281وتار

کۆتایی دەسەڵاتی ئەردۆغان و ئاکپارتی بۆ ؟

5/7/2023 12:39:00 PM
عەلی شەریف

 بڕیارە رۆژی ١٤ی ئایاری ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجام بدرێ ، کە چاوەڕوان دەکرێ ئاڵوگۆڕی گەورە لە هاوکێشەی و هاوسەنگی سیاسی  لە تورکیا رووبدات .
هەر لەبەر ئەوەنا کە سیاسەتی ئەردۆغان سیاسەتێکی رەگەزپەرستانە و تورانی و تاکڕەوە،  لەبەرئەوەش نا پێمان وایە یا لەبەر ئەوەی دژی ئازادی و سەربەخۆی کوردە و سەرچاوەی نا ئارامی و دڵەڕاوکێیە لە ناوچەکەدا .. ، بەڵکو سیاسەت و ئاراستەی دەسەڵاتی ئەردۆغان ئاماژەی مەترسی گەورە و دەستێوەردانی بەربڵاو و هەڕەشەی بەردەوامن بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەوروپا بەگشتی لەسەر ئاستی ناوچەکە و هاوکێشەی سیاسی نێودەوڵەتی کە دەکرێ هۆکار و ئاماژەکانی کۆتایی دەسەڵاتی سیاسی ئەردۆغان و ئاکپارتی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بخەینە ڕوو؛
1-لەدوای شەڕی ئۆکرانیا و سزاکانی سەر روسیا، تورکیا دەروازەیەکی سەرەکی فرۆشتنی وزە و بازرگانی روسیایە لە دەریای رەشەوە بۆ بەندەری بسفۆی تورکیا و لەوێشەوە بۆ حەوزی دەریای سپی ناوەڕاست.
2-روسیا دەیەوێت تورکیا بکات بە مەلبەندی ستراتیژی دابەشکردنی نەوت و غازی ڕوسی و لەوێوە بینێرێت بۆ وڵاتانی تر وەک جێگرەوەی هەر دووبۆڕی لەکارکەوتوی غازی ڕوسی نورد ستریم ١ و ستریم ٢ ناردنی غاز بۆ ئەوروپا.
3-بەهۆی سزا سەپاوە داراییەکانیان، زۆرترین بازرگان و کۆمپانیا گەورە سەرمایەدارەکانی روسیا هاتونەتە ئەستەنبوڵ و ئاسانکاری زۆریان لەلایەن تورکیا بۆکراوە کە بەهۆی بانکەکانی تورکیا کۆمپانیاو سەرمایەکانیان بخەنەوە گەڕ و پارەکانیان سپی بکەنەوە ،کەئەمەش هاوکاریەکی باشی پێشکەش بە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی سەرمایەی ڕوسی کردوە و کەپێچەوانەی سزا سەپاوە کانی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمەریکایە .
4-لە بڕگەیەکی ڕێکەوتنی سوتشی نێوان ڤلادیمرپۆتین و ئەردۆغان لە ئابی ٢٠٢٢ سەبارەت بەفرۆشتنی غازی ڕوسی لە ڕێگەی تورکیاوە کە ئەبێ پارەی ناردنی ئەو غازە بە " رۆبڵی ڕوسی " بێت لەبری دۆلاری ئەمەریکی .
5-تورکیا و روسیا واژۆی گرێبەستی دووەمیان سەبارەت بەوەرگرتنی وەجبەی دوەمی رۆکێتی (ئێس ٤٠٠)ی بەرگری روسی کردوە ، کە کۆنگریسی ئەموریکی لە سالی ٢٠١٨ لەسەر ئەمە سزای خستە سەر تورکیا.
6-تورکیا بەردەوام لە پێشخستن و هەوڵی دروستکردن و بەدەست هێنانی کەشتی گەلی پێشکەوتو و رۆکێتی ناوەند مەودا دایە کە دەکرێ دروستکردنی رۆکێتی تایفۆنی بالیستی کەلەماوەی ٥ خولەکدا دەگاتە ناوجەرگەی یۆنان وتوانای بڕینی زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆمەتری هەیە  یەکێک بێت لە هۆکاری هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر یۆنان و ئارامی بەحری ئیجە و دەریای سپی ناوەڕاست. 
7- تورکیا هاوکاری و هەماهەنگی نهێنی و هەواڵگری و بازرگانی فراوانی لەگەڵ ئێران دەستپێکردوە و پێشێلکاری لەسزا سەپاوە نێودەوڵەتی و ئەمەریکیەکانیش ئەنجام داوە کەئەمەش دژی ئامانج و بەرژەوەندیەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی ئێستای ئەمەریکایە .
8-دەستێوەردانی بەرفراوانی لە کێشوەری ئەفریقیا ئەنجامداوە و لەڕێگەی پەیوەندیە مێژوویی و کلتوری و ئاینییەوە دەستێوەردانی سەربازی و بازرگانی دیارو بەرچاوی هەیە کە زیان و مەترسی بۆ سەر بەشێکی گەورەی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی فەرەنسا و بەریتانیا دروست کردوە ، هەروەها بەردەوام هەوڵی داوە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵێ چەتەی دەریای و میلیشیا ببەستێ بەمەبەستی دروستکردنی نائارامی و نانەوەی پەشێوی لە دەریای سوور و بەحری یەمەن دژی بەرژەوەندیەکانی وڵاتی میسر .
9-تورکیا لەئێستادا لە هەماهەنگی و پەیوەندی قوڵ وهەمەلایەنەدایە لەگەل وڵاتە نەیارو ناحەزەکانی ئەمەریکا وەک ( چین ،روسیا و ئێران ) کە هەوڵ دەدان هاوکێشەی سیاسی لەناوچەکەدا بگۆڕن و شکۆی تاک جەمسەری زاڵ و باوی ئەمەریکا کاڵ بکەنەوە و کۆتایی بەسیستمی تاک جەمسەری ئەمەریکی بهێنن کە لەو بوارەدا تورکیا رۆڵێکی گەورەی ناوچەیی دەگێڕێ. 
10-تورکیا بەهۆی پەیوەندی کلتوری و ئاینیەوە دەیەوێت رۆڵێکی جەمسەری لە ئاسیای ناوەڕاست پەیدابکات و ببێتە مەڵبەندێکی بەهێزی کۆکەرەوەی ئەو دەوڵەتانەی کە زۆرترین کۆڵەکەی هاوبەشی زمان و ئاین و کلتور و مێژووییان هەیە و سەرکردایەتی و ئاراستەیان بکات و بۆبەرژەوەندی سیاسی خۆی بەکاریان بهێنێت و کاریگەری قوڵ لەسەر ناوچەکە و هاوکێشەی سیاسی لەناوچەکەدا دابنێ لەداهاتودا .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن