وتار

بەڕێز پارێزگار

3/5/2020 7:13:00 PM 2125 جار خوێندراوەتەوە
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم



بەڕێز پارێزگاری سلێمانی .. بەڕێزت بەرپرسی یەكەمی لە پاراستنی سەر و ماڵ و گیانی گەورە وپچووكی سنووری دەسەڵاتەكانت، لێرەدا واتاكانی (سنوور) و ( دەسەڵاتەكان) تۆزێك ڕوونكردنەوەی پێویستە .

لە (سنوور)ی دەسەڵاتەكانتا، تا ئێستا، هیچ نەماوە نەیكەیت بۆ پێشگیری لەو دەردەی ڕوویكردۆتە سەرتاسەری جیهان، بە هەموو شەو و شەونوخونیی خۆت وتیمە حكومییەكەتەوە تا ئێرەتان بێ‌ كەم وكوڕی هێناوە .

بەڵام ( دەسەڵاتەكانت ) لەم كاتە و لەم سنوورەدا، هاوبەشی بۆ پەیدا بووە، ئەویش دەسەڵاتی ئەو (دەردە)یە، بە پێچەوانەی تۆ كار ئەكات و فەرمان ئەدا، تۆ بە لەشكرێكی ئاشكرا ڕووبەڕووی ڕاوەستاویت، ئەو بە نهێنی و خۆحەشاردان، تۆ بە دام و دەزگا وتیم كاربەدەستان، ئەو بە جەستەی لاوازی هاوڵاتیانی سنوورەكەت . (تۆ)یەكی فەرمان بەدەست، ئەو (بكوژ)ێكی نادیار .

لەبەر ئەمە هەرچی زووە، ئەمڕۆ نەك سبەی، هاوڵاتیانی سنوورەكەتی لێ‌ بشارەوە، یەك لایەنە بێ‌ گوێدانە هیچ دەسەڵاتێكی سەرووخۆت، هاوڵاتیانت لە ماڵەكانیاندا بپارێزە و كاری فەرمانگە و دام دەزگاكانی ئەم سنوورە ڕابگرە، ڕەنگە باجی بڕیارێكی لەم جۆرە پۆستەكەت بێت ، بەڵام چییە !! پۆستێكی گەورەتر لە دڵ ویژدانی هاوڵاتیاندا وەرئەگریت .

تۆ لە ڕووبەڕووبونەوەیەكی نا بەرابەردایت، بەرامبەر دوژمنێكی نەناسراو و نەبینراو، بە شێوەیەك لە شێوەكان ، بەڕێزت و هەموو خاوەن دەسەڵاتێك پۆلێن ئەكات، یان وەك یارمەتیدەری یان وەك دوژمنی .
بەڕێز پارێزگار.. بفەرموو پشوو لە سەرتاسەری سنوورەكەت ڕابگەێنە وەك بەرپرسی یەكەم لە گیانی هاوڵاتیان .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن