بەهای حەقیقی و بەهای أعتباری
9/25/2023 4:01:00 PM
عەلی شەریف
لە پەراوێزی یادی 6 شەش ساڵەی ریفراندۆمدا ، داڕمانی بەردەوام لە قەوارەی هەرێمدا .
بازنەیەک ، یا ئەموستیلەیەکی زێڕ ئەگەر بیکەیت بە زیاتر لە ١٠ پارچە شەوە و بتەوێ بیفرۆشێت هەر بەشەی بەهای تایبەتی خۆی هەیە و دەکرێ مامەڵەی پێوەبکەن چونکە زێڕبەهاکەی لەخۆیدا و هی خۆیەتی .
بەلاَم دراوی کاغەز ، ئەو پارەیەی کەڕۆژانە خەڵک بەکاری دەهێنێت ، ئەگەر بیکەیت بەچەند پارچەیەک ئەوە هیچ کام لەو پارچانە بەتەنها بەهای نامێنێت و مامەڵەی پێوە ناکرێت و بەها رەمزیەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ پارچە کاغەزێکی ئاسایی ، چونکە دراوی کاغەزی بەهای زاتی خۆی نیە ، بەڵکو بەهایەکی رەمزی یا أعتباری هەیە کە دەوڵەت باربووی دەکات و هەرکاتێ ئەو أعتبارەی کە پێیدراوە لەدەستی دا ، ئەوکات دراوەکەش بەها رەمزی و أعتباریەکەی خۆی لەدەست دەدات .!
هەرێمی کوردستان ، پێش قۆناغی ریفراندۆم ( ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ) ؛ هەرێمی خاوەن هەیبەت و پێگەی سیاسی و سەربازی و جوگرافی گرنگی خۆی بوو ، قەوارەیەک بوو خاوەنی هێزێکی دیاری سەربازی خۆی بوو ، خاوەنی سوپایەکی سەرکوتوی جەنگ بوو ، هێزی پێشمەرگە رەمزیەک و قودسیەتی تایبەتی خۆی بەدەست هێنابوو ، کوردستان ببوە پێگەیەکی مەکۆیی و دپلۆماسی گرنگ و گەلان و دەولەتان و رێکخراوە هەمەجۆر و فرە رەهەندەکان .!
سێ لە پێنج دەولەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکان و زۆربەی دەولەتانی ئەوروپی و پیشەسازیە گرنگەکانی دنیا پشتیوان و پشگیری سیاسەت و قەوارەی دیفاکتۆ هەرێمی کوردستانیان ئەکرد و لەسەر ئاستی سەرۆکی دەولەتان و حکومەت پێشوازی لە بەرپرسانی هەرێم و حکومەتەکەی دەکرا و لە پەیوەندیە سیاسیە نێو دەولەتیەکاندا وەک دەولەت کە تاکە بکەری چالاکە لەپەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا مامەلە لەگەڵ قەوارەی ٦ کوردستان و بەرپرسەکانی هەرێمدا ئەکرا .
هەرێم واقیعێکی رەمزی ، أعتبارێکی نێودەوڵەتی دیارو گرنگی لەپێش ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم دا بەدەست هێنابوو ، کە بەهایەکی باڵای هاوشێوەی دەولەتی دیفاکتۆیوەرگرتبوو وە قۆناغێکی گەورەی ، بەردێکی گرنگی لە بناغەی پێکهێنانی دەولەتی نەتەوەیی دانابو کە دەکرا وەک هیوای تەلار خەونی لەمێژینەی دەولەتی نەتەوەیی کورد سەیر کرابا ..!.
پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەتایبەتی لە مانگی ئەیلولدا هەولێکی دپلۆماسی چڕ و پڕی نێودەولەتی و ناوچەیی و نێوخۆیی هاتەئاراوە وکۆبونەوەی چڕیان لەگەل سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران یان ئەنجامدا ،لە دیارترین ئەو سەردان و هەولە نێودەوڵەتیانەدا کۆبونەوەی رۆژی ١٤ی ئەیلوی ٢٠١٧ بو کەلەنێوان هەریەک لە سەرۆکی هەرێم و برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و یان کۆبیچ نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ودوگلاس سیلیمان باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق و فڕانک بیکری نوێنەری حکومەتی بەریتانیا لە عێراق.
لەو کۆبوونەوەیەدا وەفدی نێودەولەتی پێشنیاری بەدیلیان بۆ ریفراندۆم خستە بەردەم سەرۆکی هەرێم و گەلێ بۆچون و بیروڕا سەبارەت بە داهاتوی هەریم و دۆزی رەوای کورد لە ناوچەکە و رۆژهەلاتی ناوەراستدا باسوخواسی گەرمی لەسەر کراو و هاوکاری و پشتیوانی نێودەولەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی بۆ هەرێم دووپات کرایەوە.
وە لە بەرواری ١٨ی ئەیلولی ٢٠١٧ هەفتەیک پێش ڕۆژی ریفراندۆم وەزیری دەروەی ئەمەریکا " تیلرسن " پەیامێکی نوسرای ئاراستەی سەرۆکی هەرێم کرد کە لەناوەندەکانی راگەیاندندا وەک بەڵگەنامە یەکی مێژوویی دەنگی دایەوە و ناوەڕۆکی گرنگی لەخۆگرتبوو کە ئەڵێ : ( ئێمە ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکین بۆ جێ بەجێکردنی پڕۆژەی بەدیلی پێشنیارکراو کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی هەموو جۆرە هاریکاریەک بکرێ بۆ ئەو پرۆسەیە و وەئێمە و هاوبەشەسەرەکیەکانمان لە هەریەک لە نوێنەری بەریتانیاو فەرەنسا داواتان لێ دەکەین کە ئەو دەرفەتە هەڵکەوتوە لەدەست مەدەن و پڕۆژەی بەدیلی پێشنیار کراو قبوڵ بکەن لەبری ریفراندۆم ، چونکە بەڕای ئێمە ئەو ریفراندۆمە ئەنجامی مەترسیداری دەبێت و دەرێ ئەنجامەکانیشی ئێوە دەگێڕێتەوە بۆ دواوە .) !
هەروەها لە کۆبونەوەی دوو شەممەی ڕێکەوتی ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٧ نێوان سەرۆکی هەرێم كاك " مەسعود بارزانی " وەزیری بەرگری دەولەتی بەریتانیا " مایکل فالۆن " و باڵوێزی بەریتانیاو وەفدێکی گەورەی شارەزای سەربازی و دیپلۆماسی بەریتانی کە یاوەری وەزیر بون جارێکی تر دەربارەی پڕۆژەی بەدیلی ریفراندۆم گفتوگۆی چڕ ئەنجامدرا کە زیاتر دەربارەی گفتۆگۆ وسەربەخۆیی هەرێم بوو ، دواتر سەرۆکی هەرێم بەلێنی پێدان کە پێش ریفراندۆم وەڵامیان بداتەوە .
وە هەر سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم وەزیری دەروەی فەرەنساش " جان ایف لۆدریان " وتی ؛ کات کونجاو نیە بۆ ئەنجام دانی ریفراندۆم .
هەرێمی کوردستان ، قەوارەیەکی رەمزی ، دۆخێکی دیفاکتۆی بۆخۆی بنیات نابو ، کەم تا زۆر وەهەر بکەرێکی چالاکی نێودەوڵەتی ڕەفتاری دەکردو هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرا ، کۆی پرۆسەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و دۆخی نێوخۆیی هەرێم تاڕادەیەکی باش هاوشان و هاوئاهەنگی گونجاوی لەگەل دا هەبوو ، وەک کارەکتەرێکی کاریگەرو سەرکەوتوو لەبەرامبەر شەڕی دژی داعش و هاوکار و هاوبەشێکی ستراتیژی هاوپەیمانەکان دەرکەوتبوو ، پێگە و ناوبانگێکی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی گەورەو هاوسۆزیی قوڵی گەلانی و ئەوروپی و ئەمەریکی بۆخۆی دەستەبەر کردبوو ، دوای شەڕی داعش و لێ دەرچوونی کورد لەو پرۆسەیە سەختەدا کە بەقوربانی گیانی هەزاران رۆلەی کورد تۆمارکرا.
ئەم دەرئەنجامە بەدەستهێنراو لێکەوتە کاریگەرانە أعتبارێکی گەورەی بەهەرێم بەخشی بو ، بەجۆرێک کە چاوی گرنگی پێدان و پێگەی دیپلۆماسی و شکۆی سەرکەوتوی هەرێم لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە عێراقدا بەتایبەتی ، زیاتر لەسەر هەرێم و قەوارەکەی بو نەک دەوڵەتی عێراق . !
قۆناغی پێش ریفراندۆم و سەردەمی دوای ریفراندۆم هێلی جیاکەرەوەی نێوان دوو مێژوون ، دوو سەردەم و دوو مێژووی زۆر لێک جیاواز ، سەردەمی پێش ریفراندۆم دەشێ ببوایە بە سەردەمی قۆناغی شوڕشی بەردەوام ، شۆڕشێک کە سەبوری بە ماڵوێرانی و تراژیدیای مێژوویی گەلێک بدات ،
دەشێ بمانتوانیایە و بکرایە ئەم باها أعتباریە رەمزیە گرنگە دیفاکتۆیە بگۆڕین بە بەها ی خۆیی حەقیقی و بڵێسەیەک باین بۆ شەوەزەنگی زیاتر لە ٤٠ ملێون کوردی بێ ئاڵا ...
بەداخەوە کە ریفراندۆم ئەو بەها رەمزیە و ئەو أعتبارە گرنگ و گەورەیەی لێ دڕاندنین و شانوشکۆی هەرێم و خاک و نیشتمان و پێشمەرگە و هەیبەتی جوامێری و بەگژداچوونەوەی شکاندین..
تێبینی :
هێشتا ناوەڕۆکی نامەکەی " تیلرسن " وەزیری دەروەی ئەمەریکا کە پڕۆژەی بەدیلی پێشنیارکراو بو بۆ ریفراندۆم نەخراوە تەروو ، تائێستا تاکی کوردی هیچ لەبارەی ناوەڕۆک و گرنگی ئەم پەیامە نێودەوڵەتیە نازانێ !