دپلۆماسیەتی تەڵەی قەرزەکان .
9/21/2023 5:13:00 PM
عەلی شەریف
دوور نیە
لەسایەی دەسەڵاتی هەرێمدا بگەین بە رۆژێ کە فڕۆکەخانە یان دەروازەیەکی گومرگی
سنوری بخەینە رەهنی دەیان ساڵەی قەرزەوە !
پێوەری شکستی
دەوڵەت ، شکستی کایەی ئابوریەکەیەتی .
شتێکی
بەلگە نەویستە کە هەموو رووخانێکی ئابوری ،شکستێکی سیاسیشی بەواوەیە، دابینکردنی
ئاسایش و ئارامی ئابوری ، واتە ئارامی و سەقامگیری سیاسی .
گرێبەستی
گرنگ و بنچینەیی نێوان هەر حکومەت و دانیشتوانەکەی ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکەیە کە
پێویستە حکومەت لە بواری ئابوری و ژیان و خزمەتگوزاری و ئاسایشی خەڵک دابین بکات و
خەڵکیش ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر دەسەلات جێ بەجێبکات .
نەمانی
متمانە یەکێکە لە دەستپکە مەترسیدارەکان ، کەدەسەلاتی سیاسی لەهەمبەر ئەرک و
بەرپرسیارێتەکانی خۆی بەرامبەر خەلک پەشیمان دەبێتەوە یا بەهۆی سیستم و هەڵەی
سیاسی و بریای سیاسی هەڵە و تاکڕەوانەی خۆیەوە ، دوو چاریشکست و داڕمانی ئابوری و
دواتر لەدەستدانی متمانەی جەماوەر دەبێت و بەرەو دووڕیانی هەرەس و لەباربردنی
قەوارە و دەستکەوتەکان مل دەنێت .
دپلۆماسیەتی
تەڵەی قەرزەکان ، زاراوەیەکە کە زیاتر وەک ڕەخنەیەک لە سیاسەتی دەروەی وڵاتی چین بەکاردەهێنرێت
،لەبەرامبەر ئەو پارەی کە بە شێوەی قەرز دەیدات بەو دەولەت و قەوارە سەربەخۆیانەی
کە دەکەونە سەر هێلی پڕۆژەی گەورەی ڕێگەی ئاوریشمینی تازە کە زیاتر لە ١٥٠ سەدو
پەنجا دەوڵەت بەشێوەیەک لە شێوەکان هاریکاری ئەو پڕۆژەیە دەکەن و زۆرێکیان سوود
مەند بوون لە وەرگرتنی قەرزێکی زۆر لە چین لەپێناو بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری
وڵاتەکانیان و دروستکردن و گەورە کردن و پێشخستنی فڕۆکەخانە و بەندەرە ئاویەکانیان
وەک بەشێک لەو رێوشوێنانەی کە لەگەل پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمینی نوێ بگونجێ ..
چین لەو
دەروازەیەکە چۆتە نێو ململانێ گەورەکەی بالاَدەستی ئابووریەوە و تیرەکانی
بەتایبەتی ئاراستەی ولاتانی جیهانی سێیەم کردوە کە خوازیاری ئەوەن لە قەرزپێدانی
چین سوود مەند بن و ژێرخانی ئابوری وڵاتەکانیان بکوژێننەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕێگەی
ئاوریشمینی نوێی چینی ، کە هاوشانی پلان و
نەخشەی دەوڵەتی چینە بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو کە مەبەستیەتی بەهۆی پێدانی ئەو قەرزەوە کە بەپێی
گرێبەستێک و بڕێکی دیاریکراو لە سوود کە رێژەکەی نزیکەی ٣'٦% شەش و لەدەیا سێ یە بداتە
ئەو دەوڵەتانە و هەرکاتێ دەوڵەتی وەرگر نەیتوانی بڕی پێویستی قەرز لەکات و ساتی
دیاریکراوی خۆیدا بداتەوە ئەوا وڵاتی چین یا کۆمپانیاکانی دەتوانێت دەستبەسەر بەشێک لە پڕۆژەی پڕداهاتی
ئەو وڵاتە یا بەندەرە ئاویە ستراتیژیەکانی تەنانەت فرۆکەخانەکاندا بگرێت و خۆی
ئیدارەی بدات و بەم شێوازە قەرزەکانی خۆی وەربگرێتەوە .
هەندێ
دەوڵەت لە ئێستادا بەهۆی بڕیاری سیاسی نادروست و سەرپێییەوە کەوتونەتە نێو زەلکاوی " تەڵەی قەرز " ە وە و دەکرێ
چەند نموونەیەکی ئەو جۆرە دەوڵەتانە بەکورتی بخەینەڕوو ، وەک ؛ سیریلانکا ؛ دەوڵەتی چین دەستی بەسەر لە ٨٥% ی پشکی داهاتی بەندەری هامبانتونتا ی ستراتیژی سیرلانکادا گرتوە بەپێی گرێبەستێک بۆ ماوەی ٩٩ سال لەگەل ١٥ پانزە هەزار فدان لە زەوی پیشەسازی دەروبەری بەندەرەکە.
پاکستان ، چین لەپای ئەو قەرزە زۆرەی کە داویەتی بە پاکستان و پاکستان نەیتوانی لەکاتی خۆیدا بیداتەوە ، چین بەپێی گرێبەستێکی نێوانیان دەستی گرتوە بەسەر پشکی بەندەری غوادر ی ستراتیژی لەسەر کەنداوی عومان و رێژەی لە ٨٥% داهاتی ئەوبەندەرە بۆ چین دەچێت تا ماوەی ٤٠ چل سال.
هەریەک لە وڵاتانی کێشوەری ئەفریقیا لە ( ئەنگۆلا ، ئەسویبا ، زامبیا ، کینیا ، نیجریا ،سودان ، کۆنگۆ ،غانا ، کوت دیڤوار،...) بەشێوەیەکی مەترسیدار قەرزاری وڵاتی چینن و بەشێویەک لە شێوەکان کەوتونەتە ژێر کاریگەری و هەیمەنەی سیاسی و ئابوری چینەوە ، لە هەمووی مەترسیدارتر وڵاتی ئۆغەندەیە کە پەشێوی و نارازایەتی جەماوەری گەرەی لێکەوتە دوای ئەوەی کە ئاشکرابوو کە حکومەتی دەسەڵاتداری ئۆغەندافرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئۆغەندای وەک رەهن لەبەرامبەر قەرزدا خستۆتە گرێبەستەوە لەگەل چین ، کەبەپێی گرێبەستەکە دەبێ ئیدارەی فرۆکەخانەکە بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی چینیەکان .
کینیا ؛ لەبەرامبەر کەڵەکەبوونی قەرزەکانی گەورەترین و گرنگترین بەندەری ئاوی " مۆمباسا " ی وڵاتەکەی کردە رەهنی کۆمپانیا چینیەکان، کەکۆی قەرزەکانیگەیشتۆتە ٥،٥ پێنج ملیار و نیو دۆلاری ئەمەریکی.
شایەنی باسە لەکۆی ٥٤ پەنجاو چوار دەوڵەتی ئەفریقی ٥٠ پەنجا دەوڵەتیان قەرزاری وڵاتی چینن .
براهما شیلنی ؛ مامۆستای لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هند ئەڵێ : مەبەستی چین دەست بەسەراگرتنی کەرەستە سەرەتاییەکانی وڵاتانی جیهانی سێ و پڕکردنی بازاڕەکانە بە کەلوپەلی بێ کوالیتی چینی و ئیسغلالکردنی کاروباری پڕۆژە ناوخۆییەکانی ولاتانە ، کە وادەکات ئەم وڵاتانە نوقمی تەڵەی قەرزەکانی چین دەبن .
بەپێی توێژینەوەیەکی ناوەندی ئەید داتا کەلە زانکۆی ولیام ئەند میریی ولایەتی فیرجینیا ی ئەمەریکا ئەنجام دراوە ،ولاتی ین بڕی ٨٤٣ ملیار دۆلاری لە ماوەی ١٨ ساڵی نێوان ( ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٨ ) داوە بە ١٦٥ دەوڵەت لە جیهاندا بۆ بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری کە ١٣٤٢٧ پڕۆژە لەخۆ دەگرێت لە چوارچێوەی ڕێگەی ئاوریشمینی نوێی چینی ..
سەرۆکی سیرالێۆن " جۆلێۆس مادا بیو " لە بەر مەترسی تەڵەی قەرزەکان ، پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەخانەیەکی گەورەی لەوڵاتەکەی رەتکردەوە کە بڕیار بوو بە پێدانی قەرز چینیەکان دروستی بکەن ،هەروەها مالیزیا پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی لە وڵاتەکەی ئکە لەڕێگەی پیدانی قەرزی چینی بە نیاز بون دروستی بکەن ،لەبەر ئەوەنا کە پڕۆژەکە گەنگ نیە و پارەکەی زۆرە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی ناتوانێ لەکاتی خۆیدا ئەو بڕە قەرزە بداتەوە و نایانەوێت دەوڵەت و سیاسەت و سەروەری خۆیان بخەنە ژێر کاریگەری و هەیمەنەی چینەوە .!
زیاتر لە ٣٠ سی ساڵە ئێوە چیتان کردو و دەستکەوت و بەرهەمی شۆڕش و راپەرینتان بەکوێ گەیاند !
لی کوان یو ؛ لە ماوەی ٢٥ ساڵدا (١٩٦٥ – ١٩٩٠ )
سەنگافورەی لە دوورگەیەکی ونی بەردەوام داگیرو فەرامۆش کراوەوە کردە دوورگەیەکی
بەهێزو دیار لە رۆژهەڵات و جیهاندا .
هۆشی منە و جەنەراڵ جیاب سەرکردایەتی سوپای ڤێتنامیان کرد و لە ٢١
ساڵدا لە (١٩٥٤ – ١٩٧٥ ) دوو زلهێزترین سوپای جیهانیان ( سوپای فەڕەنسی و ئەمەریکی
) تێکشکاند و ناچار بە پاشەکشەیان کردن .
ئیسرائیل لە دوای ١٩ ساڵ لە بوون بەدەوڵەتی ( ١٩٤٨ – ١٩٦٧ ) کە چەندین
وڵاتی عەرەبی هەڕەشەی سڕینەوەیان لێدەکرد ، کەچی لەماوەی تەنها ٦ شەش ڕۆژدا سوپای ٥
پێنج دەوڵەتی تێکشکاند و کاریگەریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەژاند .
هەرێمی کوردستان ، جگە لەوەی سیستمی سیاسی و ئابوریەکەی لە تێکشکانێکی هەمەلایەنەی قوڵ دایە ،هێشتا لەژێر کاریگەری و لێکەوتە خراپەکانی پرۆسی ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ و سیاسەتی فرۆشتنی سەر بەخۆی نەوت کە لەدوای سالانی ٢٠١٤ وە پەیرەوکراوە ڕزگاری نەبوە و گورزێکی کەمەر شکێنی لە پرۆسەی ئابوری و سیاسی و کایەی کۆمەلایەتی و کولتوری و فەرهەنگی و پەیوەندیەکانی هەرێم و دنیای دەرەوە داوە بەجۆرێک کەلەوانەیە دوژمن و ناحەزەکانیشمان ئیرەییمان پێ نەبەن .
ئەوەی هەیە دەرئەنجامی بڕیاری سیاسی تاکڕەوانەی هەڵەی دەسەلاتی سیاسی و حزبی قەتیس بووە لەنێو گۆماوی بەرژەوەندیە تایبەتی و بنەماڵەیی و خێزانەکاندا، ئەوەشی کەئێستا ڕوودەدات و لەگەڵ ئەو مەترسی و شکستە چاوەڕوانکراوەی کەلەداهاتودا ڕووبەڕوی خەلکی هەرێم و قەوارە سیاسیەکەی دەبێتەوە ، هەر درێژکراوەی ئەو سیاسەت و بڕیارو بۆچونە نادروستە گورچکبڕەیە کە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی هەرێمەوە لە ڕابردودا پەیروکراوە کە ڕەنگدانەوە و کاریگەری ناوخۆیی و ناوچەیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی زۆر وێرانکەرتر و کارەساتبارتری بەدەمەوە بێت ، هیچ دوور نیە ئەم دەسەڵاتە بۆ مانەوە و پاراستنی کورسی حوکمڕانی خۆی ناچار بئ گرێبەستی نهێنی رەهن کردنی پرۆژە گرنگەکەنی هەرێم لەیەکێ لە پڕداهاتترین پرۆژەکانی کە بیرە نەوت و غاز و خالە گومرگی سەر سنورەکان و فرۆکەخانەکانە واژۆ بکات و لەدەست کورد دەربهێنرێت ، بەمەش هەرێم وەک هەر وقەوارە و وڵاتێکی تر دەکەوێتە ژێر هەیمەنەی دەسەلاتی ناوەندی بەغدا و هیچ سەروەری و سەربەخۆییەکی سیاسی و ئابووری بۆ نامێنێتەوە و دەکەوێتە نێو مەنگەنە و تەڵەی قەرزەکانەوە و جگە لە بەهەدەر دانی خوێنی هەزاران شەهید،کورد و خەبات و دەستکەوتەکانی دەگێڕیتەوە بۆ چەندین قۆناغ بەدواوە