نانسی بلوسی لە تایوانە ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا لەوانەیە رێککەوتنەکان خێراتر بکات
8/3/2022 1:45:00 PM
عەلی شەریف
زمانی ژمارەکانیش کارگەری بەرچاویان هەیە ! شەڕ لەم قۆناغەدا
ئەگەرێکی کراوە نیە، بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکاریە سەربازیەکان و لێدوانە ئاگرینەکانی
نێوان هەردولا بۆ چنینەوەی دەستکەوتی زیاترە، پێش ئاسایی کردنەوە دۆخەکە بەرێگەی ئاشتیانەی دپلۆماسی !.
دورگەی تایوان؛ یەکێکە لە دورگە کێشە لەسەرەکانی بەحری باشوری چین و لەلایەن
دەوڵەتانی رۆژ ئاواوە اعترافی پێکراوە و دان بەسەربەخۆبونی دا ئەنێن، بەڵام چین
تائێستا و لەدوای روداوەکانی ساڵی ١٩٤٩ وە ، تایوان بەبەشێکی دانەبڕاو لە خاکی چین
دادەنێت و بەردەوام جەخت لە داگیرکردن و گێڕانەوەی دەکات .
*~ بەحری باشوری چین بەکۆمەڵێ دەوڵەتی نەیاری چین و (هاوپەیمانی
ئەمەریکا و رۆژئاوا) دەورە دراوە کە هەریەکەیان بەشێوەیەک لە شێوەکان کێشەو ململانێی
لەگەڵ چین هەیە لەسەر رێرەوە ئاویەکانی بازرگانی و کەشتوانی تیایدا کەبەردەوام چین
هەوڵی سنوردارکردن و کۆنترۆڵی ئەو دورگە و رێرەوە ئاویانە دەدات لەو دەوڵەتانەش وەک
(ئەندۆنیسیا، مالیزیا، فلیپین، ڤیتنام، برۆنای، تایوان) ئەمە جگە لە یابان و کۆریای
باشور کە دوو هاوپەیمانی ستراتیجی ئەمەریکان لەناوچەکە .
*~ ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا کە نوێنەرایەتی هاوپەیمانی
رۆژئاوا دەکەن و سێ دەوڵەتی گەورە و سێ ئەندامی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی
ئاسایشی نێودەوڵەتی و خاوەن چەکی ئەتۆمین و ئەندامی هاوپەیمانیەتی ناتۆن و هەریەکەیان
پێکەی تایبەتی سیاسی و سەربازی و هێزی دەریایی دیار و بەهێزن جگە لە چەندین دەوڵەتی
تری وەک ئەڵمانیا و استرالیا بوونێکی سەربازی دەریایی دیاریان هەیە لە بەحری باشوری
چیندا .
*~ لە کۆبونەوەی لوتکەی ساڵی پاری ناتۆدا لە ١٤ی تەموزی
٢٠٢١ دا لە بروکسل جۆبایدن زۆر بەئاشکرا قسەی لەسەر هەرەشەکانی روسیا لە ئەوروپا و قەیرانی بەحری باشوری چین و
کاریگەریە خراپەکانی فراوانخوازی و داگیرکردنی دورگەکانی وەک ( سبراتلی و باراسیل
و سینکاکو و کۆمەڵێ دورگەی تر کە دورگەی کێشە
لەسەرن و هەریەک لە تایوان و فلیپین و برۆنای و ئەندۆنیسیاو مالیزیا و ڤێتنام )
داوای ئەکەن ، لەلایەن چینەوە کردو ئاماژەی بەمەترسی و هەرەشەکانی هێزە دەریایی
وئاسمانیەکانی چین کرد کە بەردەوام مەترسی دروستدەکەن بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیان و
دەوڵەتە هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا .
سەرۆک بایدن ئامانجی بوو سەرنجی وڵاتانی ناتۆ و ئەوروپیەکان رابکێشێ بەوەی
چین لە ئایندەدا بەهۆی گەشەی خێرای ئابوری و هەرزانی کاڵا و پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیەکانیەوە
لەبوارەکانی سەربازی و بازرگانی و پرۆژەی پشتێنەوە و رێگەی ئاوریشمی و کڕینی ژمارەیەکی
زۆری بەندەری ئاوی لە باشورو رۆژئاوای کێشوەری ئەفەریقیا مەترسی گەورەی بۆسەر بەرژەوەندیە
جیوسیاسیەکانی ناتۆ دروست کردوە و پێویستە بوەستێنرێ !
بۆیە داوای لە وڵاتانی ناتۆ کرد کە؛
١- بودجەی زیاتر دابین بکەن
بۆ وەزارەتی بەرگری .
٢- پێویستە فراوانخوازی و
هەرەشەکانی چین لە بەحری باشور و هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پشتێنەو رێگەی
ئاوریشمی بوەستێنرێ .
هەر رۆژێک دوای کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ ، لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دا بایدن فەرمان
دەکات کەشتی فرۆکە هەڵگری (رۆناڵد ریغان ) بڕوات بۆ بەحری باشوری چین بۆ پشتیوانی
کردنی هێزی دەریایی و کەشتی گەلی فرۆکە هەڵگری (تیدۆر رۆزفڵت) .
جگە لە بونی هێزی دەریایی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا لە بەحری باشوری چین
شایانی باسە کەشتی هێرشبەری ئەتۆمی فەرەنسی
( ئیمیراود) و کەشتی گەلی وێرانکەری ئەڵمانی و کەشتی فرۆکە هەڵگری بەناوبانگی بەریتانی
( الیزا بیس) شان بەشانی هێزە سەربازیە دەریایەکانی تر لەناوچەکەن بۆ ئەگەری هەر هێرشێک
و روداوێکی نەخوازراو کەناوچەکەدا .
- لەمیانی خۆئامادەکردن و پێکهێنانی بەرەیەکی بەرگری بەهێزو
تۆکمە دژی هەرەشەکانی چین لە ناوچەکەدا
- لوید اوستن وەزیری بەرگری لە ئیدارەی سەرۆک بایدن لە ١٤ی
ئازاری ٢٠٢١ دا سەردانی هەریەک لە یابان وکۆریای باشور و هندستانی کردو هاوپەیمانێتی
چوار قۆڵی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری ئەو وڵاتانە دروستکرد بۆ رووبەروبونەوەی هەر ئەگەرێک
لە دەریای ئەتڵەسی و هادی و بەحری باشوری چیندا .
- ئەنجامدانی رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان ئەمریکاو بەریتانیا
و ئوسترالیا ( AUKUS )لە ١٦ی ئەیلولی
٢٠٢١ کە رێکەوتنێکی سێلاینەی ئەمنی بەهێزە و کەشتی پاڵنەری ئەتۆمی ئەدرێت بەهێزە دەریاییەکانی
ئوسترالیا ، لەم بارەیەوە (انتۆنی بلینکن) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێ ؛( ئەم رێککەوتنە
ئەمنیە وەرزێکی مێژووییە لە پەیوەندی نێوان ئەمەریکاو ئوسترالیا و بەریتانیا)
.
بەشێک بەزمانی
ژمارەکان
*- شایانی باسە ساڵانە لە رێگەی رێرەوی ئاوی بەحری باشوری چینەوە
بای نزیکەی بڕی 3.37 تریلیۆن دۆلار مامەڵەی بازرگانی ئەنجامدەدرێت .
نزیکەی لە 80% هاوردەی وزەی چین و لە 39.5 کۆی بازرگانی چین لەو رێرەوە ئاویەوە
بەئەنجام ئەگات.
*~ کۆی رێژەی ئاڵۆگۆری بازرگانی ساڵی ٢٠٢٠ نێوان ئەمەریکا و
چین بریتی بوە لە ( ٥٨٦،٧ ملیار دۆلار ) ولەساڵی ٢٠٢١ دا رێژەکە زیادی کردوە و گەیشتوە
بە بڕی ( ٧٥٥،٦ ملیار دۆلار ) و لەساڵی ٢٠٢٢ ئەم رێژەیە بەبڕی ١٠ ٪ زیادی کردوە و
تەنها لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە کانونی دووەم بۆ نیسانی ٢٠٢٢ بایی بڕی
(٢٤٥،٧ملیار دۆلار ) مامەڵەی بازرگانی ئەنجام دراوە .
*~ بەهۆی ناردنەدەرەوی کاڵای ئەمەریکی بۆ چین لەساڵی ٢٠١٩
دا زیاتر لە (١،٢) یەک ملێۆن و دووسەد هەزار هەلی کاری بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکی رەخساندوە.
*~ بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە ساڵی ٢٠١٩ لە ئەمەریکا ئەنجامدراوە
بەهۆی زۆر بونی مامەڵەی بازرگانی نێوان ئەمەریکا و چین هەر خێزانێکی ئەمەریکی بڕی
هێزی کڕینی نزیکەی ( ١٥٠٠ ) هەزار و پێنج سەد دۆلار زیادی کردوە .
*~ لەساڵی خوێندنی ( ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ ) نزیکەی (٣٧٠) هەزار خوێندکاری
چینی لە کۆلیج و زانکۆکانی ئەمەریکا خوێندویانە ، کە رێژەی ٣٤٪ ی کۆی خوێنکارانی دەرەوەی
ئەمەریکا پێک دەهێنن .
*~ چین دووەم گەورەترین خاوەن پشکەکانی دەرەوەی حکومەتی ئەمەریکایە کە لە مانگی ئابی
٢٠٢٠ دا بوە بەخاوەنی زیاتر (١.٠٧ ) تریلیۆن دۆلاری سەنەداتی حکومەتی ئەمەریکی …. . !
ئەم زانیاری و ئامارانەی سەرەوە دڵۆپێکە لە دەریایەک کە پەیوەندی بازرگانی
و گشتی ئەمەریکا و چین ، بۆیە روودانی شەڕ ئەگەرێکی دوورە و بەرزکردنەوەی ئاستی هەڕەشە
و لێدوان و ئامادەکاریەکان بەشێکە لە وتاری سیاسی زبر و زمانی دبلۆماسی رەق کە زۆر جار ئەم دۆخە لەپەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا روویداوە وەک قەیرانی
١٩٦٣ کوبای نێوان روسیا و ئەمەریکا !