بێدەنگی ئەمەریکا و پەلهاویشتنەکانی تورکیا بەرەو کوێ !
12/18/2022 4:18:00 PM
عەلی شەریف
بەشی یەکەم
(ئەگەر
ئەمەریکا سەبارەت بە باکوری سوریا گوێمان لێ نەگرێ ئەوا؛خۆمان ناوکی خۆمان ئەبڕین)!
سەرۆک ئەردۆغان .
ئابوری گرنگترین و دیارترین
پێکهێنەرە بنچینەییەکانی فراوانخوازی و کاری دەست درێژیکارانەیە ، تورکیا هەر بەتەنها
بەبونی سەربازی و تیمەهەواڵگریەکانی کۆڵ نادات ، بەڵکو لەراستیدا کار بۆ دەستکەوتە
ئابوریەکانی خۆی دەکات .
*~ تورکیا ؛ وەک دەوڵەتێکی بەهێزی ناوچەیی وکاریگەر لەپرس و هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا
،لەئێستادا و بەهۆی قەیرانی شەڕی ( روس - ئۆکرانیا ) وەک سود مەندترین وڵات دەردەکەوێت
و پێگە جیوپۆلتیکەی لە ململانێ و هاوکێشە جیوسیاسیەکاندا ئەوەندەی تر رۆڵ و ئامادەیی
ئەو دەوڵەتەی گەورەتر کردوە .
*~ تورکیا ؛ وەک کارەکتەرێکی زیرەک و بکەرێکی
ناوچەیی دیار ، بەئاگایی و وریاییەوە پلان و نەخشە رێگای ستراتیژی خۆی لەسەر ئاستی
نیشتیمانی و ناوچەیی و نێو دەوڵەتی جێبەجێ دەکات و هەنگاوەکانی لەسەر شانۆی سیاسی
و رەهەندە ئابوری و ململانێی هەرێمی و نێو دەوڵەتی کاندا جێگر تر دەکات .
*~ تورکیا ؛ لەم قۆناغە پڕ قەیران و ئاڵۆزەی ناوچەکەدا سەرەڕای ئەندامێتی لە
هاوپەیمانیەتی (ناتۆ) ،و سزا سەپێنراوە ئابوریەکانی رۆژئاوا لەسەر روسیا ، پەیوەندی
قوڵی هەمەلایەنەی لەگەڵ روسیا دروست کردوە لەوانە؛
١- تورک ستریم لە بری نورد ستریم؛
لەدیداری سوتشی لەئابی
٢٠٢١ لە نێوان ڤلادیمێر پۆتین و ئەردۆغاندا گفتوگۆی ورد سەبارەت بە ناردنی غازی
روسی لەرێگەی تورکیا بۆ ئەوروپا و وڵاتانی تر کراوە بەمەرجی ئەوەی مامەڵەکە بەنەختینەی
دراوی (رۆبڵ )بێت .
دوای تەقاندنەوەی هێڵی
بۆڕی ناردنی غازی روسی (ستریم ١ و وەستانی ستریم ٢ ) بۆ ئەوروپا ، هەروەها( پەککەوتنی هێڵی ترانزێتی غازی روسی لە ئۆکرانیا
و داخستنی ویستگەی رێرەوی غازی روسی - پۆڵەند ) بۆ ئەوروپا ، لەئێستادا رێرەوی
تورکی رێگەی ستراتیژی و سەرەکی گەیاندنی وزەی روسیایە بۆ ئەوروپا ،بۆیە روسیا پێشنیاری
ستراتیژی جەوهەری پێشکەش بە تورکیا کردوە بەوەی کە گەورەترین مەڵبەندی نێودەوڵەتی
دابەشکردن و ناردەی غازی روسی لە ئەسنەبوڵ بکاتەوە و بەمەش ئەو مەڵبەندە وەک جێگرەوەیەکی
بۆڕی غازی ستریم ١ و ستریم ٢ غاز ناردەی ئەوروپا بکات .
٢- چەندین هەزار بازرگان و سەرمایەدار و کۆمپانیای
گەورەی روسی کاروچالاکی خۆیان گواستۆتەوە بۆ ناو تورکیا بەتایبەتی بۆ ئەستەنبوڵ و
ئەنطالیا و بەحری ئیجە ، تورکیا کارئاسانی زۆری بۆکردون لە گواستەنەوە و سپی کردنەوەی
پارەی روسی لە بازرگانی نێو دەوڵەتیدا بەهۆی نێوەند گیری کۆمپانیا تورکیەکانەوە ،
کەئەمە پێچەوانەی ستراتیژ و سزاکانی هاوپەیمانێتی ناتۆیە بەرامبەر روسیا .
٣- بەپێی زانیاریەکان ، تورکیا وەجبەی دووەمی پێکهاتەی
رۆکێتی بەرگری S400 روسی بەدەست هێناوە ، شایانی بیرخستنەوەیە کە ساڵی پار کۆنگریسی ئەمەریکا
لە ئابی ٢٠٢١ بەهۆی گرێبەستی کڕینی رۆکێتی S400 لەروسیا ، سزای ئابوری خستە سەر تورکیا.
٤- ئێوارەی یەک شەممەی رێکەوتی ١١-١٢-٢٠٢٢ لە مەراسێمکدا
لە پارێزگای سامسونی تورکیا سەرۆک ئەردۆغان رای گەیاند کە وڵاتەکەی رۆکێتی جۆری
(ئایفۆن) ی بەرهەم هێناوە و دەتوانین لە ئەسینای پایتەختی یۆنانی بدەین . ( شایانی
باسە رۆکێتی ئایفۆن یەکەم رۆکێتی بالیستی کورت مەودای بەرهەمهێنراوی ناوخۆی تورکیە
و دەتوانێ لە دووری ٥٦١ کم لە ماوەی ٤٥٦ .
سانیە ( نزیکەی ٥ خولەک
) لە ئامانجەکەی بدات ، ئەم رۆکێتە دڵەراوکێ و دوودڵیەکی زۆری لە ناوەندە سەربازی
و حکومی یۆناندا دروست کردوە .
هەروەها لەبەشێکی تری
وتەکەیدا وتی ؛ چەند جارێک ئاگاداری ئەمەریکامان کردۆتەوە کە هاوکاری و یارمەتی چەکدارە
تیرۆرستەکانی باکوری سوریا ( مەبەستی هێزە شۆڕشگێرەکانی رۆژ ئاوایە) نەدات ، بەڵام
ئەوان هەر بەردەوامن، ئێمەش ئۆپەراسێۆنی خۆمان ئەنجام دەدەین و مۆڵەت لەکەس وەرناگرین
، ئایا ئەمەریکا کە عێراق و ئەفغانستانی داگیرکرد و روسیا پەلاماری ئۆکرانیای دا مۆڵەتیان
لەکەس وەرگرت ؟ بۆیە ناچارین ( خۆمان ناوکی خۆمان ببڕین ).
شایانی باسە تورکیا پێشتریش
هەریەک لە قوبرس و لیوای ئەسکەندەرونە و شاری عەفرینی لەسوریا داگیرکردوەو پرسیشی
بەکەس نەکردوە .
٥- بەپێی هەندێ سەرچاوە باس لە رێککەوتنی نهێنی
و دووقۆڵی نێوان سەرۆک ( پۆتین و ئەردۆغان ) دەکرێت کە ڤلادیمێر پۆتین هاوکاری و
پشتیوانی ئەردۆغان بکات لە تێکشاندنی نەیارە ئۆپۆزسێۆنەکان لەناوخۆی تورکیا و هەروەها
بڕێک پارەی نەختینە بدات بە بانکی ناوەندی تورکیا بۆئەوەی کەمێک لەو قەیرانە ئابوریەی
هەیەتی رزگاری ببێت و لە بەرامبەردا تورکیا ئاسانکاری گەورە بکات لە بواری بازرگانی
و گواستنەوەی وزە و کاڵای روسی و پشتیوانی سیاسەتی پۆتین بکات لە ناوچەدا .
٦- سەرەڕای سزای توندی نێودەوڵەتی و ئەوروپی و
ئەمەریکی لەسەر دەوڵەتی ئێران ، کەچی کۆمپانیاکانی تورکیا بەبەردەوامی نەوتی ئێرانی
دەکڕن و بەئاشکرا بازرگانی پێوە دەکەن، کەئەمە پێشێلکاری سزا نێودەوڵەتی و سیاسەتی
ناتۆیە .
٧- تورکیا هاوشێوەی بۆ چون و رای چین و روسیا و
ئێرانیەکان کە نەیاری سەرسەختی یەک جەمسەری و سیستمی لیبراڵی ئەمەریکین ،کار لەسەر
پشتگیریەکانی فرە جەمسەری و کاڵکردنەوەی هەژمونی سیاسەتی ئەمەریکا لەسەر کۆی سیستمی
سیاسی نێودەوڵەتی و شانۆی سیاسی و پەیوەندی
سیاسی نێودەوڵەتیەکان دەکات .
٧- تورکیا لە ناوەڕاستی سەدەی رابردودا، کارەکتەر
و ئەندامێکی چالاکی ناتۆ و هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمەریکابوو لە قۆناغی شەڕی
ساردا لە دژایەتی کردنی بلۆکی سوسیالیستی
بە رابەرایەتی یەکێتی سۆڤیەتی جاران ، بەڵام لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکدا و لە
دوای گرتنە دەستی جڵەوی سیاسی لەلایەن پارتی دادوگەشەپێدانەوە بەگشتی و بەتایبەتیش
لە دەسەڵاتداریەتی ئەردۆغانەوە رۆژ داوی رۆژ کەلێن و درزی گەورە لە پەیوەندی سیاسی
نێوان ئەمەریکا و تورکیا دروست دەبێت و تا گەیشتە ئەو ئاستەی کە تورکیا لە شوباتی
ئەمساڵدا (٢٠٢٢) ویستی سەفیری ١٠ وڵات لە
تورکیا دەربکات کەیەکێک لەو سەفیرانە سەفیری ئەمەریکا بوو ،بەڵام دواتر پەشیمان بۆوە .
٨- تورکیا جگە لەوەش لە ئاسیای ناوەڕاست و دەریای
سپی ناوەڕاست و کێشوەری ئەفریقیا و بەحری سور پێگە و نفوذی زۆر و هەمەلایەنەی پێکهێناوە و وەک بکەرێکی کاریگەری نێودەوڵەتی
بەشدار و چۆتە نێو بازنەی گەمەی یاری ململانێ و کيشەگەورەکانەوە ، کە لەوانەیە بەریەککەوتن
و رووبەروبونەوەی توندی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسی و شارستانی و کلتوری و ئایینی
و مێژوویەکان بەدوای خۆیدا بهێنێت و ئارامی و سەقامگیری هەرێمەکە تێکبچێت و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بخاتە مەترسیەوە
، بەتایبەتی بۆچون و دیدی تورکیا بۆ حەوزی دەریای سپی ناوەڕاست کە بە (نیشتیمانی شین
)ناوی دەبات .
ماویەتی /
بەشی دووەم؛ ئامانج و
ستراتیژی تورکیا لە دژایەتی شۆڕشگێرە کوردەکانی
رۆژئاواباس ئەکەین .