کۆچ ... یا راکردن لە نیشتیمان .
11/12/2021 12:36:00 PM
عەلی شەریف
یا ئەبێ سەروەت و سامان بگەیەنرێتە هەمو خەڵک یا خەڵک خۆی هەوڵدەدات بگاتە ئەو شوێنانەی کە سەروەت وسامانی تیا کەڵەکە بوە !
دیاردەی کۆچ و ، رەوی بەکۆمەڵی گەنجان و هەڵاتن لە نیشتیمان دوو بابەتن پەیوەندی توندوتۆڵیان بەکایەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە هەیە ، جاری وایە تەنها هۆکاری سیاسی و هەندێ جاریش چەند هۆکارێک بەیەکەوە ئەبنە هۆی کۆچکردن و جێهێشتنی نیشتیمان .
لە مێژوودا چەندین کۆچی بەکۆمەڵ و کۆرەوی میللی روویداوە ، لە دوای روخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە نەوەتەکانی سەدەی رابردو و کرانەوەی زیاتر و کاڵبونەوەی سنورەکان و گەشەکردنی بازاڕ و بازرگانی جیهانی و پێشکەوتنی ئامرازو هۆکارەکانی پەیوەندی وگەیاندن و جیهانگیری و تێکەڵ بونی شارستانیەتەکان … دیاردەی کۆچکردنی لە ناوچە پڕ کێشە و هەژار و دواکەوتوەکاندا بەرەو وڵاتە پێشکەوتو خاوەن پیشەسازی و سەرمایەکان زیاتر کرد و تائێستا ئەم دیاردەیە بەشێوازی جیاو لە رێگەی جیاجیاوە زیاتر وپەرەی زۆرتر سەندوە کە لەکاتی ئێستادا بوە بەکێشە بۆ چەندین وڵاتی ئەوروپی ..
کورد یەکێکە لەو نەتەوە دیارانەی بەهۆی داگیرودابەشکردنی خاکەکەیەوە لەدێرزەمانەوە دەستوپەنجەی لەگەڵ ژیانی ئاوارەیی و پەڕاگەندەیی نەرمکردوە ، ئەگەر نەی توانیبێ سنورە نێودەوڵەتیەکانیش ببڕێ ئەوا لە ناو کوردستانی گەورەو پارچەکانیدا لەدەست رژێمە ستەمگەر و شۆڤینی نەتەوەی سەردەست لە پارچەیەکی نیشتیمانەکەی پەڕوەتە پارچەیەکی تری!
لەم چەند ساڵەی راپەرین و پرۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە بەهۆی گرفت و کێشەی سیاسی و ئەدای دەسەڵات وشڵەژانی بارودخی ئەمنی و ناکۆکیە ناوخۆییەکانەوە لەتەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دیاردەی کۆچی بەقاچاغ بۆ دەرەوە و بەتایبەتیش بۆ ئەوروپا گەورەتر لەقەوارەی خۆی وەک دیارەدەیەکی ئاسایی دەبینرێ کە هۆکاری بنچینەی ئەم راکردن و کۆچە بەکۆمەڵەش زیاتر بۆ ستەمکاری و قورخکاریەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە .
کۆچ ، کۆمەڵێ هۆکاری بابەتی و خۆیی ، ناوخۆیی و دەرەکی هەیە ، هەندێ جار و لەهەندێ شوێن بارودۆخی سیاسی و لە هەندێ جاریشدا هۆکاری ئابوری فاکتەری سەرەکی کۆچی خەڵک بوە ، زۆر جاریش کۆمەڵێ هۆکار بەیەکەوە ئەبنە هۆکاری کۆچ .
لەگرنگترین هۆکارە دیارەکانی کۆچ ؛
١- هۆکاری سیاسی ؛
رەوشی سیاسی و سروشتی دەسەڵاتی سیاسی بەیەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکانی دیاردەی کۆچ و هەڵاتنی خەڵک لە نیشتیمان دادەنرێت ، کەئەکرێ لەم خاڵانەدا وردبکرێتەوە :
ێ- نەبونی هەندێ مافی بنچینەیی سیاسی .
ب- بونی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵاتی .
ج- لەدەستدانی مافی پراکتیزەکردنی هەندێ لە مافە ئازادیەکان و ئازادی گشتی .
د- هەست نەکردن بەدڵنیایی .
ه- شەڕ و ئاژاوەی بەردەوامی ناوخۆیی ، نەبینی هیچ هیوایەک بۆ کۆتایی هێنان بەودۆخەو باش بونی .
٢- هۆکاری ئابوری ؛
دوای هۆکاری سیاسی فاکتەری ئابوری هۆکارێکی بنچینەیی کۆچکردنی خەڵک و گەڕانە بەدوای ژیانێکی باشتردا ، هەندێ لە نوسەرو توێژەر لەم بارەیەوە دەربارەی دیاردەی کۆچ « فجوە الرفاهیە » بۆشایی خۆشگوزەرانی گەورە لە نێوان دەوڵەتە پیشەسازی پێشکەوتوەکان و بەبەراورد بە ناوچە دواکەوت و کەمتر پێشکەوتوەکان بەدی ئەکەن کە خەڵک بەهۆی کەم دەرامەتی و هەژاریەوە ناتوانن ژیانێکی گونجاو و دوارۆژێک بۆخۆیان دابین بکەن وبەتایبەتی ئەوکۆمەڵەی کە تەمەنیان لەنێوان ( ٢٠ بۆ ٣٩ ) ساڵدایە زیاتر ئەم کێشەیە وایان لێ دەکات کە بریاری کۆچکردن بدەن .
