فەلەستین کارەساتبارتر لە ٦٧ !
8/3/2024 10:37:00 AM
عەلی شەریف
پێش روودان و تەنانەت
دوای روداوە کارەساتبارە گەورەکەی حوزەیرانی ١٩٦٧ کە بە کارەساتی گەورەی عەرەب دادەنرێت لە لایەن اسرائیلەوە ، شەقامی عەرەبی
و ئیسلامی چ لەسەر ئاستی جەماوەری و چ لەسە ئاستی فەرمی دەوڵەتانی عەرەبی لەسەر کیشەی
رەوای خەڵکی فەلەستین لەو پەری بەهێزی جۆشوخرۆشیدا بوو.
کارەساتی حوزەیرانی
٦٧ ، کاریگەری و لێکەوتەکانی چەند جەرگبر و وێرانکەر بون چ لەسەر ئاستی ناوخۆی فەلەستین
و چ لەسەر ئاستی ناوچەکە و دەوڵەتە عەرەبیە هاوسێ و لایەنگرەکانی وەک ( میسر و ئەردەن
و سوریا و لوبنان ) کە تائێستاش بەشێک لە شوێنەوار و گاریگەری ئەو کارەسات و شکستە
لە نێو جیهانی عەرەبیدا هەر ماوەو هێشتا بەشێک لە خاکی لوبنان و سوریاو ئەردەن و میسر
هەر لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاری هێزەکانی سوپای اسرائیلدا ماوەتەوە .
بەڵام لەگەڵ هەموو
ئەو کارەسات و رووداوانەدا هێشتا جوڵانەوەی فەلەستینی و کێشە رەواکەی جێگەی گرنگی
پێدان و پشتگیری و پشتیوانی بوو لەلایەن شەقامی عەرەبی و ئیسلامی و بەشێکی زۆری دەوڵەتانی
عەرەبی ، ئەم هەستە ، ئەم هاوکێشیە کە رەوایەتیەکی گشتی و هەستێکی نەتەوەیی و ئاینی
گەورەی لە پشتگیری و پشتیوانی بۆ دۆزی فەلەستین دەستەبەر کردبوو ، بەڵام دوای هێرشەکانی
٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی و بەبارمەتگرتنی زیاتر لە ٢٤٠ کەس ، لەسەروی
هەمووشیانەوە دەرکەوت کە ئەو هێرشە بەپلانێکی پێش وەختەی بزوتنەوەی حەماس ئەنجامدراوە
بە هەماهەنگی چەند لایەنێکی دەرەکی ..
ئەم دەرئەنجامە
وەک سەرەتایەک هەر زوو لە کەناڵەکان و راگەیاندنەکاندا تیشکی خرایە سەرو دەرکەت کە
بزوتنەوەی حەماس بێ ئاگاداری و پرسی رێکخراوی رزگاریخوازانەی فەلەستینی (فتح ) و هێزو
لایەنە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی تری ناو فەلەستین ئەو هێرشانەی ئەنجام داوە و ئەویش
دەبێ ئۆباڵی دەرئەنجام و کاریگەریەکانی لە ئەستۆ بگرێ .
بەڵام دیارە ئەم
کێشەیە دوای درێژەکێشان و کاریگەری جەرگبرانەی وەک کوژرانی زیاتر لە ٣٩ هەزار کەس
و وێرانبونی تەواوی کەرتی غەزە و بێ سەروشوێن بونی زیاتر ١٢ هەزار کەس و بریندار
بونی زیاتر لە ٦٨ هەزار کەس ، ئەمە کارەساتێکی زۆر گەورەیە ، جگە لەوەی دەیان سەرکردەو
فەرمانەی باڵا و سەربازی گرنگی حەماس کوژران و تیرۆر کراون لەگەڵ ژمارەیەکی یەکجار
زۆر لە چەکدارەکانی حەماس کە دیارە جێگەیان هەرگیز بەئاسانی پرنابێتەوە ، هێشتا ئەوەی
کە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم و رەهەندی بنچینەییە کە کێشەی فەلەستینی و بزوتنەوەی بەرگری
فەلەستینی لەدەستی داوە و بەئاشکرا پێوەی دیارە ئەوەیە لاوازی و کەمی پشتگری و پشتیوانی خەڵک ، ون بون
یا لەدەستدانی شەقامی عەرەبی ، نەخرۆشانی هەستی نەتەوەیی گەلانی عەرەب لەبەرامبەر شاڵاو و پەلامارەکانی سوپای اسرائیل
کە بەشێوەیەکی زۆر درندانەوە و دوور لەهەموو پێوەرە مرۆیی و یاساو رێساکانی جەنگ پەیرەوی
دەکا و سیاسەتی سۆتماککردنی غەزەش باشترین بەڵگەی درندانەی ئەم هێرشانەیە ، کەچی پەچەکردارێکی
جدی هەستپێکراوی وا چ لە شەقامی عەرەبی و چ لەسەر ئاستی هەستی نەتەوەیی و ئیسلامی
نابینی لەناوچەکەدا ، کەئەمە کارەساتی ئەم جارە سەبارەت بە دۆزی فەلەستین قورستر و
زۆر پەراویزتر کردوە و دایبڕیوە لە هەموو پشتگیری و پشتیوانیە فراوانەکەی رووداو و
کارەساتەکانی پێشتر .