641وتار

خەڵكی خەمناك، مرۆڤی مل كەچ !

5/11/2022 3:06:00 PM
عەلی شەریف

خوێنی دەسەڵات وەك ئاوەدانی و شارستانی وایە ئەبێ بەشادەمارەكانی شاردا بڕوات ، وڵاتی وێرانە و بێ خزمەتگوزاری لە نەبونی ئەو خوێنە  یا هەستەی لێپرسراوان دایە كە بە شادەمارەكانی ژێرخان و بنیاتنانەوەی نیشتیماندا  ناڕوات !

هاوڵاتی لەسایەی حوكمڕانی دەسەڵاتی ستەمكاردا دەبێتە كەسێكی ئیفلیج و تەنانەت هێزوتوانای بەسەر ماڵوموڵكی خۆشیا نامێنێت !

ئەنجامی ٣٠ سی ساڵ لە حوكمدارێتی خۆیی ، بەرهەم هێنانی تاكێكی خەمناك و ترسێنراو  و كۆمەڵگەیەكی شیرازە لێكترازاو و گەلێكی پەرتبوە.

مرۆڤی خەمناك و بریندار لە بەرامبەر زوڵمی دەسەڵاتدا لەرواڵەتدا تاكێكی مل كەچ دیارە بەڵام لە رووە شاراوەكەیدای دوژمنیەتی !مرۆڤ هەر تەنها بریتی نیە لە تاك ، بەڵكو مرۆڤ واتە؛ شارستانیەت، كۆمەڵگە، رۆشنبیری، پرسیار، مێژوو .

لە چاخی ستەمكاریدا هاوڵاتی هێز و دەسەڵات و هەموو ئامرازێكی لەدەست دەردەهێنرێت ، دەنگی كپ دەكرێت و توانای دەربڕینی راو بۆچون و پاراستنی ماف و كەرامەتیشی نامێنێ ، تادەگاتە ئەو ئاستەی هاوڵاتی لەژێر دەسەڵاتی ستەمكاردا دەبێتە جەستەیەكی وشك و ئیفلیج و دەستبەستراو بەجۆرێك كە هێزی بەسەر ماڵوموڵكی خۆشیەوە نامێنێ.

دنیای دواكەوتوو، دەرئەنجامی  دنیای دەسەڵاتی زۆردارە ، كە بەهای هاوسەنگی نێوان دەسەڵات و خەڵك تێك دەچێت و دەگاتە رادەی رق و بوغزاندنی بەرامبەر، لەم بارەدا مرۆڤی مرۆڤایەتی خۆی لەدەست دەدات، بەها و نرخی نامێنێ.

لە جێگەی پەیوەندی هاوكێشەی ( من و تۆ ) كە (یەكسانی و داننان بە مرۆڤ بونی یەكتری و مافی بوونی دابین دەكرد )، پەیوەندیەكە دەگۆڕێ بۆ ( من و ئەو شتە )، ئەو شتە ئەو بونەوەرەیە كە دانی پیانانێ ، بە مرۆڤی نازانێ ، هیچ بەها و نرخێك بەژیانی و بە پیرۆزیەكانی نادا .. بەو مانایەی كە شتێكە دەتوانێ هەموو شتێكی بەرامبەر ئەنجام بدا وەك ( زۆریلێكردن ، ملكەچپێكردنی ، ئازاردانی ، كوشتنی ، برسیكردنی ، تۆقاندنی ) ئەوە مرۆڤی خەمناكە ، مرۆڤی دنیای دواكەوتوو ، مرۆڤێك كە دەسەڵات و پیاوە گەورەكان وەك كەسێكی ئاسایی نایبینن ! ، هیچ سۆزو خۆشەویستیەكی بەرامبەر نامێنێت و بەهیچ جۆرێ هەست بە ئازار و چەوساندەوەی و پێویستیەكانی ناكات .

نوسەری دیاری میسری (مستەفا علی ) ئەڵێ؛ لە واقیعیدا مرۆڤی دواكەوتوو بە٣ سێ قۆناغدا تێ دەپەڕێ ،قۆناغی جەوساندنەوە و مل كەچكردن و یاخی بوون ) ، قۆناغی دەردەسەری و ملكەچ كردنی مرۆڤی دواكەوتو بە تاریكترین و ناهەموارترین قۆناغی مێژوویی كۆمەڵگە ناودەبات كە وەك سەردەمی مانەوەی لەناو شكستدا وێنا دەكات و لەبەرامبەردا ئەو قۆناغە بۆ دەسەڵاتداری ستەمكار وەك رۆژان و سەردەمی زێڕینی ناودەبات ، بەڵام لەناو ئەو دۆخە خراپ وداروخاوەی كۆمەڵگادا رەگی یاخی بون و بەگژداهاتنەوە نەشونما ئەكات و كۆمەڵگە سازو هاندەدات بۆ هەستانەوەو بەرگری چونكە مرۆڤی خەمناك ، راستە لە روواڵەتدا مرۆڤێكی مل كەچە ، بەڵام لە ناخ و روە شاراوەكەیدا دوژمنی دەسەڵاتی ستەمكارە و گیانی دوژمنانەی لەدەمارەكانیدا ئەجووڵێتەوە ، كە ئەم هەستە ، ئەم یاخی بون و بەگژداهاتنەوە لە باوەشی دەسەڵاتدا بە بێ دەنگی و بەهێواشی وەك پشكۆیەكی ژێر خۆڵە مێش بە شنە بایەك ئەگەشێتەوە و كڵپە ئەكات، ئەم چركە ساتانە چركە ساتە مێژووییەكانی گۆڕان و هەستانە و ئاڵوگۆری ریشەیین وەك ئەو راپەڕینانەی وڵاتانی عەرەبی كە رووداوی شۆك ئامێز و یەكلایی كەرەوەبوون لە رووخانی رژێمە ستەمكارو زۆردارەكانی ناوچەكە .


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن