332وتار

کادر و حەبی پیرفیتین ..!

4/2/2023 3:14:00 PM
عەلی شەریف

هەندێ کادر و بەرپرسی دەسەڵات دەڵێی حەبی “ پیرفیتین “ یان  پێدراوە !

ئەڵمانەکان لە سەرەتای شەڕی دووەمی جیهانیدا جۆرە دەرمانێکیان لەشێوەی شیرینی دەدا بەسوپاکەیان بۆئەوەی دڕتر و زیاتر بەرگەی شەڕ و شەڕەنگێزتربن .

ئەودەرمانە ناوی (بیرفیتین) بوو، کە کاریگەری زۆر لەسەر ئەقڵ وجەستەی مرۆڤ دادەنێت و بۆماوەیەک دەیکات بەپاڵەوانێکی ساختە!

«پاڵەوانی ساختە»

بەمانای ئەوەی سەربازەکان کاتێ ئەم شیرینیەیان پێدەدرا هەستێکی ئازایەتی و جۆش و خرۆشیەکیان لادروست دەبو کە ئارەزووی هەرچی زووتری هێرش و پەلاماری بەرامبەریان دەکرد و لەهێرشەکاندا زۆرجار پێش دەبابە و زرێ پۆشەکانیش دەکەوتن، جگە لەوەش ئەم شیرینیە هێز و گڕوتینێکی وای پێدەبەخشین کەبۆماوەی٧٢ کاتژمێر بەئاگایی بیانهێڵێتەوە و هەست بەبێ خەوی و ماندوبون و برسی بون نەکەن، هەربۆیە کاتێ سوپای ئەڵمانیا لە ٥ی ئایاری ١٩٤٠ هێرشیانکردە سەر سوپای فەرەنسا، سەرکردە سەربازیە فەرەنسیەکان سەریان لەوهەمووهێرش و پەلامارە بەردەوامانەی سوپای ئەڵمانیا سوڕمابوو کەدەیانبینی دەرفەت بەسوپای فەرەنسا نادەن و بۆماوەی چەند شەوێک بەبەردەوامی درێژە بەهێرشە یەک لەدوای یەکەکان دەدەن، کە لەئاکامدا وتەنها دوای ٣٥ رۆژ و لە٢٥ی حوزەیرانی ١٩٤٠دا فەرەنسیەکان تەسلیم بونی خۆیان راگەیاند.

دوای راگەیاندنی بڕیاری دادگای تەحکیمی نێودەوڵەتی لەپاریس لە٢٣ی ئازاری٢٠٢٣ و هەروەها جەختکردنەوەی کۆنسۆڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێرسەبارەت بەشلۆقی ودۆخی پەیوەندی هەرێم و رێگرتن لەناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جیهانەوە بێ پرسی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق و دامەزراوەی سۆمۆ، چەندین کادری حزبی و بەرپرسی دیاری دەسەڵات رەتدانەوە و لێدوانی توند و نەشیاویان ئاڕاستەی کۆنسۆڵی گشتی و خودی دەوڵەتی ئەمەریکا و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق کرد بەجۆرێک کە قەوارە و جۆری ئەو رەتدانەوە و بەرپەرچدانەوانە زۆر لە قەوارە و دەسەڵاتێکی هەرێمی بەتایبەتی هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستانی بە دوژمن ونەیار گەمارۆدراو … گەورەتر و سەرکێشانەتر و دواتر نابەجێ ونەشیاو و دوور لە هەموو ئەتەکێتێکی دپلۆماسی وسیاسی و رێکارە پەیڕەوکراوە نێودەوڵەتیەکان بوو، کەمرۆڤ سەری دەسوڕمێ لەئاست کاریگەری و زیان و لێکەوتە خراپەکانی لە داهاتوودا.

ئەو رەتدانەوە توند و لێدوانە نا بەرپرسەنایە، رەتدانەوە و دەربڕینی ئاقڵانی و سیاسی نین، بەڵکە دەربڕین و لێدوانی پاڵەوانە ساختە و بێکردار و چەواشەکارەکانن کە جگە لەماڵ وێرانی و نەگبەتی هیچ بەرهەمێکی تریان بۆ گەلەکەیان بەرهەم نەهێناوە و دەشێ ژیانی کولەمەرگی خەڵک و موچەخۆر و پاشاگەردانی و دوو ئیدارەیی حوکمڕانی لە هەرێمێکی بچکۆلانەی وەک کوردستاندا باشترین و راستگۆترین دەربڕ و نموونەبن بۆ ئەو وتانەمان .!

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن