ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە ھەرێم ڕابگەیەنن
10/27/2020 11:07:00 AM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە ھەرێم، بۆ ھەڵبژاردنەوەی
خولێکی نوێی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت بۆ ھەرێم، شان بە شانی ھەڵبژاردنەکانی
عێراق لە حوزەیرانی ٢٠٢١ دا ، پێویستییەکی گرنگی مانەوەی ژیان و و گوزەرانی ھاوڵاتیانە .
بێگومان ئاسان نییە داوا لە بەشێکی زۆری ئەندامانی
ئەم خولەی پەرلەمان و وەزیرانی ئەم کابینە حکومییە بکەیت، کار بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە
بکەن، لەبەر ئەوەی داوایان لێئەکەیت رۆژی کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتەکانیان دیاری بکەن،
بەڵام لە ھەمان خول و کابینەدا کەسانێک ھەن ، ھەست بە گرنگی و پێویستی ئەو ھەنگاوە
ئەکەن ، لە پاڵ ھەستکردنی زۆرینەی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە بەوەی چیتر مانەوەی ئەم دۆخە،
بەم شێوەیەی ئێستا، داڕمان و نەھامەتی گەورەتری بە دوادا دێت .
سەرەتا وەک ھەنگاوی یەکەم، پێویستە یاسای ھەڵبژاردنی
پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە بە ھاوشێوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق
و یەک بازنەیی لە ھەرێمدا بگۆڕدرێت بۆ ئەو ١٢ بازنەیەی بۆ ھەر سێ پارێزگاکەی ھەرێم
دانراوە لە یاسا عێراقییەکەدا .
ھەنگاونان بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ململانێی
نێوان دوو بەرەی نیشتمانپەروەری و بەرژەوەند
خوازییە ، کێ لەگەڵە و کێ لە دژە ئەکەوێتە ڕوو ، لەبەر ئەوە داواکارم لە پەرلەمانتاران
لەسەر ئاستی تاک تا فراکسیۆن ھەڵوێستیان ڕابگەێنن لەبارەی دەربازبوون لەم قەیرانی
حوکمڕانییە، بە ھەنگاونان بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەختە.
ھەڵبژاردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەیەکی
نوێ ، دەرفەتێکی باشە بۆ ھەردوو لایەنی ھاوکێشە لاسەنگەکەی دەسەڵاتی سیاسی و ھاوڵاتیان
لە ئێستای ھەرێمدا، دەرفەتە بۆ دەسەڵاتی سیاسی کە ھەنگاوێک بۆ وەستاندنی ئەم پرۆسە
شکست خواردوەی حوکمڕانی بنێت.
دەرفەتە بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ، سەرەتایەکی
نوێ و نەخشەیەکی نوێی بۆ ژیان و گوزەرانیان دابڕێژنەوە لە سایەی دەسەڵاتێکی جیاوازدا
.