سیستمی ئابوری موڵکانە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی !
3/29/2022 1:38:00 PM
عەلی شەریف
سیستمی ئابوری موڵکانە، جگە لەوەی هۆکارێکە بۆ هێنانەدی سیستمی سیاسی ستەمگەری
، خەڵک لە هێزی کارو بەرهەمهێنەوە ئەگۆڕێ بۆ هێزێکی بێ کار و تەمەڵ و بەکاربەر !
چەند سەرەقەڵەمێک ، بەئومێدی ئەوەی هەندێ وەڵامی بابەتیمان دەربارەی بارودۆخی
سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا دەست بکەوێ ،
• - ئابوری موڵکانە چیە ؟
• - لێکەوتەکانی ئەم سیستمە
ئابوریە چین ؟
١- ئابوری موڵکانە ؛
ئابوری موڵکانە (Economic Rent) بریتیە لە شێواز یا سیستمێکی ئابوری کە پشت بە یەک سەرچاوەی
داهات دەبەستێ ،زۆر جار ئەو سەرچاوەیەش سروشتە ، وەک کەرەستە سروشتیەکانی ( ئاسنەکان
، ئاو ، نەوت و غاز ) .
دەوڵەتی خاوەن ئابوری موڵکانە ، هەموو یا بەشێکی زۆری
داهاتی نیشتیمانی لە رێی فرۆشتن و بەکرێدانی کەرەستە بنچینەییە سروشتیەکانی بە کڕیارە دەرەکیان ، دابین دەکات وەک فرۆشتنی نەوت
و غاز ، زەوی تەلار و باڵەخانە و کارگە و تاوەر و مارکێتە گەورەکان .. .
ئابوری موڵکانە بەگوێرەی گۆرانکاری لە نرخی بازاڕی نەوت
وغازدا توشی بەرزونزمی دەبێت و رەنگدانەوەی راستەخۆی لەسەر سەقامگیری و پرۆسەی سیاسی
دەوڵەت دەبێت کە رەنگە بارودۆخی عێراق و فەنزویلا کەیەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنانی
نەوت لە جیهاندا دوو نموونەی نزیک و زیندووبن ، کە بەهۆی پشتن بەستن و لە ٩٠٪ داهاتیان بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوەیە بەردەوام کێشە
و ململانێ و ناسەقامگیری سیاسی لێکەوتۆتەوە .(١)
٢- لێکەوتەکانی ئەم سیستمە
ئابوریە چین ؟
هەروەکو وتمان دەوڵەتی موڵکانە «ریعی » سەرچاوەی داهاتی
لە رێگەی بەرهەمهێنان و رێکخستنی باجەکانیەوە نیە ، بەڵکو پشت ئەستورە بە داهاتی کەرەستە
سروشتیەکانی وەک نەوت و غاز ، ئەمەش دەوڵەت
لە کۆمەڵگە دادەبڕێ لە رووی کارو سەرچاوەی داهاتەوە ، کە لە راستیدا دەبێتە هۆی
دروستکردنی ئەقڵیەتی موڵکانە (٢) .
کاتێ دەوڵەت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی خۆی لە فرۆشتنی نەوت و غاز دەست دەکەوێت
، ئەم پرۆسەیە هیچ پەیوەندیەکی بەکارەوە نیە و دابڕاوە لە بەرهەمهێنان ، واتە دەوڵەت
لە پەیوەندی و بەریەککەوتنی لەگەڵ خەڵکدا دوور دەکەوێتەوە و ئەم سەروەت و سامانەی
لەسروشتەوە بێ رەنج و ماندوبون و تێچویەک دەستی دەکەوێت وەک دەستکەوت و بەخششێک بەرەوای
خۆی دەزانێ ،لەلایەکی تریشەوە دەسەڵات هەوڵ دەدات بەشێکی داهاتەکەی بۆکرینی ولائی
خەڵک تەرخان بکات لەرێگەی تۆرەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی فەرمانبەری
ناپێویست لەیەکە کارگێریەکاندا ،کەلەو رێگەیەوە بەشێک لە بەرژەوەندیە کۆمەڵایەتی و
ئابوریەکانی رێک دەخات و پێگەی حزبی و دەسەڵاتی توندتر ئەکات ، لەئاکامدا بەشێک لەهاوڵاتیان
دەبنە سەرچاوەیەک لە قازانجە ئابوریەکان و لەهەمان کاتیشدا بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە
دەوڵەت دەبەستن ، وەئەو هاوڵاتیانەش کە سەرچاوەی بژێویان کەوتۆتە سەر دەوڵەت چاوپۆشی
لە کەموکوڕیەکانی دەوڵەت دەکەن و فشار ناخەنە
سەر حکومەت بۆیە لەم نێوانەدا حکومەت لە پرس و ململانێ ناوخۆییەکاندا زۆر مەترسی بۆ
دروست نابێ لەبەر بەشداری نەکردن و دوور کەوتنەوەی ئەو جۆرە خەڵکانە لە فشارخستنە
سەر حکومەت (ئەم پەیکەرە ئابوریە هەرتەنها ئەوەنیە کە وەک خواستێکی سیستمی سیاسی
ستەمگەر و ئابوری موڵکانە بێت ، بەڵکو لەهەمان کاتیشدا هۆکاری پارێزگاریکردنیشیەتی
).
ئەم جۆرە لە سیستمی ئابوریە ، رەوشێکی خراپ لە پەیوەندی نێوان جەماوەر و دەسەڵاتدا
دروست دەکات و زۆرترین بڕی داهات و خێر و بێری سەرچاوەکانی داهات بۆ خێزان و بنەماڵە
و هۆزی دەسەڵات دەڕوات و درزو بۆشایی گەورە لە پەیوەندی ئابوری ،سیاسی ، کۆمەڵایەتی
نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەدا دروست دەبێت لە بەرئەوەی حکومەت گوێ بەکایەی ژێرخانی
ئابوری و خزمەتگوزاریە گشتیەکان نادات و زۆرترین سامانی وڵات دەکەوێتەدەست دەسەڵات
و دەستوپێوەندەکانی نەک حکومەت . هەروەها ئەم سەروەت و سامانە بێ شومارە بۆ ئاوەدانی
و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان بەکار ناهێنرێت و ناچێتە خزمەت بەرژەوەندی گشتیەوە ،بەڵکو
دەچێتە سەر سامانی کەڵەکەبووی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارە هەڵتۆقیوەکان .
لەگەڵ تێپەرینی کات و چاوچنۆکی و خواستی زۆرتری دەسەڵات لە سەر کەڵەکەکردنی
بڕی سامان و فراوانکردنی چوارچێوەی هەوڵەکانی لە دەستبەسەراگرتنی زۆرترین لە داهاتی
فرۆشتنی نەوت وغاز ، کە ئەمەش لەسەر خزمەتگوزاریە گشتیەکان و پێداویستیە سەرەتاکانی
ژیانی خەڵک دابین ئەبێ بۆیە قەیرانەکان سەر هەڵ دەدەن و لە قەیرانی ئابوریەوە دەگۆڕێ
بۆ قەیرانی هەمە لایەنەی مرۆیی .لەبەر ئەوەی حکومەت توانای دابینکردنی کاڵا و پێداویستیە
بنچینەییەکانی هاوڵاتیانی نامێنێ ، وە تێکڕایی گەندەڵی و قۆرخکاری ورێژەی هەژاری و
هەڵاوسان و کۆچ و رێژەی تاوان و پێشێلکاری
یاسایی زیاد دەکات.
دیادەی کەمبونەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان وەک کەمبون یا
نەمانی داوودەرمان لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکاندا
، کەم بوونەوەی رێژەی پێدانی کارەبا و گرانی و قەیرانی سوتەمەنی ، بێ سەروبەری
بازار و بازرگانی .
فەرامۆشکردنی کەرتە خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەکو پەروەردە و خوێندنی باڵا و
توێژینەوەی زانست و کەرتی تەندروستی و هاندان و شوێنگرتنەوەیان بەکەرتی تایبەت کە
مەترسی و کاریگەری خراپ و شوێنەواری زیانبەخش و قوڵی لەسەر رەوشی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی
خەڵک دروست دەکات و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دەیان دیاردەی نەگونجاو و سەدان کارەساتی
جەرگبڕ .
هەروەها لەلایەکی تریشەوە رێگە بۆ سەرهەڵدانی چەندین دیاردەی تری ناشارەستانی
وەک کاری توندوتیژی و چەتەگەری مافیایانە و هێزی میلیشیایی و پاشاگەردانی و بێ سەروبەری دروست دەبێت ، حکومەت و دەزگا
ئەمنیەکانی زیاتر کاری ترساندن و بێ دەنگ کردنی کەسانی دیارو نەیاری دەسەڵات و تەسککردنەوەی
بوار و کاری نەقابی و رێکخراوەیی دەگرنەبەر و رێگە بە دەربڕینی نارەزایەتی و خۆپیشاندان رای ئازاد و ئازادی را دەربڕین نادەن ، تالەئەنجامدا دەسەڵات
بەرەو ملهوڕی و ستەمگەری مل دەنێت و (حکومەت وەک دەسەڵاتێکی تاکڕەوی بێ باک و موهەیمەن
بەسەر دەسەڵاتەکانی تری وەک دەسەڵاتەکانی تەشریعی و دادوەریدا دەردەکەوێت و دەستوەردەداتە
ناو هەمو کایە ئیداری و دەزگاکانی ترەوە و رۆڵ و پێگەیان لاواز و پەک دەخات ) (٣)،
تالەئەنجامدا ئەم قەیران و تەنگژە ئابوریە
وێرانکەرە روخێنەرە دەگۆڕێ بۆ قەیرانی سەختی مرۆیی ، قەیرابێک کە ژیان و چارەنوس و
دوارۆژی گەل دەخاتە بەر مەترسی جدی لێکترازان و داڕمانی کیان و قەوارەی دەسەڵاتەکەی .
زۆربەی ئەو حکومەتانەی
کە پەیڕەوی سیستمی ئابوری موڵکانە یا تەنها پشتیان بە ئابوری موڵکانە بەستوە وەک
تاکە سەرچاوەی داهاتی حکومەت ، لەئاکامدا بەرەو دەسەڵات و سیستمی ستەمگەری و زۆرداری
و تاکڕەوی ملیان ناوە و کەوتونەتە دژایەتی کردنی ماف و ئامانجەکانی هاوڵاتیان ، بۆیە
ئابوری موڵکانە جگە لەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک سەخت و دژوار دەکات لەهەمان کاتیشدا هۆکارێکە لە هێنانە کایەی سیستمی
سیاسی ستەمگەر و زۆردارانە کە سەرجەم بەها باڵا و ویژدانی و مرۆییەکانی خەڵک پێشێل
دەکات و حکومەت دەبێتە دەزگایەکی ئەمنی رووتی داپڵۆسێنەری پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی
خۆی و دەستوپێوەندە مولتەزیمەکانی ، نەک حکومەتی خەڵک و خزمەت و خاوەن خەونی گەورە
!.