ئێران ئامانجەکانی خۆی پێکا !
11/6/2023 11:30:00 AM
عەلی شەریف
ئێران حەماسی لە
شەڕێکی نابەرامبەردا گلاند و بەتەنها هێشتیەوە.!
*- لەدوای رێککەوتنی
کامپ دێڤدی ساڵی ١٩٧٩ کە لەنێوان میسر و اسرائیلدا ئەنجام درا پێویست بوو دوژمنێکی
وەهمی تر لە بری میسر و هەڵچونی عەرەبی بەرامبەر اسرائیل ڕاست بکرێتەوە چونکە هەم
سیاسەتی فراوانخوازی ئەمەریکی و هەم بۆ زیاتر دروستکردن و بەهێز کردنی کیانی اسرائیلی
لەناوچەکەدا پێویست بوو، بۆیە سەرخستنی خومەینی بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا لەلایەن
ئەمەریکاو ڕۆژ ئاواوە هەم سەرەتای کەوانیەکی ئایدیۆلۆژی ئاینی دەبێت بەدەوری ئایدیۆلۆژی
شوعیەتدا هەم دوژمنێکی وەهمی بۆ اسرائیل و کێشەی فەلەستین لە عەرەب -اسرائیل دەگوازنەوە
بۆ کێشەی ئێران – اسرائیل .
لەدوای سەرخستنی
خومەینی و گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئێران پرۆسەی سیاسی لە ئێراندا بەو رێچکەیەدا ڕۆیشت
و گەیشت بەو وێستگەیەی کەپێشتر نەخشەی بۆ
دانرابوو،ئیتر لەماوەی ٤٠ ساڵی رابردوادا " اسرائیل و ئێران " نەڕێک دەکەون
لەبەر ئابڕوچونی ئاینی وە نە یەکتریش دەڕوخێنن ، ئەوەی هەیە ئاڵۆزکردن و سەقاڵکردنی
گەلانی ناوچەکەیە لە بازنەی پاراستنی بەرژەوەندی و مانەوەی بەردەوامی خۆیاندا ، گەرنا
ئێران ساڵەهایە لە سوریا و لوبنان و عێراق و تەنانەت گەیشتۆتە یەمەن خێرە نەگەیشتە
قودس و اسرائیل !
ئێران دەوڵەتێکی
خاوەن وزەو پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی گرنگی هەیە لە ناوچەکە و کارەکتەرێکی کارای کەنداوە
،بەپێی زانیاری لێژنەی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی گەیشتۆتە ئاستێکی بەرزی پیتاندنی یۆرانیۆم کە مەزەندە دەکرێ گەیشتبێتە
رێژەی ٦٠% بەمەش ئێران نزیک دەبێتەوە لە لەو رئژەیەی کە پێویستە
بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ، کەئەمە لەوانەیە
لەلایەن ئەمەریکا و اسرائیلەوە هەم چاودێری وردی ئەم زانیاریانە دەکرێت و هەم بەردەوام
اسرائیل بۆردومانی بنکەو ئەو کارگانە دەکات کە لەوانەیە لە داهاتودا مەترسی لەسەر
ئاسایشی نەتەوەیی اسرائیل دابنێن و هەم مەترسی لەسەر هاوسەنگی هێز لەناوچە دروست
بکەن .
*- پرۆژەی ئاسایکردنەوەی
و رێککەوتنە سیاسی و ئەمنی و ئابوریەکانی نێوان مەملەکەتی سعودیەو اسرائیل لەلایەک
و رێککەوتن و کردنەوەی هێڵێکی بازرگانی لە هندەوە بۆ سعودیە و اسرائیل و بەستنەوەی
بە مینای عەسقەلانی سەردەریای سپی ناوەڕاستەوە کە گرنگی ئابوری و ئەمنی و سیاسی
گرنگی لێ دەکەوێتەوە ، لەوەش گرنگتر ئەگەری ئەوە هەیە تاساڵی ٢٠٣٠ سعودیە و میسر بەهاوبەشی
ببن بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمەریکاوە .
*- ئاسایکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان
اسرائیل و سعودیە ، لەکاتێکا سعودیە قورسایی و پێگەیەکی عەرەبی و ئاینی بەهیزی هەیە
دەبێتە رێخۆشکردن وکرانەوەی دەروازەیەکی گەورە لەبەردەم سەرجەم وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی
کە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانیان لەگەڵ اسرائیل ئاسایی ببێتەوە و ئەو پلانەی کە سەرۆک
دۆناڵد ترامپ داینا بۆ ئەوەی اسرائیل بخاتە ریزبەندی و بازنەی دەوڵەتانی ناوچەکە ، ئەم هاوکێشەیە نوێیە و نەخشە سیاسیە ئەمنیە
ئابوریە دیپلۆماسیە لەلایەن ئێرانییەکانەوە بە هەڕەشە و بەلاسەنگی تەرازوی هێز و زیانی
خۆیان لێکیان دایەو بۆیە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ هاوپەیمان و هێزە میلیشیاکانی خۆیان
لە هەریەک لە سوریا و فەلەستین و لوبنان و یەمەن لە پیلان و سەرقاڵی ئەوەدابوون کە
چۆن شکست بەو رێککەوتنە هەمەلایەنە بنێت و ئەم پرۆسەیە ئاشتەواییە تێک بدات و وەک
لایەنێکی فشارخۆی دەرخات بەئامانجی دۆزینەوەی دەرفەتێک بۆ سوککردنی ئابڵوقەی ئابوری
و پێشخستنی بەرهەمهێنانی نەوت و ئابوری وڵاتەکەی .
*- ئێران و حزب اللە
ی لوبنانی بۆ بەشداری راستەوخۆی شەڕەکەیان نەکرد :
بەپێی لێکدانەوەکانی
" پەیمانگای دەوڵەتانی کەنداو کە
واشنتۆن " ئێران و حزب اللە هیچ بەشداریەکی کاریگەرو ڕاستەوخۆیان نەنواند
،چونکە :
1- ئێران بە هەمووئامانجەکانی خۆی گەیشت لە
ململانێی نێوان اسرائیل و حەماسدا ، راستەوخۆ دوای پەلامارەکانی ٧ی تشرینی ٢٠٢٣ کە
بوە هۆی دواخستنی پرسی ئاسایکردنەوەی پەیوەندی و پەرەپێدانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری
نێوان اسرائیل و سعودیە تا کاتێکی نادیار، کە ئێران دژی سەرجەم ئەم پرۆسەیە وەستا
بۆوە .
2- دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازیەکانی
ئێران ماوەیەکی زۆر بوو دەیانناڵاند بەدەست هێرش و پیلانەکانی مۆسادەوە ،بۆیە ویستیان
بە پەرچەکردارێکی غافڵ گیراوەی چاوەڕوان نەکراو
لەسەر زەوی اسرائیل وەڵامێکی توندی مۆساد بدەنەوە و شکۆی ئەفسانە هەڵچنراوەکەی
" قوبەی بەرگری ئاسنینی " اسرائیکی
ودیوارە کۆنکرێتی و بۆمبڕێژکراوەکەی پۆچەڵبکەنەوە .
3- حزب اللە بەلای ئێرانەوە لە پێگەی یەکەم
و سەرەکیدا لە خزمەت ئێران و فەیلەقی قودسی سەربە پاسەوانانی شۆڕشدا یە ، وەک دیوارێکی
بەرەنگاری دژی ئەگەری هەر هێرشێکی اسرائیلی بۆسەر ژێرخانی دامەزراوە ئەتۆمیەکانی .
*- حەماس دەڵێ ؛
پلانێک هەبوو کە
ئێران بەناوی " البدر " دانرابوو بەوپێیە دەبوو لە ٧ی تشریندا " ئۆکتۆبەر
" هێرشێکی هاوبەش لەیەک کات و یەک کاتژمێردا بەشێوەیەکی غافڵگیرانەی چاوەڕواننەکراو
هاوشێوەی شەڕی ٦شەشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٣ کە میسر و سوریا لە مەیداندا دژی اسرائیل
نواندیان، بەهەمان شێوە ئێمەش ( حەماس هێرش
بکاتە سەر کۆمەڵگە نیشتەجی کراوەکانی دەوری غەزە و تادەگاتە کەناری رۆژئاوا ،میلیشیاکانی
حزب اللە ی لوبنانی هیرش بکەنە سەر باکوری اسرائیل و میلیشیا شیعەکانی سوریاش هێرش
بکەنە سەر بەرزاییەکانی جۆلان و لەوێوە بێنە ناو شەڕەکەوە ، هەرچی دەوڵەتی ئێرانە
بە کاتیۆشا دور هاوێژ لە سوریا و عێراقەوە بۆردومانی بنکە و جوڵەی هێزە دەریاییەکانی
اسرائیل بکات ).
کە ئێمە هێرشەکەمان
لە کات و ساتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامدا هیچ کام لەو هێزانە کە بڕیار بوو هێرش بکەن
شانبەشانی هێزو هێرشی حەماس ، بەداخەوە هیچ جوڵە و پەلامارێکیان ئەنجام نەداو بێ
جوڵە مانەوە ، تەنها ئەوە نەبێ کە وەزیری دەرەوەی ئێران ویستی بچێتە سوریا بەڵام بەهۆی
بۆردومانی اسرائیلەوە بواری نیشتنەوەی فڕۆکەکەی نەدراو بەناچاری چوە قەتەر و إسماعیل
هەنیەی بینی و پێی راگەیاندبوو چاوەڕێی پەچە کرداری ئێران بن بەپێی پلانی دانراو ...!
*- حەماس ئێستا
هەست بە بێ هیوایەکی زۆر دەکات و تێگەیشت لەوەی چۆن لە پیلانێکەوە تێوەگلاوە و چ
کارەساتێکی دروست کردوە و چۆن بەتەنها هاوپەیمانە شیعەکەی جێی هێشت و چۆن شەرمەزاری لای مەرجەعیەتە ئەسڵیەکەی
خۆی ( اخوان المسلمین ) بوە ، ئێستا ئەو هاوکێشە تەواو ڕوونە کە بۆ پاراستن و بەرژەوەندی
و نەشکاندنی شکۆی هێزەکانی سوپای ئێران و کەوانی شیعی لەناوچەکەدا چۆن کارتی دەستی
حەماسیان سوتاند و چ مامەڵەو بازرگانیەکی گرانیان بە پەرسی ئاینی و نەتەوەیی گەلی
فەلەستین کردو چۆن هاژوهوژی ٤٠ ساڵەی ئێران بۆ گەلی فەلەستین لەچەند کاتژمێرێکدا
پوکایەوە .