" کەرتی غەزە و حەماس " دوای ٣ سێ مانگ جەنگ .
1/7/2024 10:40:00 AM
عەلی شەریف
لەهەر شوێنێ شەڕێک بەرپا ئەبێ ، ئێمە لێرە بیرنەکانمان
ئەکولێتەوە.!
دوو هەفتە دوای رووداوەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر
" د. محمد سلیم العوا " بیرمەندی
ئیسلامی و منظرى حماس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی راستوخۆی الجزيرة لە ٢٣ی
ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ؛ سەبارەت بە هێرش و پەلامارەکەی حماس وتی ؛ ( ئەمە سەرەتای کۆتایی
ئیسرائیلە) !
دەشێ
بۆچونێک ، بیرێکی راگوزەر ، تەصوراتی ئایدیالۆژیەکی دیاریکراوی نابابەتی و
ناواقیعی ، تەنها هۆکارێکی بەس بێ بۆ مەرگی هەزاران و کاولکاریەکی گەورە هەروەکو
ئەوەی ئێستا دەیبینین لە ناو فەلەستین و کەرتی غەزە ...
هەموان دەکرێ بپرسین ؛ بەڕاست ئەمە سەرەتای
کۆتایی اسرائیل بوو ؟
*- سێ
مانگی شەڕ ، سێ مانگی بەردەوامی وێران بون و مەرگەساتی قوڵی خەڵک و کەرتی غەزە بوو
، ئاراستەی رووداو و کاولکاریەکان بەجۆرێکە کە شوێنەوار و پاشماوەی مەترسیدارتر و
خوێناوی ترە لە هەرجەنگ و پێکانێکی سەربازی ئاسایی مێژووی نوێی ناوچەکە.
جگە لەو ئامارو داتایە مەترسیدارو وێران و
کاولکاریە هەمەلایەنە کە کەرتی غەزەی گرتەوە کە لەخوارەوە بەخاڵ ئاماژەم پێداوە لەگەڵ
ئەوەشدا ئەم سەرکردەو فەرماندە مەیدانی و تەکنیکیانەی حەماس لەلایەن اسرائیلەوە
تیرۆر کراون لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی
کۆماری ئیسلامی ئێران و میلیشیاکانی عێراقی و حزب اللە لوبنانی و چەندین چەکداری
حوسییەکانی یەمەن ئەمانیش ؛
1-تیرۆرکردنی هەردوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی حماس ( زەکەریا احمد ابو معمر و جواد ابو شماله لە ڕێکەوتی ١٠-١٠-٢٠٢٣ لەناو کەرتی غەزەدا .
2-تیرۆرکردنی موراد احمد ابو موراد لە ڕێکەوتی ١٣-١٠-٢٠٢٣ ، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ئاسمانیەکانی حماس و یەکێک بوە لە پلان دانەرانی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری
3-تیرۆرکردنی علي القاضي لە ١٤-١٠-٢٠٢٣ ، فەرماندەی هێزی تایبەتی کتائیبی قەسام.
4-تیرۆرکردنی بلال القدرە لە ١٥-١٠-٢٠٢٣ ، فەرماندەی هێزی تایبەتی هێرشبەر بۆسەر اسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر .
5-تیرۆر کردنی أسامة المزيني لە ١٧-١٠-٢٠٢٣ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی ئەنجومەنی شورای حماس .
6-تیرۆرکردنی ( جەمیلە الشنطي ) لە ١٩-١٠-٢٠٢٣ لە ماڵەکەی خۆیدا ، ناوبراو یەکەمین ئەندامی ژن بوو لە مەکتەبی سیاسی حماس و ئەندامێکی کاراو دیار بوو .
7-تیرۆرکردنی صالح العاروري لە ڕێکەوتی لە ٢-١-٢٠٢٤ ، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حماس لەگەڵ سمیر فندی ناسراو بە ابو عامر لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە لوبنان .
*- هەروەها
جگە لەو زنجیرە تیرۆرکردنەی کە اسرائیل لەبەرامبەر حماس دا ئەنجامی داوە ، وەک
پەچە کردارێک لەبەرامبەر دەستێوەردانەکانی ئێران و حزب اللە ی لوبنانی و میلیشیا
شیعەکانی عێراق و پەلامارەکانی هێزە
دەریاییەکانی حوسییەکانی یەمەن ، اسرائیل توانیویەتی ١٤ سەرکردەو فەرماندەی
سەربازی دیاری ئێران لە ناویاندا سید ڕەزای موسەوی سەرکردەو مونەسەقی ئێران لەگەڵ
میلیشیاکانی لوبنان و سوریاو غەزە لە سوریا تیرۆربکات و زیاتر لە ١٢٠ لە ئەندامی میلیشیاکانی
حزب اللە لە باشوری لوبنان و ١٢ ئەندامی هێزە پەلاماردەری دەریایی کوشتوە .
*- ئامار و داتا خەم ئامێز و تراژیدیاکان سەبارەت
بە خەڵک و کەرتی غەزە
بەپێی راپۆرتی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و هەماهەنکاری
نەتەوەیەکگرتوەکان کەرتی غەزە لە شارێکەوە
بوە وێرانەیەکی پاشماوەی جەنگ کە بەپێی
ئامار و داتاکان بێت جگە لە خەسارەتێکی گەورەی مادی ، ماوەیەکی یەکجار زۆری دەوێت
بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی چونکە ژێرخانی ئابوری و دامەزراوە ئابوری و
خزمەتگوزاریەکانی وەک بۆری گواستنەوە و دابەشکردنی ئاوی ماڵان و ئاوەڕۆ و کێبڵاتی
پەیوەندی وگەیاندن کە زۆربەیان کەوتوونەتە ژێر زەوی شارەکە تێکشکێنراون و پەکخراون
کەئەمە پێویستی بە سەرلەنوێ دروستکردنەوە هەیە .
دوای ٩٠ نەوت رۆژ لە جەنگ وململانێ نێوان شاڵاوی بەناو ( طۆفانی
الاقصى ) ی حەماس و پەچەکرداری و وەڵامی اسرائیل لەژێر ناوی (السيف الحديدي ) کەرتی غەزە بەم کارەساتە
مرۆییە و کاولکاریە شارستانیە گەیشتوە ؛
ژمارەی گیان لەدەست داوان گەیشتۆتە ( ٢٢٧٢٢ ) بیست و دوو هەزار و حەوت
سەدو بیست و دوو کەس ، لەگەڵ برینداربوونی نزیکەی ٦٩ هەزار کەس و بێ سەروشوێن
بوونی زیاتر لە ٧٠٠٠ حەوت هەزار کەسی تر .
1-لە ٨٥ % خەڵکی کەرتی غەزە ماڵومەڵکی خۆیان جێ هێشتوە و ئاوارە بوون .
2-لە ٦٥ % ژێرخانی ئابووری لەناو چوە .
3-لە ٧٠% باڵەخانە و خانوەکانی نیشتەجێ بونی هاوڵاتیان یا رووخاون یا زیانی زۆریان بەرکەوتوە .
4-لە ٧٧% خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان وەستاون
5-لە % ٦٨ خزمەتگوزاریەکانی پەیوەندی و گەیاندن لەکارکەوتوون.
6-لە ٧٢% خزمەتگوزاریەکانی شارەوانی نەماوە و پەکخراوە .
7-لە ٧٦% شوێنە بازرگانی و دامەزراوە ئابوریەکان وێرانبووە و لەناو چوون .
8-لە ٢٠% زەوی بەراو و کشتوکاڵیەکان بەکەڵکی كشتوکاڵی نەماوە .
9-لە ٥٢% هێڵ و تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو لەکار کەوتوە و بۆردومانەکان تێکی شکاندون .
10-لە ٣٦ نەخۆشخانە تەنها ٨نەخۆشخانە خزمەت پێشکەش دەکەن ئەوانی تر سەرجەمیان بەهۆی شەڕو نەبونی پێداویستی و بۆردومانەوە لەکار کەوتوون .
11-٣٤٢ خوێندنگەی گشتی و ٧٠ خوێندنگەی تایبەت زیانیان بەرکەوتوە و داخراون .
12-نیوەی ڕێگاوبان و شەقامە سەرەکیەکانی کەرتی غەزە زیانی گەورەیان بەرکەوتوە و زۆربەیان شەڕوبۆردومانەکان وێرانی کردون و بەکەڵکی بەکارهێنان نەماون .
13-وێرانبوونی ١٤٤ شوێنەواری مێژووی و مۆزەخانە و ناوچەی شوێنەواری کۆن لەناویاندا شوێنەواری شارۆچکەی کۆن و مزگەوتی گەورەی کۆنی العمری کە تەمەنی زیاتر لە ١٥٠٠ ساڵ بوە .
14-زیاتر لە ١٨٢ هەزار هەلی وەزیفی لەکەرتی غەزە لەدەست دراوە و ١٦٠ هەزار کرێکارو کارمەند وەزیفەی خۆیان لەناو شارەکانی اسرائیل لەدەست داوە و نزیکەی ٢٠٨ هەزار کەسیش لە شارەکانی کەناری خۆرئاوای فەلەستین ( الضفة الغربية ) بێ کاربوون و هەلی وەزیفیان لەکیس چووە ، بەمەش رێژەی بێ کاری و برسیەتی بەجۆرێک زیاد کردوە کە گەیاندویەتیە خاڵێکی مەترسیدارو ویژدان هەژێن ..
شایانی باسە لەساڵی ٢٠٠٧ کە بەتەواوی کەرتی غەزە کەوتە ژێر دەستی
بزوتنەوەی حماس و هێزەکانی رێکخراوی ڕزگاری خوازی فەلەستینی دەرکرد ، ئەمە ٧ حەوتەمین
گەڕی ململانێ و شەڕی نێوان اسرائیل و هێزەکانی حەماسە لە فەلەستین .