(پ = ک = پ) ئەو هاوکێشەیەی کۆمەڵگەی خستە مەترسیەوە
5/2/2021 11:58:00 AM
عەلی شەریف
مرۆڤ هەر بەسروشتی خۆی بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و هەوڵ و کارکردنی بەردەوامی چڕکردۆتەوە لە فراوانکردنی کۆمەڵگە و لەمەشەوە گرفت وکێشەکانی بەرەو ئاڵۆزی چوە ، بەجۆرێک کە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ژیانی ناچار بەکۆمەك و هاوکاری خەڵکی تربوە و بەمەش کاری زیاتری کردوە و پرۆسەی گەشەکرن و دەرکەوتنی دەست پێکردوە .
کارڵ مارکس وتویەتی : ( تاک ئیشی زیاتری کردوە بۆئەوەی بەرهەمی زۆرتر بێت بەومەبەستەش پێویستی بە ئامێرو ئامرازی نوێ بوە بۆ کارەکەی و زۆرکردنی بەرهەمەکانی کە ئەمەش پێویستی کاری هاوبەش و هاوکاری و پرسی پشت بەستنی بەکەسانی تر، زیاتر دەرخست ).
کۆی ئەم پرۆسە پێکەوە گرێدراو و تەواوکاریە هاریکاریە لەکارو بەرهەم و هۆکارەکانی بەرهەمهێنان شێوە رێکخستن و جۆرێکی تازەی لە پەیوەندی ئابوری ـ کۆمەڵایەتی هێنایە ئاراوە کە دواتر وەک سیستمێکی تازەی کۆمەڵگە دەرکەوت .
یەکێ لە بنەما دیارەکانی ئەم سیستمە تازەیەی کۆمەڵگە هەبونی هاوکاری تەواو بو لە نێوان تاکەکان لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ چینەکانی تر و ، هاندانی تاک بو بۆئەوەی کاری زیاتر و داهێنانی زۆرتر لە ئامێرو هۆکارەکانی تر دا بکات بەمەبەستی بەرهەمی زۆرتر و دەستکەوتی مادی زیاتر کە ئەمەش بانگەشەی گۆڕانکاری بو بۆ سیستمی نوێی کۆمەڵگە .
هەر ئەوەش بو وای لە کارڵ مارکس کرد کە بڵێ ؛ (ئەگەر مرۆڤ بونەوەرێکی سیاسی نەبوایە ، حاڵی هەروەک حاڵی کۆی گیانەوەرە کۆمەڵایەتیەکانی تر ئەبو ) بەهۆی کارو پەرەسەندنی هۆکارەکان و زۆربونی بەرهەمەوە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە قۆناغی ئابوری دەرەبەگی _ کشتوکاڵی پێی نایە قۆناغی ئابوری پیشەسازی و بازرگانی ـ کارو سەمایە ،
ئەم قۆناغە بریتیە لە کار و هەوڵی زۆری کرێکار و کرێیەکی مەمرەومەژی و کەڵەکەبونی سامانێکی زۆر بۆ خاوەن کار و هەر زیاتر کارکردنێکی کرێکار زیادبونی زیاتری سەرمایەی بەدواوەبوە بۆ خاوەنکار ،لێرەوە ئەو جیاوازیە گەورەیە روون بۆوە و دەرکەوت لە نێوان ئەوەی کە پێویستە کۆمەڵگا چۆن بێت و لەگەڵ ئەوەی کە کۆمەڵگە هەر تەنها بونەوەرێکە ، وەئەمەش پشت بە تیؤری بەریەک کەوتنی چینەکان بەتایبەتی بەریەککەوتنی سەرمایەدار و کرێکاران ،دواتر لە تیؤرەکانی تریدا مارکس چۆنیەتی دروستبونی دەسەڵاتی سیاسی و چۆنیەتی گەیشتنی ئەو چینە بەدەسەڵات و چەوساندنەوەی چیینایەتی و زۆرداری ئەو چینەی لە زوڵم و زۆریەکانی بەرامبەر کرێکاران دەرخست .
