دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ گەلانی ئێران دەسەڵاتی مەزهەبی و طائیفی رەتدەکەنەوە …!
10/17/2022 11:46:00 AM
عەلی شەریف
ئاکامی هەموو دەوڵەت و قەوارە ستەمکار و گشتگیر و شۆڤینیەکان ، لە ناوچون و هەرەس و روخانە .
دوای ئەزمونێکی دورودرێژی ٤٣ ساڵەی دەسەڵاتی مەزهەبی و طائیفی لەئێراندا شکست دەهێنێت و لەلایەن گەلانی ئێرانەوە شێوە و سیستەمێکی سیاسی و حوکمڕانیەکی ئاوا رەتدەکرێتەوە و خەڵک لە پێناو ئازادی و فرەیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و کلتوری رژاونەتە سەر شەقامەکان .
یەکێ لە کەموکورتیە سەرەکیەکانی دەوڵەتی ئاینی و مەزهەبی ئەوەیە کە گەلان بێ شوناس و بێ کلتور و رۆشنبیری دەکات و لەجێگەیدا شوناس و رۆشنبیری ئایدیۆلۆژی ئاینی خۆی دەسەپێنێ و ئیرادەی گەل لە ئیرادەی دەسەڵاتی سەپاوی خۆیدا دەتوێنێتەوە .
دەکرێ ئەم بارودۆخەی کەلە ئەنجامی دەسەڵاتی سیستەم و ئایدیۆلۆژی ئاینی لە ئێراندا کەوتۆتەوە ئەم چەند راستیە هەڵێنجین ؛
١- سیستمە داخراو و ئایدیۆلۆژیە سەپێنراوەکان ، ناتوانن خۆیان لەبەر باهۆز و هەژمونی کرانەوە و فرەیی وخەسڵەتە باو و دیارەکانی دەوڵەتی تازەدا رابگرن .
٢- ئەرک و پەیامی دەوڵەت مرۆڤایەتی و هاوڵاتی بوونە نەک بەرهەمهێنانی کەسێتی باوەڕدار .
٣- رۆڵی دەوڵەت پاراستن و پارێزگاری کردنە لەخەڵک نەک پاراستنی بیرو باوەڕێکی دیاریکراو .
٤- ئەرک و وەزیفەی دەوڵەت ئەوەنیە جیاکاری بکات و بماننێرێت بۆ بەهەشت یا دۆزەخ ، بەڵکو رۆڵ و گرنگی دەوڵەت لەوەدایە ژیانێکی شەرەفمەندانە لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری دابین بکات و مافی تەندروستی و خوێندن و نیشتەجێ بوون بۆ خەڵک فەراهەم بکات .
٥- ماف سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و کلتوریەکانی سەرجەم گەلان و پێکهاتەکان بێ جیاوازی بسەلمێنێ و پایەکانی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکات .