ئەرکە کۆمەڵایەتیەکانی کار و بێکاری لاوان لە باشوری کوردستان
11/19/2026 1:14:00 PM
د. محەمەد شوانی
کار تەنیا چالاکیەکی ئابوری پەتی و سەرچاوەی داهات و مایەی دابینکردنی پێویستیە خۆراکی و پۆشاکیەکانی تاک نیە، کار پێگەیە، هەستکردن و باوەڕبوونە بەخود ، ئامرازی دروستکردنی پەیوەندی و کەناڵی فێربوون و پێگەیاندنی پیشەییە، کارچالاکیەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی بنەڕەتیە، کەناڵی گوزارشتکردنە بۆ مرۆف بۆ دەربڕین و پیشاندانی تواناو لێهاتوویی و شارەزاییەکانی ، کار کەرەستەی گۆڕینی کۆمەڵگاو سروشت و ناوەندی پێکەوەژیانی مرۆفەکانە، کار مایەو هۆکاری بەختەوەری و تەبایی خێزانە ، کورد لە خۆڕا نەیگوتووە (شولکەرێ خۆ بە خۆشتفێ خەڵکیت) یان گوتوویەتی (کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە) بە تایبەت کاسەیەک لە ئەنجامی کارو رەنج و ماندوبوون و ئارەقەوە بەرهەم هاتبێت..
کار چالاکیەکی رێکخراوو ئامانجداری کۆمەڵایەتی و ئابوری و کلتوری و مرۆییە ، تاک لە رێگای بەکارهێنانی ئەقڵی و ژیری یان جەستەیی و ماسولکەییەوە ئەنجامی دەدا، بە مەبەست و ئامانجی بەرهەمهێنانی کاڵا و شمەک و خزمەتگوزاری لە پێناو بەدەستهێنانی قازانجێکی مادی یان کۆمەڵایەتی ، ئەمەش دەبێتە ئامرازێک بۆ گرێدان و پەیوەستبوونی تاک بە بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکەیەوە، کار هۆکاری رێکخستنی ژیانی تاک و خێزان و گروپەکانە.
دووای شۆرشی پیشەسازی و پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیە گەورەکان و فراوانبونی ژیانی شارنشینی و زۆربوونی پێداویستیە مادیەکان ،گرنگی و بایەخی کارو جۆری کار و بڕی داهاتەکەی زۆر زیادی کردووە، نەک هەر پێگەی تاکەکان دیاری دەکات بەڵکو لەسەرخۆ دەبێتە هۆکاری دابەشبوونی چینایەتی و جیاکردنەوەی توێژە کۆمەڵایەتیەکان..
بێگومان لە رێکخستنی کۆمەڵگادا یەک جۆری کار نیە ، بە پێچەوانەوە هەزاران جۆری کار هەیە و هەر یەکە پێناسەو تایبەتمەندی خۆی هەیە ، ئەرکی حکومەتەکانە ئەرک و ماف و رێوشوێن و خەسڵەتیان دیاری بکات و رێکیان بخات ، بۆ نمونە دەشێ کاری کرێگرتە بێت، بەرامبەر بڕە نرخێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراو، وەکو کرێکاری رۆژانە کە سەدان جۆری هەیە ، یان گرێبەست ، یان کرێگرتە نەبێت کاری کەسی و خاوەنداریەتی و بۆ خۆ بێت وەکو دەستگێری و بەقاڵی و فرۆشیاری سەدان جۆری دیکە ، یان جۆری هزری بێت یان هێزی بازوو ، کاری فەرمی و نا فەرمی بێت ، یان کاری تاکەکەسی و کاری بە کۆمەڵ ، کەرتی تایبەت یان کەرتی گشتی بێت....
لە پرۆسەی کارکردندا، دەستی کار بە یەکێک لە سەرچاوە ئابوری و کۆمەڵایەتیە گرنگەکان دادەنرێت ،دەوڵەتان پشت بە هێزی کار دەبەستن بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگاکانیان..
لە باسکردنی دەستی کارو گەشەپێدان و سەقامگیری کۆمەڵایەتیشدا یەکەم رەگەزێک بە خەیاڵماندا بێت توێژی لاوانن، وەک هێزی بزوێنەری کۆمەڵگاو پێشەنگی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بە هۆی ئەو وزە جەستەیی و هزری و توانایەی هەیانە بۆ وەرگرتنی زانیاری و ئایدیا و بەهای نوێ و داهێنان و چارەسەری گرفتەکاندا.
بێکاری و پەراوێزخستن و بەشداری پێنەکردنی ئەم توێژە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی هەر کۆمەڵگایەکدا، بە یەکێک لە ترسناکترین و کوشندەترین نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکان دادەنرێت، ئارامی و سەقامگیری کۆمەڵگا ناهێڵیت و شیرازەی رێکخستنی کۆمەڵایەتی تێکدەدات، لە هەر کۆمەڵگایەکدا رێژەی بێکاری گەنجان بەرز بوو، دەست لە سەرکەوتنی هەر نەخشەو پلان و بەرنامەو پرۆگرامێکی نەتەوەسازی و نیشتمانسازی بشۆ، چونکە بێکاری واتە دابین نەکردنی لایەنی کەمی داواکاریەکانی تاک و تێرنەکردنی پێداویستیە سەرەکی و بنچینەییەکانی ژیانی ئەوانەی لە تەمەنی کارکردنن و هێزی بازو و زەینی تەواو و ئارەزووی کارکردنیان هەیەو بە دووای کارێکدا دەگەڕین و هەلی کارکردنیان نیە ، بوارێکیان دەست ناکەوێت تیایدا ئەرکێکی بەدەنی یان زەینی بگرنە ئەستۆ بەرامبەر کرێیەکی گونجاو کە لایەنی کەمی پێویستی رۆژانەیان پڕ بکاتەوە، لە رووی ئابوریەوە ئەمەش بە مانای پەککەوتنی بەشێکی گرنگی هێزی کار دێت لە کۆمەڵگادا، کە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا..
بهپێی پێوهری رێكخراوی كاری نێودهوڵهتی تهمهنی (15-65) ساڵ بۆ تهمهنی هێزی كار دهستنیشانكراوهو بهپێی هەندێک لەو روپێوییانەی ساڵانە بڵاو دەکرێتەوە لهلایهن بانكی نێودهوڵهتی یان وهزارهتی پلاندانانی ههرێم و عیراق ،یان دهستهی ئاماری ههرێم و عیراق، لە عێراقدا زیاتر لە هەژدە ملیۆن کەس لە تەمەنی کارکردنن ، نزیکەی نۆ ملیۆن لەوانە لە کەرتی تایبەت و نزیکەی حەوت ملیۆنیش لە کەرتی گشتی کار دەکەن، بەڵام نزیکەی دوو ملیۆن و شەش سەد هەزار کەس بێکارن لە عیراقدا
نزیکەی (٤٣%)ی دانیشتوانی ههرێم لە تەمەنی کارکردندان، واته كۆمهڵگهیهكی گهنجمان ههیه بۆ كاركردن له كوردستاندا، ههربۆیه ئهمهش پێویستی به ئیدارهدان ههیه تاوهكو بتوانرێت پرۆسەی بە کۆمەلایەتی بوون و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست تەواو بکرێت، رێگا لە تاوان و نەخۆشیە کۆمەلایەتیەکان بگیرێت ، ئەرکی حکومەتی هەرێم نیە هەموو ئەمانە دامەزرێنێت بەڵام ئەرکی خکومەتی هەرێمە هەلی کار برەخسێنێت و ریوشوێنی توند بگرێتەبەر بۆ رێگری لە تێکدانی بازاڕی کار ،وەکو هاوردەکردنی دەستی کاری بیانی و کارکردن لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت و دیارینەکردنی سنوری کار و ناروونی ئەرک و مافی کرێکار و ...هتد چونکە کار رەگەزێکی سەرەکی مانەوەو گەشەو پێشکەوتنی هەر نەتەوەیەکە و کۆمەڵێک ئەرکی بنچینەیی هەیە لە کۆمەڵگادا، دەکرێ بە کورتی ئاماژەیان پێ بکەین:-
١-کارکردن دەبێتە مایەی توندوتۆڵکردنی پەیوەندی تاک و پەیوەستکردنی بە کۆمەڵگاوە، هەستی سەر بە کۆمەڵگاکەی باڵاتر دەبات، خۆشەویستی بۆ نەتەوەو نیشتمان و ژینگەی کۆمەڵایەتیەکەی زیاتر دەکات، لە رێگای کارکردن و بەرهەمهێنان و بەشداری چالاکانەوە پەیوەندی هاوسەنگ دروست دەبێت، کارکردن دەبێتە تەواوکاری پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەلایەتی، دەبینین دووای پەیداکردتی کار، بەشداری لاوان لە بۆنەکانداو دەرکەوتنی زیاتر دەبێت. بە پێچەوانەوە لە کوێدا بێکاری هەبوو، هاوسەنگی ئەم پەیوەندیانە تێک دەدات، و کۆنترۆڵی کۆمەلایەتی لاواز دەکات.و ئاژاوەو بشێوی دەنێتەوە...
٢-کارکردن یەکێکە لەو کەناڵانەی بەشداری دروستبوونی شوناس و ناسنامەی کۆمەڵایەتی تاکەکان دەکات: کاتێک کەسێک وەکو پزیشک یان خاوەن پۆستێکی باڵا یان پارێزەر یان کرێکاری رۆژانە کار دەکات ، ئەم جۆری کارە دەبێتە بەشێکی گرنگی ناسنامەو شوناسی کەسایەتی و دوواتر حێزانیی ئەو کەسە ، بە پێی پێویستی و تاییەتمەندیەکانی ئەو پیشەیە رەفتار دەکات و لەگەل هاوپیشەکانیدا پەیوەندی دەگرێت و جۆرێک لە کلتوری چینایەتی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن..
٣-کارکردن دەبێتە مایەی سەربەخۆیی کۆمەڵایەتی و ئابوری ، ئەمەش یەکێکە لە پێداویستیە سەرەکیەکانی لاوان، لە رووی کۆمەڵایەتیەوە بە قۆناغی پەڕینەوە دادەنرێت لە مناڵیەوە بۆ پێگەیشتن، چونکە پێوەری ئەم قۆناغە تەنیا بایۆلۆژی و تەمەن نیە، پێناسەی بایۆلۆژی بۆ دیاریکردنی لاوان کافی نیە، چونکە بە بوونی کارێکی گونجاو داهاتێک ئەو هەستە دروست دەبێت کە ئیتر کارایەو بەشدارە..
٤-کار هۆکاری سەرەکی رێکخستنی ژیان و کات و بەرنامەرێژی رۆژانەو مانگانەو ساڵانەیە، هەوێنی بیرکردنەوەیە لە ئایندە و خولقێنەری هزری پلاندانانە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تواناسازی و خۆباشتر کردن و فێربوونی پیشەیی و وەرگرتنی ئەزمون و شارەزایی زیاتر چ لە بواری کارەکەدا یان ژیانی کۆمەڵایەتی بە گشتی وەکو بیرکردنەوە لە هاوسەرگیری و دروستکردنی خێزان و...هتد.
٥- لەسەر ئاستی کۆمەڵگا ، کارکردن و هەبوونی هەلی کاری زۆر بۆ لاوان ، ئامرازی بەشداری لاوانە لە پرۆسەی گۆرانی کۆمەلایەتی و گەشەپێدانی کۆمەڵگا و بونیادنانی کۆمەڵگای خۆشکوزەران، سەرقاڵبوون بەکارو بەرهەمهێنانەوە مانای تێکەڵاوبوون و یەکانگیری کۆمەڵگایە،هۆکاری راکیشانی دەستی کاری بیانی و ئەزمون و شارەزایی جیاوازە..
٦-یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی کار لابردنی فشارو پاڵەپەستۆی دەرونیە لای لاوان، کار رێگری دەکات لە دروستبوونی هەستی رەشبینی و بێزاری و نامۆیی ، بە پیچەوانەوە وەکو ئاماژەمان پێکرد کار خەیاڵی پلاندانان و ئایندەسازی دروست دەکات لای لاوان، لاو دەخاتە سەر کەڵکەڵەی دابینکردنی ژیانێکی خۆشتر و تێرکردنی حەزو ئارەزووەکانی ، کە لە راستیشدا لە دۆخی بێکاری ئەو ئارەزووانە زەحمەتە بێنەدی، هەرچەندێک کۆمەڵگاکەش ئاسانکاری کردبێت ..