187وتار

دواجار گەیشتن بە کۆتایی شێوازی دەوڵەتی موڵکانە

8/9/2023 6:42:00 PM
عەلی شەریف



لە یەک مانگدا ١٧٠ ئوتومبیلی هاوڵاتیان لەبەرخراپی کوالێتی بەنزین بسوتێ ، شەڕو کێشەی زاوا و خەزوور ببێت بە دیاردە و ئامار ، هێشتا ئەبێ چاوەڕوانی دیاردە و دەرکەوتنی سەیرو سەرنج راکێشترو ماڵوێرانکەرتر بین !
دەوڵەتی موڵکانە نموونەی دەولەتی شکستخواردووە ، کە هەرێمی کوردستانیش بەشێک بوو لەوسیستمە ئابوریە تێکشکاوە.

لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٢ وتارێکی تایبەتم لەسەر (ئابوری موڵکانە و شکست و مەترسیەکانی ) لە هەردوو سایتی ئازیزی ئاوێنە و زەمەن پرێس بڵاوکردەوە .

 بۆیە نامەوێت زۆر لەسەر ناوەڕۆکی ئابوری مولکانە قسە بکەم تەنها بۆ بیر خستنەوە ئەم چەند دێڕە دەنووسمەوە، ئەگینا ئەوەی ئێمە مەبەستمانە قسە کردنە لەسەر بەبن بەست گەیشتنی شێوازی ئابوری موڵکانەیە کە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە کەلە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ وەستێنراوە پشتی پێ بەستبوو !

ئابوری موڵکانە بریتیە لە شێوازێک  یا سیستمێک کە پشت بەیەک سەرچاوەی داهات دەبەستێ ، زۆر جار ئەو سەرچاوەیەش سروشتیە وەک کەرەستە سروشتیەکانی ( ئاسن، نەوت، غاز، ئاو ) .

دەوڵەتی خاوەن ئابوری موڵکانە هەموو یەبەشێکی زۆری داهاتی نیشتمانی لە ڕێی فرۆشتن و بەکرێدانی کەرەسە بنچینەییە سروشتیەکانی بەکڕیارە دەرەکیەکان دابین دەکات ، وەک فرۆشتنی ( زەوی بۆ تەلار و باڵەخانەکان ،تاوەر و گوندەکانی نیشتەجێ بون ،مارکێت وهۆڵ و گەنجینەکان، سەرەڕای فرۆشتنی نەوت و غاز)..

ئەوەی لەو هەرێمە پڕسامان و دەوڵەمەندە روویداو ڕوودەدات، مەگەر لە فەنزوێلا و نەیجیریا و سۆمال و سودان ... روویدابێت ئەگینا کەم دەوڵەت وقەوارەی سەربەخۆ هەیە سەروەت و سامان و خێروبێری  نیشتیمانەکەی بەهەدەر بدات و بیکات بەقوربانی مانەوە و درێژەدان بە دەسەڵاتی ستەمکارانەی خۆی .

ئەمڕۆ دوای ئەوەی لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆڕی نەوتی جیهانی تورکیەوە بەهۆی سکاڵای دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە ڕاگیرا ، دەشێ سەرەتای کۆتایی هێنان بێت بە سیستمی ئابوری مولکانەی هەرێم کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێمی کوردستان بوو .

دەکرێ هەموان ئەو پرسیارە بکەین ، ڕووی قسەمان بکەینە بەرپرس و لێپرسراوانی سەرەکی بەرپرس لەم پرۆسەیە وکۆی ئەو دەرئەنجامە خراپانەی کەلێی کەوتۆتەوە لە ( دابەزینی ئاستی خزمەتگوزاریە کانی کەرتی تەندروستی ،کەرتی پەروەردە ،کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و رێگەوبان و ئاوەدانی و نۆژەن کردنەوە ، ئامارە بەرزەکانی قوربانیەکانی ڕێگەوبان ،قوربانیانی کێشە کۆمەلایەتیەتی و دیاردەی ژن کوشتن ، تەشەنەکردنی گەندەڵی ئیداری و سیاسی ،لێکترازانی زیاتری ڕایەڵە و شیرازەی کۆمەلایەتی، بوونی بێ متمانەیی و دروستبوونی درزو بۆشایی بەرین لەنێوان دەسەڵات و جەماوەر و بەتاڵ بوونەوەی هەموو بەها و جوانیەکان لەهەمبەر رموز و وێنا نیشتیمانی و نەتەوەییەکان ..)  کئ ئۆباڵ و نوشستی ئەم سیاسەت و پرۆسە قێزەونە دەسەڵاتخوازیە دەگرێتە ئەستۆ کە بوونە هۆی گەیشتنمان بەو بارودۆخ و دەرهاویشتە فرە ڕەهەندە خراپە ؟

 ئێستا ئێمە لەسەرەتای بە کۆتایی هاتنی ئەم  قۆناغە خراپە لە پشت بەستن بەتەنها لە داهاتی موڵکانەی بەکرێدانی زەوی خاک و فرۆشتن وبەهەدەر دانی سامانە نیشتیمانەکەی داین ، دەکرێ بپرسین :
ئایا گەیشتوون بە درک پێکردنی خراپی و شکستی ئەو میتۆدە خراپە لە سەرچاوەی داهات بەتەنها و پێویستی کار کردن بە میتۆدێکی جیاواز و سەرکەوتوانە ؟
وەکێ ئەو بناغە لەکارکردن دادەڕێژێ و کاری لەسەر دەکات ؟

ئایا دەستەی سیاسی زاڵ و دەسەڵاتدار کە خاوەنی ئیمتیازاتی گەورەبون لە سیستمی پێشوو کە نایانەوێت ئەم ئیمتازاتانە لەدەست بدەن ،ئەوان هەوڵ دەدەن ئەم میتۆدی کارکردنە بگۆڕن ؟

دەوڵەمەندە هەڵتۆقیوەکان ،خەڵکە بیرۆکراتە سوودمەند بووە گەورەکان ، دەیانەوێت ئەم شێواز و جۆرە سیستمە لە حوکمڕانیە نەمێنێت و حکومەتێکی نوێ و میتۆدێکی خۆبەڕێوەبەرێتی پێشکەوتوترو شەفاف و دادپەروەرانە تر بێتەدی ؟
یاخود ئەوە شەقامە کە لە میتۆد و سیستمی کۆن و ستەمکار بێزارە و باجی هەڵەکانی دەدات و توانای سەرکەوتن و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەشی نیە.

ئاشکرایە کە کاری ئاڵوگۆڕ و کۆتایی هێنان بە حوکمڕانی کۆن و شێوازی دەسەڵاتی ستەمکارانە کارێکی ئاسان نیە ،بەڵام هیچ کاتێ دەرچوون و گەیشتن بە قۆناغێکی نۆێ و ژیانێکی نوێ کاری مەحاڵیش نەبوە !

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن