ئەوەی ئێمە ئەروخێنێ خۆمانین ، نەک کشانەوەی ئەمەریکا !
8/24/2021 12:21:00 PM
عەلی شەریف
بەدرێژایی زیاتر لە ۳٠ سی ساڵ نەمان توانی قۆناغی شوڕش تێپەڕێنین و بگەین بە قۆناغی دەوڵەت ، وەلە بیری شۆرشەوە بۆ بیرکردنەوە لە دەوڵەت!
ئەوەی پێگە و ستونە بەهێزەکانی هەر پێکهاتەو قەوارەیەکی
سیاسی ـ کۆمەڵایەتی ئەپارێزێ لە هەرەس و گلان بەپلەی سەرەکی پێکهێنەرە نێو خۆییەکانیەتی
وەک خەڵک ، جۆری سیستمی حوکمرانی ، عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، شەفافیەت لە داهات و سەرچاوەی
سامانە سروشتیەکانی و چۆنیەتی. خەرجکردنی ، لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندیەکانی گەل و
پاراستنی کەرامەت و شکۆی تاک ..
هیچ مەترسیەک ئەوەندەی فاکتەرە ناوخۆییەکان جێگەی مەترسی و هەڕەشە نین بۆ سەر
قەوارەی هەرێمی کوردستان .
هۆکاری زۆربەی راپەرین و شۆرشەکان ستەمی ناوخۆ
و ناعەدالەتی ناوخۆیی و ستەمی دامودەزگا ئەمنیە داپڵۆسێنەرەکانی و برسی کردنی خەڵک
بووە ، شۆرشی ۲٥ی ینایری ساڵی ۲٠۱۱ی خەڵکی میسر کە لەماوی تەنها ۱۷ رۆژدا کۆتاییان بە دەسەڵاتەکەی سەرۆک محمد حوسنی موبارەک هێنا ، هێزو
هەرەشە و خەڵکی دەرەکی نەبوو ، بەڵکو ستەم و ناعەدالەتی و دەسەڵاتی تاک حزبی و ئەو
جیاوازیە چینایەتیە قوڵە بوو کە وای کردبوو لە ۸٠ ٪ خەڵک هەژار و بێدەرەتان بێت و لە ۲٠ ٪ دەوڵەمەندو
خۆشگوزەران بژین !
مەلیکی فەرەنسا لۆیسی ۱٦ شانزەهەم لەکاتێکا گەلی فەرەنسا بەهۆی نەبونی و هەژاریەوە ئەیانناڵاند
و خەڵک نانی نەبوو بیخوا کەچی گەنجینەی دارایی وڵاتی فەرەنسای مایەپوچ کرد و جگە لە
یارمەتی تیمی سەربازی ۲٠٠ ملێۆن لیڤەر ( پارەی ئەو کاتەی فەرەنسا بوو) نارد بۆ شۆرشگێرە ئەمەریکیەکان
لە ساڵی ۱۷۷٥ دا ، هەر بۆ ئەوەی دژی بەریتانیا بجەنگن و شکۆی بشکێنن ، وە لەئاکامدا
گەلی فەرەنسا لە ساڵی ۱۷۸۹ شۆرشیان لەدژی دەسەڵاتی لۆیسی شانزەهەم کرد و لەساڵی ۱۷۹۳ شدا بەتۆمەتی خیانەتی
گەورە ملیان بە مەقصەڵە پەڕاند .
ئێمە مێژوویەکی تراژیدی و سیخناخ بە شکست و
گلان و هەڵسانەوەمان هەیە ،نەک ئەزمون و مێژووی گەلانی تر ،ئەزمون و مێژووی خۆمان
پڕاو پڕە لە پەند و عیبرەت ، ئەوەندەی هەمو گەلانی ناوچەکە یاخی بون و راپەرین و
شۆرشمان کردوە ، رۆژ ژمێری سەرهەڵدان
و دامرکاندنەوە و شایەتحاڵی یەکەم و کۆتای
مێژووی ناوچەکە و پاڵەوانی داستانی سەروەری و شانازی گەلان و مەردوومی رەسەنی ئەم
مەملەکەتەین ، کەچی هێشتا لە خۆمان ون و ونین لە ناوخۆدا .
سی ساڵە ئەم پێکهاتەیەی ئێمە لەبری ئەوەی ببێتە
ناوەندی کۆکردنەوە ویەکریزی و تەبایی و کاڵکردنەوەی جیاوازی و سرینەوەی شوێنەواری
کارەسات و دابران و ناتەباییەکان ،
مخابن هەر لە سنور و بازنەی بیرکردنەوەی میراتی
پیرۆزیەکانی رابردودا ، لە دەوری هەواری شڕی خێڵ و بەدیار مەراسیمی رۆژی هۆز و
هاتنی موچەوە خول ئەخۆین !
دوو کارەکتەری گرنگ لە رۆژگاری ئەمرۆدا رۆڵ و
پێگەی هەر دەوڵەت وپێکهاتە و قەوارەیەکی سیاسی بەهێز ئەکەن ج لەناوخۆی وڵاتدا یا لە دەرەوە و لە نێو کۆری
نێودەوڵەتی و شانۆی سیاسی نێو دەوڵەتیدا ئەوانیش ؛
۱ ـ هێزی نەرم (
القوة الناعمە ) ؛
وەک " جۆزیف نای " پێناسەی کردوە بریتیە لە توانای دەوڵەت بۆ بەدەستهێنان یا دابینکردنی
ئەوەی دەیەوێت لە رێگەی راکێشانی سەرنجی بەرامبەر لەبری رق لێبونەوە و رق لێداگرتن
) ،واتە دەوڵەت دەتوانێ ئامانجەکانی خۆی بەدەست بهێنێ لە رێگەی نیشاندانی فۆرمی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبری و شارستانی
کە بەها و سەرچاوەی مەعنەوین و بە کاری ئارەزوومەندانە نەک نواندنی ترس ( الترغیب لیس الترهیب ) .
بونی سیستمێکی دیموکراسی دادپەروەر و شەفاف کە
مافی هاوڵاتیان و شکۆوکەرامەت و ژیانیان پارێزراو بێت و مایەی پێشکەوتن و شارستانی و گەشەی ئابوری بێت
. وە رەنگدانەوە ی بەها و ئەداو وێنایەکی جوانی ئیداری ـ سیاسی و دیپلۆماسی بێت .
۲ ـ هێزی سەربازی ؛
هێزیکی سەربازی نیشتیمانی سەربەخۆ کە لەتەواوی
چین و توێژەکانی کۆمەڵگەپێکهاتبێ و ئەرکی پاراستنی سنورەکان و قەوارە و پێکهاتەکان
بێت لە هەر هێرش و پەلامارێکی دەرەکی ، هەروەها هێز پێگە و شوێنی دەوڵەت و پێکهاتە
و قەوارەکان لە ململانێ و پەیوەندیە نێو دەوڵەتی و کێ بڕکێ ناوچەیی و هەرێمایەتیەکاندا
بەهێزتر و کاریگەرتر ئەکات بەپێچەوانەی ئەو هێزو لایەنانەی کە بێ هێز یا لەرووی هێزی سەربازیەوە لاوازن ، بۆنمونە
بزوتنەوەی لانگرانی خوا (حرکة انصار اللە ) کە بزوتنەوەی حوسیەکانی یەمەن ناسراوە
کە هێزێکی چەکداری توندرەوی ئیسلامی یەمەنە و لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پشتیوانی
و هاوکاری کراوە و بە تاوانی کوشتن و ئاژاوە و توندرەویانەوە لە ناوچەکە لەلایەن
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەو سزا دراون، هەروەها لەلایەن ولایەتە یەکگرتوەکانی
ئەمەریکاشەوە خراوەتە لیستی رەشەوە ، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەمانەدا لایەنێکی دیار و
خاوەن هێزێکی چەکداری دڕ و شەرکەر بون کە سەرەڕای هەمو ئەو فشارە زۆرەی کەلەسەریان
بوو توانیان بەهێزو توانایەکی گەورەوە بمێننەوە و زۆرترین شوێنی ستراتیژی و دەوڵەمەند
بەنەوت بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە ، دوای ئەوە حوسیەکان بون بەژمارەیەکی دیار و
کاریگەر لەسەر مەیدانی رووداو ئاڵوگۆڕیەکانی یەمەن ، بۆیە ئەمەریکا ناچار بو دان
بەو واقیعە تازەیەدابنێ و هەر بۆیە " تیم لیندر کینج " نوێنەری تایبەتی
ئەمەریکا لە یەمەن لە گفتوگۆیەکدا لە بەرواری ۲٤ی حوزەیرانی ۲٠۲۱ دا وتویەتی ؛ هیچ کەسێ ناتوانێ دەریان بکات یا دووریان بخاتەوە
لە نێو ململانێکاندا هەرتەنها بە خۆزگە خواستن ، بۆیە لێگەڕێن با کار لەگەڵ ئەو
راستیانەدا بکەین کەلەسەر زەمینەی واقیعدا هەیە ، شایانی باسە هەر لەم ماوەیەدا ئەمەریکا
حوسیەکانی یەمەنی لە لیستی سزاکانی خۆی دەرهێنا ، کە ئەمەش چاوپۆشی و فەرامۆشکردنی
روونی هەمو ئەو تاوان و پێشێلکاریانەیە کەئەم هێزە ئەنجامیان داوە !
ئەمەتەنها نمونەیەکە کە نیشانمان ئەدات رۆڵ و
کارگەری هێز و پێگەی هێز تا چ ئاستێک کاریگەری هەیە لەململانێ ناوچەیی و نێو دەوڵەتی و گفتوگۆ و دانوساتەکاندا .
لەناو هەرێمدا ؛
لەناو قەوارەی هەرێمدا هەمو پێکهێنەرە بنچینەییەکانی
بەهێزکردنی سیستمی حوکمرانی و گەشەی ئابوری و ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ هاوڵاتیان و
ئاوەدانی و بەرهەمهێنان و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری و خاکی بەپیت و ئاوی سەرزەوی
و ژێرزەوی پێویستمان بەزیادەوە هەیە بۆ کشتوکاڵ و، خاوەنی سەروت و سامانێکی گەورەی غاز و نەوتین ...
کەچی نیشتیمانێکی وێرانە و سیستمێکی لەت لەت و
بێ دامودەزگا و دامەزراوەیی و ناشەفاف و نائازاد و نارۆشنمان بەرهەم هێناوە کە هەڵگری
هیچ خەسڵەت و بنەمایەکی پێشکەوتن و چەمکی هاوڵاتی بون و مەدەنیەت و ژیانێکی شایستە
و سەردەمیانەی هاوتەریبی دەستکەوت و بەرهەم و داهات و سەروەت و سامانە نیشتیمانیەکەی
نیە و سەرەڕی ئەوە هەژاری و بێکاری تەنگی بە دانیشتوانکەی هەڵچنیوە !
جگە لەوە ناو و ناوبانگی قەوارەی هەرێم لە دەرەوە
، لە بەرچاو و لەراپۆرتەکانی دامودەزگاو رێکخراوی ما فەکانی مرۆڤ چەندین پێشێلکاری
دژی رۆژ نامە نوسان و چالاکوانی رێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکان لەسەر نەبونی ئازادی
رادەربڕین و رای ئازاد و داواکاری ماف و داخوازیە رەواکانیان تۆمارکراوە کە وێنایەکی
خراپی لای ئەوروپی و رۆژئاواییەکان لەسەر قەوارەی هەرێم دروستکردوە .
هێز ؛
هێز بەردی بناغەی هەر پێکهاتەو قەوارەیەکی سیاسیە
، بەتایبەتی بۆ پێکهاتەیەکی سیاسی نەخەمڵیوی ناکامڵی دەورەدراو بە هاوسێ و دەوڵەتی
داگیرو بەسەرا دابەشکراوی نەتەوە و بونی نەتەوەی سەردەستی دەوڵەتی زاڵ ، زۆر پێویستر
و ریشەیترە لەهەر ئەگەر و کارێکی نشتیمانی و بەدامەزراوەیی تری گەل .
لە بری هێزێکی نیشتیمانی یەکگرتوی تۆکمە ، شانبەشانی
هێزی پێشمەرگە ، چەندین هێزو دەستەی کەسێتی فڵان سەرکردە و فیسارە بەرپرس بونیان هەیە
بە بونی چەکی قورسەوە کەهەم مەترسیە لەسەر خەڵک و هەم مەترسیشە لەسەر خودی خۆیان و
تۆخکردنەوەی جیاوازی و ململانێکانیان ، بەجۆرێک لەهەر بەرکەوتنێکی ئاسایدا راستەوخۆ
ئەو هێزانە بە فەرمانی کەسی ئەجوڵێنرێن و دۆخەکە ئەشڵەژێنن وەک ئەوەی لە شاخ و
دوور لە ئاوەدانی و شار بن ! کەنەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆ بەڵکو لەسەر ئاستی دەرەوەش
شێوەیەکی قێزەون و دواکەوتی هەم بە کۆمەڵگەی کوردی و هەم بەدەسەڵەتی کوردی و قەوارەی
هەرێمیش گەیاندوە ، بەداخەوە لەگەڵ ئەو هەمو فشارەی هێزەکانی هاوپەیمانان و رای
گشتی خەڵکی کوردستان بۆ یەکخستن و دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتوی نیشتیمانی لە
کوردستاندا ، کەچی تائێستا هەوڵ و فشارەکان
و مەترسیەکان بۆ ئەومەبەستە ، بەرهەمێکی وایان نەبوە.
ئێمە لەم هەرێمەدا نە توانیومانە رویەکی گەش و
شێوەیەکی حوکمڕانی پێشکەوتو پیشانی جیهانی دەرەوە بدەین لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە
سەرکەوتوو نەبوین لە بەکار هێنانی هەمو ئەو پێکهێنەرە سەرەکیانەی کەلەبەردەستدا
بون و پێویست بون بۆ دروستکردن و بنیاتنانی قەوارەیەکی سیاسی خاوەن ئابوریەکی بەهێز
و هێزێکی یەکگرتوی نیشتیمانی و کوردوستانێکی ئارام و ئاوەدان بەجۆرێک کەلانی کەم
پێگەیەکی هەرێمی پتەو و ئاسایشێکی ناوخۆیی و بڕوا بەخۆبونێکی بەهێزی بە رۆڵەکانی
ببەخشیایە کەنەک لەگەڵ دەنگۆ و هەواڵ و تەپوتۆزی
کشانەوەی سوپایەک لە ئەفغانستان ، راچڵەکێت
و بە تەمو گومان پایەی قەوارەکەی بلەرزێ !