هەواڵێكی ناخۆش بۆ كورد
02:00 - 30/04/2026
زەمەن_هەواڵ
موراد قەرەیلان ڕایگەیاند: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا وەستێندراوە و دوو مەرجیش بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆسەکە دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٦، موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکرد، دەسەڵاتی تورکیا بە ئاراستەی چارەسەری پرسی کورد و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی هیچ هەنگاوێکی روونی نەناوە و بەردەوامە لە سەپاندنی ئیرادەی تەسلیمکردن، هەربۆیە پرۆسەکە وەستێندراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوایین جار لە 27 ی ئادار شاندێکی دەوڵەتی تورکیا و دەم پارتی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان کردووە و دیدارێکی تێر و تسەلیان ئەنجامداوە و ئەوەش هیوا و چاوەڕوانییەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام هێندەی درکی پێکراوە، ئەو بابەتانەی لەو دیدارەدا خراونەتەڕوو و ئەو ئەنجامانەی دوای ئەوە هاتنە ئاراوە، وای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە، کە پرۆسەکە هەڵپەسێرن و رایبگرن.
قەرەیلان باسی لەوەش کردووە، کە بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆسە راگیراوەکە، دەبێت یەکەم رێگە لە بەردەم ئۆجەلان بکرێتەوە بە تەواوەتی رۆڵی خۆی بگێرێت و دواتریش هەنگاو و رێکاری یاسایی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و چارەسەری پرسی کورد بگیرێتەبەر.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو عەبدوڵا ئۆجەلان لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی راگەیاند، لەلایەن حزبەکەیەوە هەردوو هەنگاوەکە نران، بەڵام بەرپرسانی کورد بەردەوام باس لەوەدەکەن ئەنقەرە ئەرکەکانی خۆی لەو پرۆسەدا بەجێنەگەیاندووە.
هەروەها، حکومەتی ئەنقەرە پرۆسەکە وەک "تورکیای بێ تیرۆر" ناودێر دەکەن و لە رۆژانی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە، دەست بە هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەکە بکرێت.