی. کاتێکە کە لەهەرێم پەرلەمان پەکخراوە، حکومەت چوار ساڵە کاربەرێکەرە، لەبەغداد پارتی پەرلەمان و حکومەتی عیراقی بایکۆت کردوە و هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردی نەماوە. کێشەی موچە و بودجە سەرباری قەیرانە موزمینەکانی رابردوو لە ناکۆکی دەستووری و سیاسی و نەتەوەیی و ئیداریی هەر وەک خۆیان ماونەتەوە.

پرسیاری کۆتایی: عەلی زەیدی بەو پشتیوانیە فرە رەهەندەوە دێتە هەرێم، بەڵام بەم دۆخە بیمارەی ناوخۆ  کورد تا چەند و چی لەبەرهەمی ئەم سەردانە دەچنێتەوە؟! 
با چاوەروان بین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن