عەلمانیەت لە پێچی مێژووی زانست دا
4/25/2021 8:57:00 PM
عەلی شەریف
کرۆکی چەمکی عەلمانیەت و بنەما بنچینەییەکانی ، بەرهەمی دۆزراوە زانستیەکان و زانا گەردونناس و بیرکاریزانەکان بو، بەڵام زیاتر بەناوی بیرمەندە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە لکاوە ، کە ئەوەش یەکێکە لە زوڵمەکانی مێژوو
نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس ( ۱٤۷۳ ـ ۱٥٤۳ز ) و وەرچەرخانێک لە مێژووی زانستدا ؛
مرۆڤ ، نەی توانیوە لێکدانەوەیەکی زانستی و لۆژیکی سەبارەت بەگەردون و دیاردە ودەرکەوتە کۆمەڵایەتی و سروشتیەکان هەبێ ، بۆیە سەدان رێگاو دەرئەنجام و لێکدانەوە و شرۆڤەی کاری هەڵە و نالۆژیکی لێکەوتۆتەوە و هەندێکی بوەبەبەشێک لە کلتور یا لەنێو داب ونەریتە کۆمەڵایەتیەکاندا رەنگی داوەتەوە و پەیڕەوکراوە و نەوە دوای نەوە گواستراوەتەوە ، بۆنمونە دیارە سروشتیەکانی وەک : هەورە بروسکە ، لافاو ، مانگ گیران و خۆر گیران ... لە کۆندا بە هۆکاری توڕەیی ئالیهە و خوا لە خەڵک وەک بەڵایەک نیشانی خەڵکی ئەدات و تۆڵەیان لێ ئەکاتەوە ، لەنێو هەندێ تیرە و هۆزەکۆنەکانی مێژوودا زۆر جار جوانترین کچ لە نێو هۆزەکەدا وەک قوربانی فڕێدراوەتە ناو روبارو چۆمە هەڵچوەکان تاوەکو لە تۆڵە و توڕەیی خواکەیان پارێزراو بن وئارام بێتەوە ...لە ناوچەکەو نێو گەلانی موسڵمانیشدا هێشتا هەندێ لەو سروتە ئاینی و نوێژی بەکۆمەڵ وتایبەت لەبەرامبەر دیاردە سروشتیەکانی وەک (مانگ گیران ، وشکە ساڵی) پەیڕەو ئەکرێ بێ ئاگا لەوەی کەئەم رووداو و دیادە سرشتیانە دیاردەی ئاسایی و سروشتین و هیچ بکەر و هێزێکی ئیلاهی و ونی لە پشتەوە نیە و رودانیشیان پەیوەندی بە گۆڕانی کەش و هەوا و جوڵەی زەوی و ئەستێرەکانی تر و سوڕانەوەی زەویە بەدەوری خۆی و خۆردا ...
سەبارەت بە بیروڕا و سەرخانی فکری کۆمەڵگە کە رەنگدنەوەی پەیوەندی وجۆر و ئاست و هۆکارەکانی بەرهەمهێنانن ( ژێر خانی ئابوری کۆمەڵگە ) ن ، کە بەدرێژایی چەندین سەدە مرۆڤایەتی بەدەستی جیاوازی گەورەی چینایەتی و رەگەزیەوە چەوسێنراوەتەوە و رەنجی بۆ کەسنی تربوەو بێ بەش کراوە لە مافە سروشتیە ئاسیاییەکانیشی ، بۆ نمونە فەیلەسوفی گەورەی یۆنانی ئەرستۆ تالیس (۳۸٤ ـ ۳۲۲ پێش زاین ) ژیاوە سەبارەت بە بون و پێگەی کۆیلە ئەڵێ ؛ (سیستمی کۆیلایەتی و لەو روانگەی کە کۆیلە لایەنێکی باشی هەیە بەوەی توانای بەهێزی هەیە بۆ کار کردن . وەئەڵێ ؛ چارەنیە لەوەی کە دەستەیەک حاکم ودەستەیەکی تر محکوم بن ،چونکە هەمیشە ئەوانەی پێگەو مەنزەلەیان بەرزترە حوکمداری ئەکەن بەسەر ئەوانەی کە لەخوارەوەن و پێگەیان نزمە ،وەسروشت عادەتەن لەشێکی بەهێزی بە کۆیلە بەخشیوە بۆ کارکردن و ئەقڵێکی باش و فکرێکی کامڵیشی خستۆتە لەشی کەسە ئازادەکان بۆیە لەوە ئەوە دەردەکەوێت کە مرۆڤە ئازادە ئەقڵەکان ئامادەترن بۆ ئەوەی حوکمداری بکەن وەک ئەوەی مێشک حوکمی لاشە ئەکات )
ئەرستۆ جگە لەوەی زانیاریەکی زۆری لەسەر سیاسەت و دەسەڵات هەبوە ، لە بواری بیرکاری و فەلەکناسیدا زانیاری زۆری بڵاوکردۆتەوە و کاریگەری زانیاریەکانی تاسەدەکانی ناوەراست رۆڵی گەورەی هەبوە لە نێوتەواوی دامودەزگا دینی و ناوەندەکانی پەروەردەو فێرکردن و زانکۆکاندا بەجۆرێک کە زۆربەی زانا لاهوتیە کاپۆلۆکیەکان لە ناوبانگترینیان (تۆما ئەکوینی ۱۲۲٤ ز ـ ۱۲۷٤زاینی ) بیروراکانی ئەرستۆی لەگەڵ بابەتە فێرکاریەکانی لاهوتیەت یەکخست (دمجو) ووە ئەو بیوڕا فەلەکیەی ئەرستۆ کەئەڵێ " زەوی جێگیر ووەستاوە و گەردون بەدەوریدا دەسوڕێتەوە " بوە عەقیدەی کاپولیکی وتەبەنی ئەو بیروڕایانەیان کرد وپێشتریش کۆمەڵێ لە لاهوتیە کۆنەکان بڕواو پا بەندی خۆیان بە بۆچونەکەی ئەرستۆ سەبارەت بە زەوی چەقی گەردونە و هەمو کەون بەدەوری زەیدا ئەسورێتەوە ، دەربڕی بوو چونکە زیاد لە پێویست چەند ئایەتێکیان لەوبارەوە شیکردبۆوە لە کتێبی پیرۆزی زەبور ی داود پێغەمەر وە یەکێکیان ئەو ئایەتەیە کە ئەڵێ ( ان اللە هو المۆسس اڵارچ علی قواعدها فلا تتزعزع الی الدهر و اڵابد "
بەم شێوەیە بیروڕا فەلەکیەکانی ئەرستۆ شانبەشانی ئەوزەمینە سازیە عقائدیە لاهوتیە و دواتریش ئەو پشتگیریە گەرمە وگرنگەی کە ئاینی کاپولیکی پێیدا و تەبنی کرد ، بوە یەکێ لە پایە گرنگەکانی بواری فێرکاری و تەواوی وڵاتانی ئەوروپا و سنوری ئیمپراتۆرەکانیشی گرتەوە و وەک تیۆری ئەرستۆ ناسرا کە پێی وابو زەوی چەقی گەردونە و ۷ حەوت ئەستێرەی (عگارد ، زوهرە ، مەریخ ، مشتەری ، زوحەل ، خۆر و مانگ ) لە خولگەیەکی بازنەیدا بە خێراییەکی جێگیر بەدەوری زەویدا ئەسوڕێنەوە ) . دوای ئەرستۆ ، ( کلودیۆس بگلیموس ۸۷ ـ ۱٥٠ زاینی ) کە لە ئەسکەندەریەی میصر لەدایک بوە وهاوڵاتی رومانی بوە ،یەکێک بوە لە فەلەکناسو بیرکاری زان وجوگرافی ناسی بەناوبانگی سەردەمەکەی خۆی و چەندین لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی زانستی ئەنجام داوە و دەربارەی فەلەک لە ساڵی ۱٤٠ ی زاینیدا هاوڕابوە لەگەڵ ئەرستۆ کەزەوی بە ناوەندی گەردون داناوە بەڵام ئەڵێ ئەستێرەکان بە شێوەی بازنەی بەدەوری زەویدا ناسوڕێنەوە بەڵکو هەمویان بەدەوری ناوەندێکی تایبەت بەخۆیاندا ئەسوڕێنەوە بەشێوەی هیلینجی (epicycle ) ولەهەمان کاتا سوڕانەوەکەی خۆی بەدەوری زەویدا بەردەوامە بەمەش زەوی ئەبێتە ناوەندی ناوەندەکان و جەختیشی لە خڕی ئەستێرەکان کردۆتەوە ، تیۆرەی بگلیمۆس سەبارەت بە دانانی زەوی بە چەقی گەردون و نەجوڵانی ، هەر جەخت کردنەوە نەبو لە تیۆرەکەی ئەرستۆ بەڵکو داننان و جەختکردنەوەش بو لە هەمو ئەو معتقداتە باو و ئیلاهیانەی پێشتر کە زەوی بە ناوەندی گەردون و مرۆڤ وەک کائنێکی بیرکەرەوەی گەورە لەو ناوەندە دا وێنا ئەکات و هەمو گەردون لەدەوری خولگەی ئەو مەخلوقە کە مرۆڤە و شایستەی ئەو گرنگی پێدانەیە ئەسوڕێتەوە و بەمەش تیۆری بگلیمۆس هاوشێوەی تیۆرەکەی ئەرستۆ ،لەلایەن ئاینی کاپۆلیکی تەبنی کراو بۆ هیچ کەس وناوەندێک نەبو کە دژی ئەم بۆچونە بوەستێ و رەتی بکاتەوە .
بەڵگەی ئەرستۆ بۆ سەلماندنی ئەوەی کە زەوی چەقی گەردونە و ناجوڵێ بەلای ئەوەوە ئەگەر بەردێک بەرەو بەرزی ئاسمان هەڵبدرێ ئەبینین لە هەمان شوێنی هەڵدانەکەیدا ئەکەوێتەوە سەر زەوی ،خۆ ئەگەر زەوی بجوڵێ یا بسوڕێتەوە ئەبێ بەردەکە لە شوێنێکی تر بکەوتایەتە سەر زەوی ، بگلیمۆسیش بۆ سەلماندنی راستی تیۆرەکەی لەو سەردەمەدا بەڵگەی ئەوەی خستەڕو وتی زەوی ئەگەر لە رۆژێکدا بەدەوری خۆیدا بخولێتەوە پێویستە زەوی بەخێرایی ۲٠٠٠ دوو هەزار کیلۆ مەتر لە کاتژمێرێکدا ببڕێت و ئەگەر زەوی بەو خێراییە بخولێتەوە ئەوا رەشەبا و بای لماوی و شەپۆلی بەهێزی ئاوی دەریاکان سەر رووی زەوی دادەپۆشێت کە لەواقیع دا ئەمانە هیچیان روویان نەداوەو بونیان نیە بۆیە زەوی ناجوڵێ و هەمو ئەستێرەو گەردون بەدەەری چەقی زەویدا ئەخولێتەوە .
هەڵەی بەڵگەی هەردوو تیۆرەکە ولێکدانەوەکانیان ئەوەیە کە بەرگە هەوایی و بەردەکەی ئەرستۆ وهەموو دەریاو روبارەکان سەرزەوی بەهەمان پێوەری یەکسان هەمویان بەیەکەوە ئەجوڵێنەوە وئەسوڕێنەوە،
وەیەکێ لەو هۆکارانەی کە کەنیسە پابەندبون و تەبنی تیۆرەکانی ئەرستۆ و بگلیموسیان کرد ئەگەرێتەوە بۆ هۆکاری نەفسی مرۆڤ ، چونکە خولانەوەی زەوی لای ئەوان مانای بێکەڵکی و بێ ئەهەمێتی مرۆڤەکان ئەگەیەنێ لە گەردوندا ، بۆیە هەر هزر و بۆچونێکی تر و جیاواز لەمە دژوەستانی بیروڕاکانی کەنیسە کە رای وایە کە زەوی چەقی گەردونە و کەنیسەش چەقی زەویەو لەمەشەوە کەنیسە ئەبێتە چەقی دنیا ،بۆیە بەجوڵانی زەوی هەمو ئەو بیروڕا و تەصەوراتانەی کەنیسە ئەبنە تۆزوبا .
مرۆڤ بەردەوام بەدوای حەقیقەتدا گەڕاوە و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوە نهێنی و بابەتە شاراوە و نەزانراوەکانی سروشت و دەوروبەرەکەی بزانێ و شی بکاتەوە بۆیە ئەبینین کاروانی زانست و زانیاری و گەڕان و دۆزینەوە کان رۆژ دوای رۆژ لە هەردوو بواری ستونی و ئاسۆیی زیاتر بون .
چاخی گریکی پێش لەدایک بونی مەسیح وبەتایبەتی ٥ پێنج سەدەی بەر لە زاین بە چاخی بێداربونەوە وگەرانەوە بوە بۆ خوێندبەوە ووردبونەوە لە دەقە کۆنەکان وداهێنراوەکانی گریک ، دوای سەرهەڵدانی مەسیحیەت و بڵاوبونەوەی بیرورا ئاینیەکانی مەسیحی ململانێ و ناکۆکی ئاینی نوێ لەنێوان لایەنگرانی ئاینی مەسیحی نوێ و ئاینی کۆن ومعتقداتی دینی باو سەرهەڵدەدات و لەساڵی ۳۳۷ی زاینی و کۆتایی سەدەی چوارەمیدا لەلایەن قسگنگینی یەکەم و دەسەڵاتدارە رۆمانیە مەسیحیەکانەوە بڕیار لە فەرمی بونی ئایینی مەسیحیەت ئەدرێت ، بەڵام ئایینی مەسیحیش وەک تێکەڵەیەک لە هەڵگری ئاینی پێش خۆی گەلێ لە دەقە ئاینی و شعاراتی ئاینی کۆنی میپرائی تیاجێکرابۆوە بەجۆرێک کە شتێکی نوێی وای تیانەخوێندرایەوە دەربارەی هاندان و پێشکەوتنە زانستیەکان و عەدالەت و چاکسازی سیاسی ، جگە لەوەی کە بانگەشەی یەک خوای و رەتکرنەوەی پەرستنی ئەو فرە ئالیهە و فرە خواییەی راگەیاند و دواتریش بەهۆی کەنیسەوپیاوانی ئایینیەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر هەمو دامودەزگا سیاسی و دینی و خوێندن وپەروەردە و دامەزراوە زانستیەکاندا گرت و پێیان وابو کڵێسە ئەو نێوەندەیە لە نێون خوا و مرۆڤدا ،واتە خوا راسپاردە ورێنماییەکانی لە رێگەی کڵێسەوە دەگاتە خوارەوە و عیبادەت وچاکەکانی مرۆڤ ورەفتارەکانی بەگشتی بەهۆی کڵێسەوە دەگات بەخوا ،وە دەیان وت ئەگەر کڵێسە لە خەڵک نەبورێ ئەوا خواش لێی نابورێ و کارتی لێخوش بون ( صکوک الغفران )و چونە بەهەشتیان بە خەڵک ئەفرۆشت و سەروەت وسەرمایەیەکی یەکجار زۆریان بۆخۆیان کۆکردبۆوە ، کاپۆلیکەکان پێیان وابو ئەم دنیا پیس و هیچە ،وەک زیندانێک وایە و زەوی تاراوگەیەکە و ئەبێت لەم دنیا دوور کەوینەوە و هەمیشە خەریکی عیبادەت بین ،کاپۆلیکەکان پێیان وابو ئادەم وحەوا کەلە بەهەشتابون چێژ تەنها چێژێکی روحی ونەفسی بوە ،بەڵام کاتێ ممارەسەی چێژی جەستەییان کرد خوا سزای دان و لە بەهەشت دەری کردن ،بۆیە مرۆڤ بۆئەوەی لە خوا نزیک بێت ئەبێ دوور بکەوێتەوە لە خۆشی و چێژی مادی و جەستەیی .
ئەو بارودۆخەو بیروباوەڕە باو و دەسەڵاتە پڕ قۆرخکاریەی کە نیسە و پیاوانی کەنیسەی کاپۆلیکی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی مەلیک وتەواوی سیستمی حوکمڕانی و رەوتی زانین و زانست و بارودخی ئەوروپا و ئیتاڵیای بەتایبەتی لاواز و سست کردبو ، ڤاتیکان لەناو دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی رۆمادا ببوە دەوڵەت و ناوەنێکی سەربەخۆ و بڕیاردەر بە جۆرێک کە مەترسی بنەرەتی لەسەر تەوای دەسەڵاتی ئیمپراتور دانابو جگە لەوەی لەگەڵ رەوتی پێشکەوتن و دەرکەوتنی چینی ناوەراست و گەشەی بازرگانی و لاوازبونی دەرەبەگەکان و زۆر بونی بەرهەڵستکاری دژی بیروباوەری کاپۆلیکی و گەرموگوڕی کەشتی گەلی بازرگانی ئیالیا ،پەیدابونی شاری گەورە و کۆچ لە لادێ بەرەو شار و جیابونەوەی چینەکان لەشاری ڤینیسیا نەدەهاتەوە کە زیاتر لە ۱٦ هەزار کەس لەکارگەی پیشەسازی چنین و ٦شەش هەزار کەسی تر لە کارگەی دروستکردنی کەشتیدا کاریانکردوە کە پەیدابونی سەرمایەدار و کرێکاری هێنایە ئاراوە و شان بەشانی ئەوەش سەدەی پانزە و شانزەی زاینی بەسەدەی دەرکەوتن و دۆزینەوە و وەرچەرخان و ئاڵوگۆری گرنگ وگەورە دا ئەنرێت کە نەک هەر ئیتالیا و دەسەڵاتی پاپۆیی و پیاوانی ئاینی مەسیحی گرتەوە بەڵکو کاریگەریەکانی تەواوی ئەورپا و دنیای گرتەوە کە گەورەترین و کاریگەرترینیان لەبواری فەلەک و ریفۆرمی ئاینی و تیۆری دەسەڵاتی رەهای ماکیاڤیلی .
بەدرێژی ماوەی زیاتر لە ۱۷ سەدە تەواوی ئەوروپاو سەرزەمینی داگیرکراوی قەڵەمڕەوی هەردو ئیمپراتۆریەتی ئەغریقی و رۆمانی لەژێر دەسەڵات و هەژمونی بیروباوەری ئایینی کۆن و ئالیهە کان و ئاینی مەسیحی و تیۆری ئەرستۆ و بگلیمۆس دابو سەبارەت بە دانانی زەوی بەناوەندی گەردون و ئەستێرەکان ومانگ وخۆر بەدەوریدا ئەخولێنەوە ، کە کەنیسە ئەم تیۆرەی تەبەنی کردبوو ،بەڵام دەرکەوتنی تیۆرێکی نوێ لەلایەن زانای بیرکاری و فەلەک ناس بەناوی (نیکۆلاس کۆپرنیکۆس ۱٤۷۳ ـ ۱٥٤۳ زاینی ) سەبارەت بە گەردون نەک هەر سنوری فەلەک بەڵکو کایگەری تەواوی کردە سەر کایەی سیاسی و ئاینی فەلسەفە و رۆشنبیری مرۆڤایەتی بەگشتی ، کە تەواوی تیۆری فەلەکی ئەرستۆ وبگلیمۆسی لنگەوقوچ کردەوە و عەرشی دەسەڵاتی ئاینی کاپۆلیکی وپیاوانی کەنیسەی هێنایە لەرزین و سەلماندی کە زەوی چەقی گەردون نیە بەڵکو خۆر چەقی گەردونە و زەوی بەدەوری خۆیدا ئەسوڕێتەوە و لەگەڵ ئەستێرەکانی تری کۆمەڵەی خۆر بەدەوری خۆردا ئەخولێنەوە ...
نیکۆلاس کۆپرنیکۆس بەردی بناغەی زانستێکی ئازاد و دور لە ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕە ئاینیەکان داڕشت و سەرکەوتنی تیۆرەکەی کە وتی زەوی بەدوری خۆیدا ئەسوڕێتەوە و وە بەدوەری خۆریشا ، گرنگی زۆر گەورەی هەبو نەک هەروەک بنچینەیەکی زانستی نوێ ، بەڵکو بوە هۆی تێکشاندنی هەندێ بیروڕای باو و بڵاو کە ماوەیەکی زۆر دژی هەمو بیروبۆچونێکی تازە ئەوەستایەوە لەو بوارەدا و هەروەها ئەو تیۆرە نەک هەر سنوری بواری فەلەک بەڵکو ئەنجامە زانستیەکانی کاریگەری گەورەی کردە سەر کایەکانی تر وەکو ئایین و سیاسەت وفەلسەفە و رۆشنبیری مرۆییانە بەگشتی ، لەلایەکی تریشەوە ئەم دۆزینەوە تازەیەی فەلەک بوە هۆکاری ئەوەی کە زانست و بیرکاری ببەستێتەوە بە ئەقڵانیەت و بگاتە ئەو باوەڕەی کە ئەقڵی تەواو ئەتوانێ حەقیقەت دەرخا لەگەڵ لێکۆڵینەوەی ئەزمونی ،کە دواتر و لەوەوە دەروازە و ئاسۆی پێشەکەوتن و بۆ پێشەوە چونی گەورەی تەکنەلۆژی سەرنج راکێش لە سەدەکانی ۱۷ و۱۸ زاینی لێکەوتەوە و زانکۆکان و کەرتی پەروەردە وفێرکردن سەربەخۆ و ئازاد بون و لە ژێر دەستی کەنیسە و پیاوانی ئاینی دەرهێنران وئەو سەدەیەش بەدیاری کراوی بە شۆڕشی پیشەسازی ناوبانگی دەرکرد و ئەو سەدانە بەسەدەی ( سەردەمی ئەقڵ یا سەردەمی رۆشنگەری ) ناوەزەند کران کەهەریەک لە زانا و فەلەک ناس و بیرکاریزان و فیزیناسەگەورە وبەناوبانگەکانی وەکو ( یۆهان کبلر ۱٥۷۱ ـ ۱٦۳٠ ز ) وتیخۆ براهی ( ۱٥٤٦ ـ ۱٦٠۱ ز ) و گالیلۆ ( ۱٥٦٤ـ ۱٦٤۲ ز ) هەریەکەیان راستی و زانستی بونی تیوەرەکەی کۆپەرنیکۆسیان سەلماندو دەوڵەمەندتریان کردو یاسای تازە و بەڵگە ی رونتر و کەموکورتەکەیان چارەسەرکرد ، دواتر زانای گەورە ی بواری فیزیا ( نیوتن ۱٦٤۳ ـ ۱۷۲۷ ز ) یاسا بەناوبانگەکەی هێزی راکێشانی زەوی و ( راکێشان وپاڵنان ) ەو یاسایانەی کە پەیوەندی بە سورانەوە و هاوسەنگی و جوڵە وخێرایی وکاروکاردنەوەوە هەیە لە دوتوێی چەند یاسایەکدا رێکخست وبڵاوکردەوە کە وەرچەرخانێکی گەورەی زانستی بەدوای خۆیا هێنا و بواری زانستی گەردونناسی و خۆر وەک چەقی گەردون و زەوی و خولانەوەی ئەستێرەکانی ترو هەمو تەنە ئاسمانیەکانی تری گەردونی لە جوڵە و خێرایی جێگیر و هاوسەنگیان لە کۆمەڵە و خولگە دیارکراوەکانی خۆیانا لەجوڵە و خولانوەی بەردەوم دان بە پێی یاسای هێزی کێشکردن و دەرئەنجامە دۆزراوەکانی نیوتن ئەم ئەنجام و یاسا بەناوبانگانەی نیوتن چەند شۆرشێکی زانست بو ئەوەندە و زیاتریش شۆرشێکی فکری و ئەقڵانی و کاریگەریەکی گەورەی لە سەر تەواوی دنیاو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دانا وئەو گۆرانکاریە پیاوانی کەنیسەی توشی یەبڵەق بون و شڵەژانێکی گەورە کرد و هەستیان کردچیتر ناتوانن مصادەرەی ئەقڵی مرۆڤ بکەن بۆیە بەتوندی کەوتنە دژایەتی کردن و هێرشکردنە سەر ئەوزانا یانەو بە بێ ئیمان ولە دین دەرچو ناویان بردن ، بەڵام دواتر پیرۆزی و هەیبەتی پیاوانی ئاینی لەبەردەم زانا و دۆزراوە زانستیەکاندا کەوتە لەرزین .
ـ یەکێ لەهۆکارەکانی تر کە بوە هۆی لاوازکردن و پەراوێز بونی زیاتری دەسەڵاتی کەنیسە و پیاوانی دینی و پاپا جگە لەو دۆزینەوە زانستیەی کۆپەرنیکۆس و دۆزراوە زانستیەکانی تر بارودۆخی خراپ و مەترسی پارچە پارچە بونی ئیتالیا بو
لەسەر دەستی پاپا وبڵاوبونەوەی ئاژاوە و پاشاگەردانی کە تەوای ئیتالیای گرتبۆوە بۆیە ؛
ـ ماکیاڤیلی (۱٤٦۹ ـ ۱٥۲۷ زاینی ) سیاسی ومیژوونوسی گەورەی ئیتالیا تیۆرێزە بۆ دەسەڵاتی رەهای پاشا ئەکات وهانی پاشا ئەدات کە دەسەڵاتی رەهای خۆی پیادە بکات و نەتەوەوخاکی ئیتالتا لە دەستتێوەردانی دەرەکی و پاشاگەردانیە رزگار بکات و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ بەسەر کەنسەو دەرەبەگەکاندا کەهەریەکە لای خۆیەوە ئیمارەتێکی لەژێردەستابوە و پێویستی کردوە لەلایەن هێزێکەوە کە مەبەستی هێزی پاشابوە ئەو ناوچانە یەکبخات و یەک دەسەڵاتی یەکگرتوی بەهێز کە ئەویش دەسەڵاتی رەهای پاشا بێ دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ ، هەروەها بەلای ماکیاڤیلیەوە توندی تیژی بابەتێکە کە بابەتی باسکردنە و ئەڵێ مرڤ بێ توندوتیژی ناژی و توندوتیژی هەر هەبوە و ئەڵێ باتوندو تیژی هەبێ ، بەڵام توندوتیژیەکی یاسایی کە مەبەستیەتی جیای بکاتەوە لە توندوتیژی نایاسایی ئەو پێی وایە ئەبێ توندتیژی یاسایی هەبێ واتە توندو تیژی بەئامانجی زەبت و رەبت و توندوتیژیەک کە کاتی بێ و دادپەروەرانەو هەموانیش بگرێتەوە ..
هەر لەبەر ئەو پاشخانە مەعنەوی و باردۆخە نالەبارەدا خراپەدا بوە کە ئیتالتا تێی کەوتوە ماکیاڤیلی داوائەکات کە حاکمی مستبد هەبێ بۆئەوەی یاسا دابنێ ،کە یاسایەک هەبێ هەمو جێ بەجێی بکەن و ئەڵێ ؛ مرۆڤ کائینێکی خۆپەرستە وهیچ سنورێک نیە بۆ تێر بونی مرۆڤ ، ئەگەر هێز نەبێت یاسا نابێت بۆیە پێویستە هێزێک هەبێ وڵات لەو پاشاگەردانیە رزگار بکات وئەگەر هێزێک و دەسەڵاتێک نەبێ گەورە بچوک دەخوات هەر لەبەر خەمی نەتەوە ومەترسی بۆسەر ئیتالیاش بو کە وتی ؛ (الغایە تبرر الوسیلە ، ستراتیجی رەوا پاساودەری تاکتیکی نارەوایە. ئەم تێورەی ماکاڤیلی رۆڵی گر نگی گێرا لە لاوازکردنی دەسەڵاتی کەنسە و دەرەبەگەکان وهاوشان بو لەگەڵ کۆی کارگەریە زانستی و فێرکاری و ئەو سەرەتاییەی کە زەمینەی بەرجەستە بونی نەتەوەیی بو لە ئیتالیا لە پەرەسەندنی بازرگانی و پیشەسازی ودەرکەتنی چینی بورژوا هەرەکو مارکس ئەڵێ ؛ ( ئەبێ زەمینەی مادی لەئارادابێ بۆ ئەوەی بیر بتوانێ کاری جوڵاندن ورێکخستن وگۆڕان ئەنجام بدات ).
ئاینی کاپۆلیکی جگە لەوەی لە سەر ئاستی دەرەوەی روبەڕوی هێرش و رەخنەو بەرهەڵستکاریەکی توندی زانستی و بابەتی و واقیعی ببوەوە بەتایبەتیش دوای تێکشانی تیۆرەی بگلیمۆس کە زەوی وەک چەقی گەردون وێناکرد بو لەگەڵ فراوان بون و زۆر بونی دەسەڵاتەکانی پاشا لە یەکخستن و سەپاندنی هێزی دەسەڵاتی خۆی کە پێگە و دەسەڵاتی کەنیسە و پاپای لاواز وکەنارگیر کردبو لە کاروباری حوکمداری و داموزراوە زانستی و فێرکاریە کاندا ، هاوشانی ئەوە
ـ چاکسازیەکانی (راهیب مارتن لۆسەر ۱٤۸۳ ـ ۱٥٤٦ ز) و جاردانی ۹٥ لە نامە نوسراوەکانی لەساڵی ۱٥۱۷ زاینیدا کە هەموی دژی بۆچۆنە دینی و رەفتار و هەڵسوکەوتی کەنیسەو پیاوانی ئاینی کاپۆلیکی بو کە ئەو ئایینەی کرد بەدوو بەشەوە و مەزهەبی پرۆتستانتی کە بە باڵی چاکسازی ئایینی مەسیحی و سنوردارکردنی دەسەڵاتی کەنیسە و پیاوانی لە ژیانی گشتی ناوەزەند کرا ، ئەوەندەی تر رۆڵ و کاریگەری کەنیسەی کەمکردو رایگەیاند کە مرۆڤ پێویستی بەهیچ ناوەندێک نیە تالەگەڵ خوای خۆی پەیوەندی ببەستێ و پیاوانی کەنیسە ناتوانن و مافی لێخوش بون یا پاکردنەوەی خەڵک و توانای بەخشین و پێدانی بەهەشتیان نیە بەخەڵک لە بەرامبەر بڕێک پارە و زۆر دژی ئەوە بو کە ( صکوک الغفران ) بفرۆشرێ لە لایەن پیاوانی کەنیسەوە و رەتی کردەوە کە کەنیسە نوێنەری خوا بێت لەسەر زەوی و مرۆڤی هاندا بۆ کارکردن و ئازادی و دروستکردنی بەهەشتی راستەقینەی خۆی لەسەر زەوی ، هەروەها کتێبی پیرۆز ( ئینجیل ) کە بەزمانی لاتینی نوسرابو و تەنها پیاوانی ئایینی و دەسڵاتداران و خانەدانەکان و توێژی نوبەلا ئەیان توانی بیخوێننەوە و تێی بگەن ، وەریگێڕایە سەر زمانی ئەڵمانی و کەئەمە بوە هۆکاری بوژانەوەی نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی ،لاواز بونی ئاینی مەسیحی بوە هۆی لاواز بونی زمانی لاتینی و سەرەتای سەرهەڵدنی گرنگی زمانی نەتەوەیی و دواتر جوڵانەوە نەتەوایەتیەکان و دروست بونی دەوڵەتی نەتەوەیی لێ کەوتەوە
دین کەهاتە ناو رەهەندی سیاسەت و دەسەڵاتەوە لە مانا راستەقینەکەی خۆی لە ئاسمانی بونی خۆی دوور ئەکەوێتەوە چونکە هەر مەزهەبەو بەپێی بەرژەوەندی خۆی دەدوێ و ئەڵێ حەقیقەت لای منە !
جیابونەوەی مەزهەبی پرۆتستانتی وەک باڵێکی رەخنەیی فرە رەهەندی چاکسازی لە ئاینی دایک (مەسیحی کاپۆلیکی ) ، ململانێ و ناکۆکی توندی مەزهەبگەریی لەگەڵ خۆیا هێناو رۆژدوای رۆژ فراوانتر ئەبو تاوای لێهات سەراپای ئەوروپا و وڵاتانی ئەسکەندەنافی گرتەوە و لەئەنجامدا لە ساڵی ۱٦۱۸ز شەڕی مەزهەبی لە نێوان (لایەنگرانی هەردوو مەزهەبدا) ئەوروپای خستە شەڕێکی خوێناوی وماڵوێرانکەرەوەکە لە مێژوودا بەشەڕی (۳٠) سی ساڵەی مەزهەبی نێوان کاپۆلیک و پرۆتستانتەکان ناسراوە و لەساڵی ۱۹٤۸ ز بەپێی رێککەوتنامەی ویستڤالیا کۆتایی پێهات .
هەرچەندە ئەم شەرە زیانێکی گەورەی مرۆیی و مادیی بەئەوروپا گەیاندن و رەوتی پێشکەوتن و شارستانی دواخست و ئاڵۆزی و پەشێوی بڵاوکردبۆوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەندەکانی رێککەوتنامەی وستڤالیای ساڵی ۱٦٤۸ز ئەم خاڵە گرنگانەی لێکەوتەوە کە کاریگەری زۆری لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و دەسەڵات و دەوڵەت و پەیوەندیە سیاسی و هەروەها فاکتەرێکی گرنگ بو لە دارشتنی سیاسەت و دەرخستنی دەوڵەت وەک تاکە بکەری یاسایی و بریار دەر و چالاک لە پەیوەندیە سیاسیە نێو دەوڵەتیەکان و پەراوێزخستنی دامەزراوە دینی و پیاوانی دینی لەو نێوەندە گرنگە دپلۆماسی و سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیانەدا کە جەختی تەنها لەسەر رۆڵ و پێگەی دەوڵەت و حوکمداری دەسەڵات ئەکردەوە لە رێکخستنی پەیوەندی نێوان خەڵک و خەڵک لەلایەک و خەڵک و دەسەڵات لەلایەکەی ترەوە . هەروەها ئەو رێککەوتنە بوە هۆی ئەوەی زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە بەرەو خوێندن وفێربونی زانست وزانیاری و فەلسەفە بچن و کۆتایی بە قۆرخکاری لاهوتیەت هێنا و ئازادی و سەربەخۆیی لە پرۆسەی خوێندن و لەوێشەوە بۆ ئازادی بیر لەتەواوی ئەوروپادا بڵاوبۆوە ، ئەگەر پێشر پەیوەندی سیاسی و دینی تەنها لەنێوان خێزانە دەسەڵاتدار و پیاوانی ئایینیدا بوبێت دوای ئەو رێککەوتنە ئەو پەیوەندیە رێکار و ئاستێکی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی وەرگرت و روخسار و مۆرکێکی شارستانی و دامەزراوەیی دور لە دەسەڵاتی دینی و دەستێوەردانی دینی بەخۆیەوە بینی و کەنیسە لەوبوارەشدا پەراوێزخرا وپێگەیەکی گرنگی لەدەستدا ،جگە لەوەش بەندەکانی رێککەوتنەکە بوە هۆکاری ئاشکرابونی کۆمەڵێ داواکاری و وتە و بۆچونی خورافی و ساختەکاری و پڕدرۆ و دەلەسە ، کە پاشاکان چیتر ئامادەنەبون گوێیان لێ بگرن و بەگرنگیان دابنێن بەڵکو بە پێچەوانەوە پاشاکان لەگەڵ پرۆسەی سیاسی و پتەوکردنی دەسەڵات و بنەماکانی سیاسەتی نوێ و گرنگی بیری نوێ و بەگەر خستنی ئەقڵ و زانست وزانیایدا بون لە هەمو بوارەکانی ژیاندا ، بەمەش کرانەوەو ئازادی زیاتر و بوە هۆی جوڵاندنی فکر و ئەقڵی مرۆڤ و هاندانی پرنسیپی گفتوگۆ و موناقەشە لە پێناو گەیشتن بە راستیەکان لە هەر شێوەیەکدا بێ ، هەروەها جەخت لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی گەل لەسەروی بەرژەوەندی هەموان و پیاوانی ئایینیشەوە یەو ئەبێ بیرو باوەڕەکان لەوەیا چڕ بکرێنەوە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک کە مافەکانی هەموان لە خۆ بگرێت و جێگەی هەموان ببێتەوە ...
دۆزراوە زانستیەکان و هەوڵە بەردەوام و سەرکەوتوەکانی زانا و گەردونناس و بیرکارزانەکان و بەتایبەتیش دۆزراوە زانستیە تازەکەی کۆپەرنیکۆس لەساڵی ۱٥٤۳ی زاینی کە کۆتایی بە تیۆری فەلەکی بگلیمۆس و چەقی زەوی و کەنیسە وەک چەقی دنیا هێنا و زەوی و مرۆڤی گەراندەوە بۆ پێگە وشوێنە بچوک و سروشتیەکەی ، کە ئەمە گورز و وەرچەرخانكی زانستی گەورە بو درا لە تەواوی پێکهاتەی بەرجەستەبوی دوانەی دەسەڵاتی دینی و زەمەنی لەو سەردەمەدا و کەنیسە و دەسەڵاتی لاهوتی بنەمایەکی بنچینەیی تیۆری پشت ئەستور بە شعارات و معتقداتی دینی لەدەستدا و بێ چارە و دەستەوەستان مانەوە و بانگەشەو داوا لۆژیکی و چاکسازیەکانی مارتن لۆسەر و راگەیاندنی ۹٥ نامە نوسراوەکانی کە هەموی رەخنە و سەرنجی قوڵ بون لە ئاینی کاپۆلیکی لەساڵی ۱٥۱۷ زاینی دا ئەوەندی تر کەنیسە وپیاوانی ئاینی کاپۆلیکی توشی دارمان و شێوان و شڵەژان کردبۆوە ، کەلەلایەک روڵ و پێگەی کەنیسەی وەک نێوەندێک لە نێوان و خوا و باوەڕداراندا نەهێشت و داوای جیای ئاینی لەدەسەڵات ئەکرد و وتی ئەبێ وتەی یەسوعی مەسیح کەئەڵێ ( دع مالقیصر لقیصر و ماهو للە للە ) ئەبێ جێ بەجێ بکرێ و نابێ ئایین تێکەڵ بە سیاسەت و دەسەڵات بکرێ و ئەبێ مرۆڤ ئازاد بێ لە هەڵبژاردنی ئاین و خەڵک ئەبێ لەبەرخۆشەویستی وپیرۆزی و گەورەیی بۆ خوا ، خواپەرستی بکات نەک لەترس و سزای ئەو دنیا ، وە مرۆڤی هاندا کار بکات و ئەڵێ پێویستە مرۆڤ لەسەرزەوی بتوانێ بەهەشتی خۆی دروست بکات . کە ئەمانە هەموی بابەتگەلێکی گرنگ و بونە بنەمایەکی پتەو لە جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و دورخستنەوەی پیاوانی ئاینی و کەنیسە لە دەسەڵات و تەواوی ژیانی گشتی .
ـ یەکێ لە پایە گرنگ ودیارەکانی تر کە دەسەڵاتی ئایینی لاواز و پەراوێزتر خست بڵاو بونەوەی کتێبەکەی ماکیاڤیلی بو کە دوای مردنی لەساڵی ۱٥۳۲ ز چاپ و بڵاوکرایەوە کە دەربارەی سیاسەت و بنەماکانی هێز و یەکگرتویی دەسەڵات و دەوڵەتی نەتەوەییە ، کە هانی دەسەڵات و پاشا ئەدات کە وڵات لە پاشاگەردانی و مەترسی پاچە پارچە بون بپارێزێ و کۆتایی بە دەستێوەردان و دەسەڵاتی کەنیسە و پاپا بهێنێت و دەوڵەتێکی یەکگرتوی بەهێز پێک بهێنێ ..
تەواوی ئەم دۆزینەوە زانستی و هەوڵی ریفۆرم لە ئایینی مەسیحی و تیورێزەی ماکیاڤیلی بۆ دەسەڵاتی رەهای پاشا سێ کوچکەیەکی گەورە و گرنگ بو لە رووبەروبونەوە و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە تاریک و ناشارستانی و دواکەوتوەی کە تەواوی ئەوروپای گرتبۆوە و گیرۆدەی چەندین موعتەقەداتی لاهوتی کۆن و کۆت و پێوەندی ئاینی مەسیحی کردبو، کە سەرجەمی ئەم هەوڵانە وەک پێداویستیەکی مێژوویی لە سەردەم و زەمان و زەمینی خۆیدا دەرکەوت و کاریگەریەکانی هەمو بوارەکانی وەکو کایەی سیاسی و ئابوری وکۆمەڵاتی و هونەر ورۆشنبیری و فەرهەنگی گرتەوە و بواری پشەسازی و بازرگانی ناوخۆ و دەرەکی بوژانەوەو پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بڵاوبونەوەی بەکار هێنانی پارە بوە هۆی دەرکەوتنی چینێک لە بازرگانی دەوڵەمەند کە ئەمە بوە هۆی ئەوەی کە کۆتایی بهێنێت بەو بیرورا باوەی کە پێی وا بو زەوی تاکە سەرچاوەی سامانە ، ئەم ئاڵوگۆرە نوێیە بوە هۆی لەقاندنی پێگەی چینایەتی ئەو چینانەی کە خاوەندارێتی زەویە کشتوکاڵیەکان بون ئەوانیش چینی نوبەلا ودەرەبەگ و پیاوانی کەنیسەکان بون ، گەورەبونی شارەکان و گەشەکردنی بازرگانی و پەیدابونی کارگەی گەورە و فراوانبونی پیشەسازی رۆژ دوای رۆژ نفوز و دەسەڵاتی خاوەن زەوی و موڵکەکانی کەنسەی بەرەو بچوک بونەوە و کەمبونەوە ئەچوو بەتایبەتی دوای ئەوەی کە جوتیار وکۆیلەکانی زەوی رویان کردە شارەکان و ئازاد بون لە دەست کۆتوپێوەندی دەرەبەگی و لە کۆیلەوە بون بە کرێکار و وردە وردە سیستمی ئابوری ـ کۆمەڵایەتی دەرەبەگی بەرەو پوکانەوە و کۆتایی رۆژەکانی خۆی دەرویشت ،لەبەر ئەوەی هەمو لاوازیەکی ئابوری ، لاوازیەکی فکری و عەقیدی بەدواوەیە ، هەر بۆیە رۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتی وسیاس و فکری چینی دەرەبەگ ونوبەلا و پیاوانی ئاینی کە خاوەندارێتی زەوی کشتوکاڵی و وابەستەی ئابوری کشتوکاڵی بون بەرەو بێ هێزی و بێ کاریگەری و پوکانەوە ئەچو ، بەپێچەوانەوە گەشەی بازرگانی و پیشەسازی پێویستی بە سەقامگیری و ئاسایش و متمانە هەیە کە ئەمەش کاتێ بەدیدێت کە دەسەڵاتێکی سیاسی یەکگرتوی بەهێز
لە وڵاتدا بێتەئاراوە و سوپایەکی بەهێز دابمەزرێنێت و هەر ئەو توانای سەپاندن و سەندنی باج ودەرامەتی هەبێت ، بۆیە ئەبینین چینی بورژوای تازە دەرکەوتوی گەشەسەندو بەرژەوەندی و قازانجی هاوتەریب و هاوبەرژەوەندە لەگەڵ بەهێزکردنی دەسەڵاتی سیاسی پاشا و دروست بونی دەوڵەتێکی بەهێزی سەربەخۆ وخاوەن دەستور و سەروەری و دەسەڵاتی رەها بێت ، بۆیە چینی بورژوا بەتوندی پشتگیری و پشتیوانی پاشایان کرد و رۆڵی گەورەیان گێرا لە بەهێزکردن و یەکگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و کۆکرنەوەی لە دەستی پاشادا ،کە ئەم هەنگاوەش کۆتایی یەکجارەکی بەسیستمی دەرەبەگی و دەستتێوەردانی کەنیسە و پیاوانی ئاینی لە کاروباری سیاسی هێناو قۆناغێکی نوێی سیاسی ئابوری کۆمەڵاتی بەدەرکەوتن و سەرهەڵدانی چەندین دەوڵەتی نەتەوەیی تازە وەک سەرەتا و دەستپێکێک بۆ ژیانێکی نوێی دوور لە دەسەڵاتی دینی و کەنیسە وپیاوانی ئاینی و نوبەلا مشەخۆرەکان لەتەواوی ئەوروپا رەنگی دایەوەو بناغە وپایەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژیانەی ئازادانە و ئازادکردنی بیر و ئەقڵ لە کۆت ومەرجە تاقەتپروکێنەکانی سیستمی کۆن و دەقە ئایینیە کۆنەکان و هەژمونی کۆیلە کردن و توانەوەی ئیرادەی مرۆڤ وونبونی ئەقڵ ، کۆمەڵگە و شارستانی و سەرزەمینی مرۆڤایەتی لە تونێلی تاریک ورەشی چاخەکانی ناوەڕاست قوتار کرد و رۆژگارو زەمینەیەکی لە باری بۆ بوژانەوە و پێشخستن وبۆ پێشەوە چون و سەرلەنوێ بونیاتنانەوە رەخساند و ، بوە هۆکارێکی گرنگ لە برەودان بەچەمکی ئازادیەمەدەنیەکان و مافە سروشتیەکان و چەمکی سەربەستی کە بو بە گەشەپێدانی شارستانیەت وبیرۆکەی تازەگەری و نوێبونەوە ، بەتایبەتی سەربەستی و ئازادی ببونە یەکێ لەکارە فکریە گەورەو گرنگەکان کە ئەوروپا گیرۆدەو وابەستەی بیرکردنەوە کردبو ،لەو کاتەیا هەروەکو هەردوو نوسەری گەورە و دیاری ئەو کاتە ( ڤۆڵتێر ۱٦۹٤ـ ۱۷۷۸ و رۆسۆ ۱۷۱۲ ـ ۱۷۷۸ زاینی ) کتێبیان لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردەوە و کاریگەری گەورەی لەسەر رەوشی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی لەئەوروپا بەگشتی و شۆرشی فەرەنسای ساڵی ۱۷۸۹ زاینی هەبو ، کەکاریگەریەکەی نەک هەر ئەوروپا بەڵکو تەواوی دنیا گرتەوەو دواتریش بوە هۆی سەرهەڵدانی شۆرشی ساڵی ۱۸٤۸ ئەڵمانیا .
