جەنگێک کە مێژوویەکی نوێ بە ناوچەکە دەبەخشێ!
10/11/2023 2:19:00 PM
عەلی شەریف
ئامادەکاریە لۆجستیکی و تەکنیکی جەنگی اسرائیل و پشتیوانی هەمەلایەنەی ڕۆژئاوا بۆ اسرائیل و بەتایبەتی ئەمەریکا ، هەروەها لێدوانی وەزیری بەرگری اسرائیل کەدەڵێ ؛ بۆ ٥٠ سالی تر دۆخی حەماس دەگێڕینەوە دواوە و واقیعی غەزە دەگۆڕین و لەگەڵ ناوەڕۆکی وتاری دوێنێ ئێوارەی سەرۆک جۆبایدن کە وتی ؛ پێویستە اسرائیل لێدانێکی یەکلاکەرەوە و توند ئاراستەی حەماس و گروپە چەکدارە جیهادیەکان بکات چونکە ئامانجی ئەمانە لەناوبردن و کوشتنی یەهودیەکانە... هەروەها لەبەشێکی تری وتارەکەیدا ئاماژە بەوەش کرد هەر رێکخراو و لایەنێکی تر ئەم بارودۆخە بقۆزێتەوە و دژایەتی اسرائیل بکات ڕوو بەڕووی رەتدانەوەی قورس دەبێت و پێویستە ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕوون بێت .!
ئەم ئامادەکاری و کۆی لێدوان و هەرەشەکان ، ئاماژەن بۆ شەڕ و ئامادەکاری زۆر گەورەتر و هەمەلایەنە تر لەوەی کە ئێستا دەبینرێ و شرۆڤەی بۆ دەکرێ .
لەلایەکی تریشەوە راگەیاندنی شەڕ لەلایەن اسرائیلەوە واتە هەڵکردنی گلۆپی سەوز و دەست واڵاکردنی حکومەت بۆ پیادەکردنی هەر رێکارێکی سەربازی کە بەگونجاوی دەزانێ بۆ لێدانی حەماس و گروپە چەکدارە دژەکانی تر .
بۆیە رۆژانی داهاتوو ، چرکە ساتی زۆر هەستیار و رووداوی گرنگی مێژووی دەبن و دەشێ وەک شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵێ ١٩٦٧ شوێن پەنجەی خۆی بەسەر نەخشەی سیاسی رۆژ هەڵاتی ناوەڕاست دابنێ و هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێ !