عەرەبی فەلەستینی لە ١٩٤٧ و کورد لە باشور لە٢٠١٧ دا
5/30/2022 6:07:00 PM
عەلی شەریف
گوێ لە "
جەنین پلاسخارت " بگرن !.
عەرەب باوەڕێکی
هەیە کە بریارەکان لەسەر بنەمای ئەوە وەرناگرن کە چەند باشە بۆیان ، بەڵکو لەسەر ئەوە
کە چەند خراپە بۆ ئەوان !
ئەگەر بەخێرایی
چاوێ بە مێژووی خەبات و وێستگەکانی بزوتنەوەی رزگاری نیشتیمانی گەلەکەماندا بگێڕین
، بە بۆچوونی من ئەو قسەیە بۆ ئێمەی کوردیش راستە !
لەم رۆژانەدا
وتارێکی نوسەر ( رضوان طلعت ) م لەسەر بیرەوەریەکانی ( جوڵدا مائیر ) سەرۆک وەزیرانی
پێشوی ئیسرائیل خوێندەوە کە باسی نارازیبوونی لایەنی فەلەستینی کرد لە ساڵی ١٩٤٧ لە
دابەشکردنی خاکی فەلەستین بۆ دوو دەوڵەت .
جۆڵدا مائیر لە
بیرەوەریەکانیدا نوسیویەتی؛
کاتێ کە نەتەوە
یەکگرتوەکان بەپێی بڕیاری ژمارە ١٨١ ساڵی ١٩٤٧ بریاری دابەشکردنی خاکی فەلەستینی
دا بۆ دوو دەوڵەتی ( دەوڵەتی فەلەستینی عەرەبی و دەوڵەتی ئیسرائیل ) کە ( هەردوو
زلهێزی براوەی جەنگی دووەمی جیهانی یەکێتی سۆڤیەت و ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاش
رەزامەندبون لەسەر ئەم دابەشکردنە ) ، من لەسەرەتادا لەناو حزبدا دژی ئەو بریارەبوم
بەڵام ( دافید بن گوریون ) سەرۆکی ئەوکاتە حکومەتی ئیسرائیل رەزامەند بو بە بریارەکەو وتی ( بوونی دەوڵەتێک
بۆ یەهودیەکان لە نەبوونی باشترە) بۆیە شکور بۆ خوا کە ئێمە دەستپێشخەر نەبوین لە
رەتکردنەوەی بریارەکە .
نوسەر و مێژوونوسی
فەلەستینی (عبدالقادر یاسین ) لە کتێبەکەیدا دەربارەی ( کفاح الشعب الفلسطین قبل
عام ١٩٤٨ ) کە ساڵی ١٩٧٥ رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی بڵاوی کردەوە دەڵێ ؛( سەرەڕای
ئەوەی فەلەستینیەکان لە ٩٢٪ زەوی خاکی فەلەستینیان
لەژێر دەستابوو کەزۆربەی زەویە کشتوکاڵیەکان بوو، لەگەڵ ئەوەی یەهودیەکان تەنها ٧٪
ی زەوی فەلەستینیان لە بەردەستا بوو کەچی فەلەستینیەکان بریاری دابەشکردنەکەیان رەت کردەوە !.
بەهۆی جۆشوخرۆشی
دەمارگیری هەستی ئایینی وئ نەتەوەیی و هاندانی وڵاتانی عەرەبی لەزۆربەی شاروشارۆچکەکانی
فەلەستیندا شەڕو ئاژەوەیەکی گەورە سەری هەڵدا و دوای کوژران و ماڵوێرانی و دەربەدەریەکی
گەورەی خەڵکی عەرەبی فەلەستینی لەساڵی ١٩٤٩ بەپێی رێککەوتنامەی رۆدسی یۆنانی شەڕ کۆتایی
پێهات و لەئەنجاندا خاکی فەلەستین بەم جۆرەی لێهات لە ٧٧.٤٪ خاک و ئاوی فەلەستین
لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیریکرا، ئەوی تری کە لە ٢٣.٦٪ مابۆوە لە کەناری خۆرئاوا و قودس خرایە سەر فەرمانرەوایی
ئەردەن و کەرتی غەزەش خرایە ژێر ئیدارەی دەوڵەتی میسری عەرەبی ، فەلەستینیەکان توشی
کۆڕەوێکی بەکۆمەڵی مێژوویی بونەوە کە تائێستاش زۆربەیان لە ناو خەیمەدا و لە ئاوارەیی
دەژین و بێ خاک و بێ دەوڵەت و پارچە بوو ماونەتەوە .
دوای زیاتر لە
٧٠ ساڵ لە قوربانی دانی فەلەستینیەکان هێشتا باجی ئەوهەڵەیە دەدەن کە لەئەنجامی دەمارگیری
ئاینی و نەتەوەیی و تێ نەگەیشتنیان لە سیاسەت
و واقیع کەوتەوە و نازانن چۆن لەو شکستە کەمەر شکێنە هەستنەوە .
ئەزمون و وێستگەکانی
گەلی کوردیش لە تاقی کردنەوە و رێرەوی پڕ هەڵەی گەلی فەلەستین باشتر نیە ، کوردیش
چەند جارێک لەمێژوودا هەل و دۆخی باشی بۆ رەخساوە و هەر جارەی بە بیانویەک و هەر دەرفەتەی
بە بیروباوەڕێکی ناکامڵی سیاسی یا بەرژەوەندی و تاکلایانەی حزبی لەدەست داوە کە دەکرێ
گفتوگۆی ساڵانی ٦٠ شەست و ٧٠حەفتاکان و ٨٠ هەشتاکانی سەدەی رابردوو وەک نمونەی
ميژوویی سەیر بکەین .
لەدوای روخانی بەعسەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق لەکێشمە کێشی
سیاسی و دەستوری و جیۆپۆلیتکی دابوین کەدەکرێ ئەم قۆناغە بە قۆناغی هاوچەرخ ناوەزەند
بکەین لەگەڵ بەغدا بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم و هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمەریکا و دۆستەکانی کورد بەتایبەتی دوای
ناردنی نامە مێژوویە هاوبەشەکەی هەریەک لە نەتەوە یەکگرتوەکان و بەریتانیا و ئەمەریکا کە بەهۆی (ریکس تیلەرسۆن ) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
گەیەنرایە دەستی کاک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی سیاسی کوردلە ٢٣ی ئەیلولی
٢٠١٧ کە بەداخەوە گوێ لەم بەدەنگە هاتنە مێژوویە
نەگیراو لە رۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ریفراندۆم ئەنجام دراو و ئەم دەرفەت و هەلە مێژوویەش
بۆ کورد لەباربرا کە بوە هۆی سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزیەکی توند لە نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی بەغدا ، وەلە
ئاکامدا سوپای عێراق لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ سەرجەم ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردەوە کە
لەدوای ساڵی ٢٠١٤ لێ هەڵاتبوو !
ئێستاش دوای چەندین
ساڵ لە شکست و بەربڵاوی دیاردەی گەندەڵی و
ناشەفافی و دیارنەبوونی داهات و سەرگەردانی و پاشاگەردانی لەم هەرێمەدا نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان
لە عێراق خاتو ( جەنین پلاسخارت ) دێت و بە پەیامێک ، ئێمە لەو مەترسی و چەقبەستویی
و سەرگەردانی و پاشاگەردانیەی تێی کەوتوین ئاگادار ئەکاتەوە و ئەیەوێت هێشتا کەدەرفەتێک
ماوە پێش نقوم بوون ،نقوم نەبین ، کەچی هەر لەسەرەتاوە بە دەنگێکی زەبر و قوڕگێکی
نوساوی نوزە تاساوەوە هاتینە وەڵام و لەکەدارمان کرد ..
ئەوەی کە جۆڵدا
مائیر دەربارەی عەرەب وتویەتی کە عەرەب ؛( لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار نادەب دەدەن کە چەبد بۆئەوان باشە ، بەڵکو بریارەکان
لەسەر ئەو بنەمایە دەدەن کە چەند بۆ ئەوان خراپە )
بۆیە هیوادارم ئێمەی کوردیش لەسەر بنچینەی ئەوە بڕیار نەدەین
کە چی بۆ ئێمە خراپە بەڵکو بۆ تەنها جارێکیش بێ ورک خۆمان و بۆ خۆمان بیربکەینەوە
و بڕیار بدەین و ئەم هەوڵەی خاتو « جەنین پلاسخارت » یش نانیگا نەگرین و بەدەردی هەوڵ
و نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکی نەبرێ سەبارەت بە ئایندەی هەرێم و چارەنوسی خەڵکی
ستەمدیدەی کوردستان .