هەمو ئەو راپەرین و خۆپیشاندان و فشارانەی کەتەواوی ئەروپاو تەنانەت کێشوەری ئاسیاو ئەفریقیاو ئەمەریکاشی گرتەوە، کە بەدوای خۆیا زنجیرەیەک چاکسازی و راستکردنەوە دەستوری و ئیداری و یاساییانەی تایبەت بەپەرلەمان و مافی هاوڵاتیان لە دەنگدان و پێداچونەوە بۆ فراوانکردنی بازنە و سنوری دەنگداران و کاڵکردنەوە و لابردنی رێگری و لەمپەرەکانی وەک رەگەزی و عرقی و کۆمەڵایەتی بەردەم بەشداری سیاسی و مافی خۆهەڵبژاردن ودە نگدانی گرتەوە و لە دەرەئەنجامدا سەرهەڵدانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگ مەدەنی و مافی هاوڵاتی بون و دەوڵەتی هاوڵاتی و جیاکردنەوەی ئایین لە کاروباری گشتی و سیاسی دا سیمای ئەوروپای تازەی زیاتر دەرخست و بەهۆی سیستمی دیموکراسی و رەهەندە گشتی و شارستانیەت و بەها و پڕ مانا و مرۆییەکەی فۆرمی عەلمانیەت ئەوروپا و سەدان وڵاتی تر لە کێشوەرە جیاوازەکانەوە ئەم سیستمە سیاسی وفەلسەفی و کۆمەڵایەتیە تازەیان هەڵبژاردن لە پێناو سەقامگیری سیاسی ژیانی پێکەوەیی و ئاشتی و ئازادی بیر و دەربڕینی رای ئازاد و پاراستنی مرۆڤ و کەرامەتی ، کە دەوڵەت لەدووریەکی یەکسان و بێ لایەنەوە ئەوەستێ لەبەرامبەر ئاین و ئاینزاکان و سەرجەم توێژ و پێکهاتە نەتەوەیی و کەمەنەتەوەییەکانی تر و ، دەوڵەت تەنها رۆڵی رێکخستن و سەرپەرشتی و پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان ونوێنەرایەتی سەروەری ئەکات و ناچێتە ناو کاروباری تایبەتی و ژیانی کەسێتی هاوڵاتیانەوە ، کە هەنگاوە سەرەتاکانی چەمکی دنیاگەری (عەلمانیەت ) بۆ دارشتنی زانستێک ئەگەرێتەوە کەلەساڵی ۱٥٤۳ز لەلایەن (نیکۆلای کۆپەرنیکۆس و زانا و فەلەکناس و فیزیا وبیرکاریزانەکانی تری
وەک یۆهان کبلر و تیخۆ براهی وگالیلۆ و نیوتن ) ەوە دارێژرا و گەشەی پێدراو چوە ناو ژیانی پراکتیکی خەڵکەوە ، جونکە زانستێک بو خاڵی بو لە ئایدۆلۆژی و عقائیدی دینی و ، دنیای ژێردەستی و تاریکی و ونبون و سڕبونی ئەقڵی ژێرەوژوور کرد و مەشخەڵی دنیا بینیەکی تازەو دوارۆژێکی نوێی هەڵکردو بانگەشەی سەردەم و هاوچەرخانە بو بۆ نوێنەریەتی داهاتو و بەدیهێنانی هیواو و رەفاهیەت و کۆتایی هێنان بە هەژمون و بیروباوەرە کۆنەپەرستی و دواکەوتەکان کە هەڵگرانی نوێنەریەتی چاخە تاریکەکان رابردو ئەکەن ، هەر لەم روانگەیەوە و لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی سیاسی و دنیاگەری هاوچەرخانە ، دەوڵەت لە بکەرێکی لایەنگیر و زاڵ و تاکڕەو ئەکات بە بکەرێکی بێ لایەن و ئەرکی رێکخستن و پاراستنی خەڵک ئەبێ نەک پاراستنی ئایین و بیروباوەرێکی دیاریکراو ، لە دەوڵەتی عەلمانیدا جیا لە دەوڵەتی پێش خۆی رۆڵ و بواری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گروپ و دەزگاودامەزراوە پیشەییەکان بونێکی راستەقینە و سەربەخۆیان هەیە و پردی گەیاندن و پێکەوەبەستنی خەڵک و دەوڵەتە ، ئەو ماوە یا بوارە پڕ ئەکەنە و کاری تیائەکەن کە ئامانج و داوا و مافەکانی توێژو چین و پیشەکان لە شێوە شارستانی و هاوچەرخیانەی خۆیدا بەرز ئەکاتەوە و گوێی لێ ئەگیرێت ودابین ئەکرێت نەک بەپێچەوانەوە کەوەک لە سیستمە کۆن و گشگیرو داخراوەکاندا بەی ئەکرێت کە ماوە و بواری کاری رێکخراوەیی و کۆمەڵگەی مەدەنی هیچ ماناو بونێکی راستەقینەی نیە و ئەمەش ناسەقامگیری و شەڕ و ئاژاوە و پێکادانی توندی نێوخۆی لێ کەوتۆتەوە ، بۆیە ئەرکە گرنگەکەی فەلسەفەی هاوچەرخ و سەردەمیانە و سیستمی سیاسی و دیموکراسی ئەوەیە کە مافی تاکەکان و پاراستن و دابین کردنی هەلی کار بۆ هەموان و یەکسانی یاسایی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دابین کردنی ئازادە مەدەنی و سیاسیەکان ، بێ لە بەچاو گرتنی پێگەی کۆمەڵایەتی و دینی و مەزهەبی ورەگەزی و نەژادی ، کە ئەمە کرۆکی فەلسەفەی مرۆیی و روحی پێکەوەژین و تەبایی کۆمەڵایەتی و بەها و شکۆمەندی مرۆڤایەتیە ، کە خاڵیە لە دەمارگیری ئاینی و مەزهەبی وئایدیۆلۆژی و نەژادی فۆرمێکە لە هەموان و بۆ هەموان ، جیا لەوەی کێ و چ دنیا بینی و چ دەوڵەت و ئایینێک لەپشتیەوەیەتی و پشتگیری دەکات ، ئەبێ بە شوناسێکی گشتی لە پێناو ئامانجێکی گشتی کە ئەویش سەرەتا و کۆتایی هەر مرۆڤە .
سەرچاوەکان ؛
ــــــــــــــــــــ
۱ـ المدخل فی علم السیاسە ؛ د. محمود خیری عیسی و د. بگرس بگرس غالی ، الگبعە الپانیە عشر ۱۹۹۱، الناشر ؛ مکتبە اڵانجلو المصریە ـ القاهرە
۲ـ الفکر السیاسی الغربی ؛ د. علی عبدالمعگی محمد ، ۱۹۸۸ دار المعرفە الجامعیە اسکندریە .
۳ـ النڤم السیاسیە و القانون الدستوری ؛ د. ابراهیم عبدالعزیز شیحا ، الناشر : المعارف بالاسکندریە ۲٠٠٠ .
٤ـ مدخل الی علم السیاسە ؛ د. عصام سلیمان ، الگبعە الپانیە ، دار النچال بیروت ، ۱۹۸۹
٥ـ د . ریاچ الصیداوی ؛ مدیر مرکز العربی للدراسات السیاسیە و الاجتماعیە فی جنیف ، حدیپ مع بی بی سی عربی
٦ـ شمخی جبر ؛ مقالە madarik ,org
۷ـ حسن إسمیک ؛ مقالە بعنوان ؛ متی ینتهی الصراع الدینی eltawil.org , 2011 .
۸ ـ مفهوم العلمانیە ؛ mawdoo3.com