ئەو یاسایە ڕابگرن
4/8/2020 4:02:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
رۆژنامەى (وەقایعى کوردستان) ، لە 7ى نیسانى 2020 ، ڕێنماییەکى تایبەت و پەیوەندیدار بەبابەتى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و ماف و شایستە داراییەکانیانیان، بە ئیمزاى سەرۆکى حکومەت بڵاو کردەوە. واتا لە ڕووى یاساییەوە بەرکارکرا.
وڵامى ئەو پرسیارەى کە: (ئایا تا چەند ڕەوایە، لەم پشووە نائاساییەدا ڕێنمایى پەیوەست بە ماف و شایستە داراییەکانى سەرجەم مووچەخۆرانى هەرێم دەربکرێت؟) بۆ ڕاوێژکارانى یاسایى حکومەت، بەجێ ئەهێڵم .
بەڵام ئەوەى لێرەدا پێویستە هاوڵاتیان وەبیرى حکومەتى بهێننەوە ئەمەیە : (پێویستە ئەو رێنماییە نوێیە نەکرێت بە کردار، تا ماوەى پشووەکان کۆتایى دێت، و دادگاکان دەستبەکار ئەبنەوە، تا مافى هاوڵاتیان لە تانەدان لە هەر بڕگەیەکى ئەو ڕێتماییە نوێیە پارێزراو بێت)
بە پێچەوانەوە ئەگەر دام و دەزگاکانى حکومەت هەر ڕێکارێکى ئەو ڕێنماییە پەیڕەو بکات ، پێش دەستبەکاربونەوەى دادگاکان و پێش تێپەڕاندنى ماوە یاساییەکانى تانەدان، ئەوا مافێکى بنەڕەتى یاسایى و دەستوورى هاوڵاتیان پێشێل ئەکرێت.
ئەگەر چى تانەدان لە بڕگەکانى ئەو ڕێنماییە، لەبەردەم دادگاى کارگێڕیدا ، قەرەبووى مافى خوراوى هاوڵاتیان ناکاتەوە لە نەبوونى دادگایەکى باڵا لە هەرێمدا، تا بتوانرایە لە بنەڕەتدا، تانە لە خودى یاساکان بدەن، بەڵام بەرکارکردنى ئەو ڕێنماییە بە بێ پاراستنى ماوەى تانەدان، پێشێلییەکى تەواوکەرە بۆ مافێکى چەسپاوى هاوڵاتیان لە دەستوورى هەمیشەیى عیراقدا .
ئەم ڕێنماییە نوێیە، بۆ بەرکار کردنى یاساى ( چاکسازى)یە، پێویستە ڕێز لە مافە یاساییەکانى هاوڵاتیان بگیرێت بە تایبەتى ئەوانەى ئێستا لە ئەرکدان و بوون بە قەڵغانى پاراستنى گیانى هەموومان.