دروستکردن و بڵاوبونەەی پارە و پێدانی وەک کرێی کار کارگەریەکی گەورەی دروستکردو ئاسنکاری و شتێکی تازە بو لە ئاڵوگۆری وەرگرتنی کاڵا بەرامبەر بەکار ، بۆیە بەکارهێنانی پارەی نەختینە جگە لەوەی ئاسنکاری بو لەگەڵ ئەوەشدا رەزامەندی دڵخۆشکەرەش بو هەردولا و کرێکاران هەوڵیان ئەدا بڕێکی زۆرتر لەو پارە نەختینەیە بەدەست بهێنن کەتوانای زیاتر و فراوانتری ئەبە خشی لەبواری کڕینی پێداویستیە جۆرا و جۆرەکان ، کە مارکس رەمزی ئەو پرۆسەی ئاڵوگۆریەی بەم جۆرە دارشت ک = پ = ک )
ک. کاڵا. . پ پارە
واتە کاڵا بەبڕێک پارە ئاڵوگۆڕی پێ ئەکرێت و دواتر بەو پارەیە ئاڵوگۆری بەکاڵای تازە پێ ئەکرێتەوە . وە ئامانجی دوایی ئەم ئآڵوگۆرە رەزامەندی هەردوو لایەنی لێکەوتۆتەوە و هەر لایەنێکی ئاڵوگۆرکەریش ئەو کاڵایەی دەستکەوتوە کە پێویستی بوە ، وە پارە هەر تەنها هۆکارێک بوە لە رێرەوی پرۆسەی ئاڵوگۆریەکەدا .
بەڵام دواتر زۆر بەخێرایی بەکارهێنانی پارە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو مەترسی برد ! ، لەبەر ئەوەی پارە ئەو پێگەو ئەرکەی خۆی ونکرد کە بریتی بو لە تەنها هۆکارێک لەناو پرۆسەی ئاڵوگۆریدا و پارە هەر خۆی نرخی پەید کرد و لای خەڵک کە جاران وەک هۆکارێک سەیرئەکرا ، ئێستا لایان بوە بە ئامانج و وەک ئامانج ئەیبینن بۆیە هاوکێشەی پێشو کە بریتی بوو لە ( ک = پ=ک ) نەماو ئەم هاوکێشە تازەیە جێگەی گرتەوە ( پ = ک = پ ) ، ئەم قۆناغە لە جێگۆرکێی خێرای نێوان ( کاڵا و پارە ) دا هاتە ئاروە و ئەویش بریتی بو لە گۆڕانی پارە لە هۆکارە بۆ ئامانج ، کە مرۆڤی ولێکرد کە پارە بگۆرێتەوە بە کاڵا و جارێکی تر بیخاتەوە بەردەست و بیگۆرێتەوە بە پارەیەکی زۆرتر ، بەم شێوەیە هەم ( پارە لەبری کاڵا بو بە ئامانج و هەم پرۆسەکە بو بە پرۆسەیەکی پارە لە پێناو پارەدا و پارە پارە پەیدا ئەکات ) .
بەم شێوەیە پرۆسەی سروشتی کە تیایدا کەل و پەل و کاڵای جۆراو جۆر لە پڕ کردنەوەی پێداویستیەکانی مرۆڤی تیا ئەگۆڕدرایەوە ، ونبو و نەما و مرۆڤ گەیشتە ئەو باوەڕەی کە پارە وەک کاڵایەکی تایبەتی خۆی ببینێ ، کە شتێکە مل کەچ وخاوەندارێتی بۆخۆی ئەگەڕێتەوە ، لەمەوە ئامانج لە پرۆسەی ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی ، گۆرا بۆ هۆکاری زیاد کردنی سەروەت و سامانی تاک و
سەرمایەدارە خاوەن پارەکان لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە بوە هۆی زیادبونی هێز و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیان ، وەلەدواجارا پرۆسەی بەرهەمهێنانیش رێرەوی ئامانجە سروشتیەکەی گۆرا کە دابینکردنی پێویستیەکانی مرۆڤ بو ،بۆ هۆکار و ئامانجێکی قێزەون ئەویش ( فراوانکردنی خودی سەرمایەداری ) بو..