«الفرید سۆفی » زانای دیموگرافی گەورەی فەرەنسی ئەڵێ ؛ یا ئەبێ سەروەت و سامان بگەیەنرێتە هەمو خەڵک ، یا ئەوەتا خەڵک خۆی هەوڵ دەدات بگاتە ئەو جێگایانەی کە سەروەت و سامانی لێ کەڵەکە بوە !
هۆکاری قەیرانی ئابوریش لەم خاڵانەدا دەرئەکەوێت ئەبنە فاکتەر بۆ رەو کردنی خەڵک و ئاوارە بون :
ێ- دەستبەسەراگرتنی بازاڕ و بازرگانی و قوتی ژیانی خەڵک لەلەیەن دەسەڵاتی سیاسیەوە بەئامانجی مل کەچ پێکردنی خەڵک و بەدەستهێنانی ولائی زۆرترین خەڵک .
ب- دابەزینی ئاستی بژێوی خەڵک و سەختی ژیان .
ج- نەرەخساندنی هەلی کار و دەرفەتی یەکسان لەبەردەم هاوڵاتیاندا بەبێ جیاوازی ،و بونی رێژەیەکی بەرزی بێکاری و بێ ئیشوکارکەوتنی خەڵک .
د- بوونی تموح و خەون و خولیای ژیانێکی خۆش و پڕ دڵنیایی بەتایبەتی لە نێو توێژی گەنج و لاواندا .
ە- بونی وێنەیەکی سەرکەوتوانەی باری ئابوری و کۆمەڵایەتی بەتایبەتی لە ئەوروپا ، کەبۆتە فاکتەرێکی کێشکردن و راکێشانی خەڵک .
٣- هۆکاری کۆمەڵایەتی .
جیاوازی و نەریتی سەپاوی باوی کۆمەڵایەتی و گرف و کێشەو پەیوەندیە ئاڵۆز و کۆتو پەێوەندە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان ،دۆخێکی تارادەیەک گرانی خستۆتە سەر تاکەکان و بەرپرسیاریەتیەکی قورسی لێکەوتۆتەوە و تاک لەناو دودڵی و دڵەڕاوکێیەکی بێزارکەردا و لە چوارچێوەیەکی تەسک و بچوک لەقاڵب دراوە کە رووبوروی جیاوازی و بۆشاییەکی دەرونی و جەستەیی گەورە بۆتەوە لەنێوان ئەوەی کە هەیە و لەگەڵ ئەوەی کەئەو نیەتی و دوورە لێیەوە .!
زۆر جارتاک بەتایبەتی گەنج و ئەوانەی قۆناغێکی زانستی یا زانکۆیان تەواو کردوە و رووبەروی دڵرەقی ژیان و ئەو واقیعە دژە دەبێتەوە کە پێچەوانەی خەون و هیواکانی ئەوە بوە و رۆژگارێک کۆمەڵێ ئامانج و ئومێد و پلانی بۆی هەبوە و ئێستا هیچ زەمینەیەکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی نابێنێ ، ژینگەیەک نابێنێ کە ئەو ساڵانێک لە ناو ناخ و هزری خۆیدا بە سەدان خەون و خولیا و خەیاڵی رەنگاو رەنگ رازاندویەتیەوە ، ئەم گەنجە ، تاکی کۆمەڵگایە زۆر جار ناچاربوە لە دەرەوەی خەیاڵ و خولیا و تایبەتمەندی خۆی بە کرێیەکی کەمی رۆژانە کار بکات گەرچی لەزۆر حاڵەتدا کەم جارهەیە بڕێکی پێ پاشەکەوت کرابێ .
بۆیە ژینگەی کۆمەڵایەتی وئەو جیاوازیە کۆمەڵایەتی و چینایەتی و پێگە کۆمەڵاتیەیانەی کە هەیەو دوور کەوتنەوەو لێکترازان و کاڵکردنەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و لەوێشەوەبۆ پەرتبون و ونبونی ئینتیماکان و بەتایبەتی ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیی کە هۆکاری گەورەو سەرەکین لە جێهێشتن و راکردن لەو ژینگە و نیشتیمانە دادەنرێت .
فەلسەفەی سیاسی دەسەڵات و ئەودەرئەنجامانەی کەلە پرۆسەی سیاسی و سیاسەتی ئابوری و نەبوونی پلان و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی کەوتۆتەوە ، هۆکاری بنچینەیی هەمو ئەو دیاردە ناسروشتی و کارەساتە جەرگبڕانەیە کە بەسەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی گەنجان کە هێزی سامانی مرۆیی پێک ئەهێنن وبە بەهاترین سامانی نیشتیمانی دائەنرێت .