غیرەتتان بێت ئاڵای عێراق داگرن
10/17/2020 8:30:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
سمكۆ ئەسعەد
ئەگەر خۆتان، وەك پەرلەمان و حكومەت و حزبە سیاسییەكان، ئاڵای كوردستانتان
لا پیرۆزە، بە ئاڵای خوێنی شەهیدان و بەری ڕەنجی خەبات و تێكۆشانی دەیان ساڵی كوردی
ئەزانن، ئەگەر ڕاست دەكەن و كەوتنە ژێر پێی ئاڵاكەمان بە تاوان ئەزانن، فەرموون ئاڵای
عێراق داگرن لەسەرتاسەری هەرێمدا، مەرجی هەڵكردنەوەی ئەو ئاڵایە بە مەرجی هەڵكردنەوەی
ئاڵاكەمان بە دەستی خۆیان، گرێبدەنەوە .
ئەگەر ناشتوانن ئەو كارە بكەن، فەرموون ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی
هەرێم داگرن با بە تەنها ئاڵای سامناكی عێراق شەكاوەی سەر دام و دەزگاكانتان بێت .
ئاڵای كوردستان،هێمای مێژووی میللەتێك، لە ژێر پێ دەنرێت بەبەرچاوی هەموانەوە،
بە بەرچاوی سەرۆك كۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارە كوردەكانی بەغدا، بە بەرچاوی سەرۆكی
هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكی حزبەكانەوە .
شەرم نییە تەنها بە لێدوانی كورت و كوردی، تەرجومەنەكراو بۆ عەرەبی، ئەستۆی
خۆتان ئازاد دەكەن؟!
ئەمڕۆ و ئێستا، لەهەر كوردێكی ناوچە كوردستانییەكان و دانیشتوانی بەغدا
بپرسن، هەست بە چی دەكەن؟ (ناكوردەكان) بە چ چاوێك سەیرتان دەكەن؟ ئەوكات دەزانن
شكستهێنانی حوكمڕانیتان لە ناوخۆی هەرێم، پەلی كێشا بۆ نەهێشتنی شكۆی كەسایەتی هەر
كوردێكی دەرەوەی هەرێم .
داگرتنی ئاڵای عێراق پێویستی بە بودجە نییە، پێویستی بە غیرەتە، بە تۆزێك ڕێزلەخۆگرتنە،
بە تۆزێك هەستكردن بە كوردبوونە، ئەگەر ناتوانن، وەك هەمیشە، لەسەر یەك هەڵوێست ڕێكبكەون،
ئاڵای كوردستان لە هەرێمدا داگرن، لەبەر ئەوەی چیتر بە بەڕێزتان ناپارێزرێت .