ئەو ڕێككەوتنەی هەرگیز ناكرێت
12/19/2020 4:58:00 PM
402 جار خوێندراوەتەوە
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
ئەو ڕێككەوتنەی هەرێم لە بەغدای داوا ئەكات،
نە بووە و نە ئەبێت ،پێشتریش حكومەتی بەغدا ، بە درێژایی پانزدە ساڵی ڕابردوو ، نە
ڕێككەوتنی لە گەڵ حكومەتی هەرێم ئیمزاكردووە ، نە ئێستاش ئەیكات ، نەك لەبەر ئەو هۆكارانەی
سیاسیەكان بۆ میدیای كوردی باس ئەكەن ، بەڵكو لەبەر ئەوەی :
1- شتێك نییە ناوی ڕێككەوتنی
نوسراو وئیمزاكراو بێت (لە نێوان حكومەتی هەرێمیی و حكومەتی فیدرالیی) لە پرۆتۆكۆلی
سستمە فیدرالییەكانی جیهاندا ، لەبەر ئەوە ، عیراقێك بەم هەموو هێز و توانا یاسایی
ونا یاساییەوە كە تیایدایە ، نایەت پێشینەیەكی لەو جۆرە بۆ خۆی تۆماربكات و ڕێككەوتن
لەگەڵ حكومەتێكی هەرێمی یان خۆجێیی ئیمزا بكات.
2- ئیمزاكردنی ڕێككەوتن
لە نێوان دوو دەوڵەت ، دوو حكومەت ، دوو لایەنی هاوئاست وبەرابەردا ئیمزا ئەكرێت ،
عیراق چۆن ئەو دەرفەتە ئەدات بە حكومەتی هەرێم ، ئەگەر وا بكات ، حكومەتە خۆجێیەكانی
پارێزگاكانیش داوای هەمان بەرابەری لێ ئەكەن ، لەبەر ئەوەی هەرێمەكان و پارێزگاكان
لەیەك پۆلینی دەستووریدان ؟!
3- تا ئێستا حكومەتی هەرێم
ڕێككەوتننامەی ئیمزاكراوی لە گەڵ حكومەتی عیراقدا نەبووە و خۆی بە خاوەن بڕیار زانیوە
،ئەم هەموو گرێبەست و كۆمپانیا بیانیانەی هێناوەتە سەر خاكی هەرێم ، ئەی ئەگەر ڕێككەوتننامەی
ئیمزاكراوی بەدەستەوە بێت ، ئەبێت چی بكات ؟!
4- دەستەبژێری شارەزای
بوارە جیاجیاكانی یاسا وئابووری وسیاسەت لە عیراقدا ، ڕێگرن لە ڕێككەوتننامەیەكی لەو
جۆرە ، بەڵگەیەكی یاسایی نادەنە دەست دەسەڵاتێكی هەرێمی یان خۆجێیی، نەوەك لە
داهاتوودا توشی لێپرسینەوە و ڕووگیری یاسایی و سیاسی بن لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە
.
5- ئەم حكومەتەی ئێستای
عیراق (بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی) لە حوكمی كاربەڕێكەرە ، تەمەنی درێژی شەش مانگی
ترە چۆن ئایندە و ناوبانگی خۆی و دەوڵەتەكەی ئەكات بە قوربانی ڕێككەوتنێكی درێژخایەن
لەگەڵ حكومەتێكی هەرێمیی دا .
6- كابینە جیایاكانی
حكومەتی عیراق بە درێژایی ئەم پانزدە ساڵەی ڕابردوو ، لە ژێرگوشار و ڕاسپاردەكانی
هاوپایماناندا ، بە تایبەت ئەمریكا و بەریتانیا دەستیان لە هەرێم نەوەشاندووە ، لەوە
ئەچیت چیتر ئەو گوشارانە بوونیان نەمابێت .
لە كوردستان ، لەم دۆخەی ئێستادا ، كەس
نازانێت بڕیادەران،لە هەولێر و لە سلێمانی ، تا چەند لە داهاتووی نزیكی ئەم قەوارەیە
وئەم كوردە بێ چارەیە دڵنیان ، بەڵام ئەوەی من ئەیزانم ئەمەیە :
- ئەگەر قەوارەی هەرێمیان
لا مەبەستە و ئەیانەوێت ئەم هەرێمە بمێنێت ..پەنا بەرنەوە بەر دەستووری عیراق
وداوای دواپشتگیری لە ئەمریكی و بەریتانیەكان بكەن بۆ ڕێكخستنەوەی هەرێمێكی یاسایی
و دەستووری لە دەوڵەتی عیراقدا ، نەك وەك ئەم هەرێمەی بینیمان .
- ئەگەر قووت و بژێوی
هاوڵاتیانیان لا مەبەستە ، بێ دوو دڵی ، پەلە بكەن لە دەرچواندنی یاسای بودجەی
2021ی عیراق ، چیتر باس لە (شایستە) و (پشك) و (قەرز) ی هەرێم نەكەن ، لەبەر ئەوەی
گوێگریان نییە .
- (گفتوگۆ و دانوستان)
لەسەر دارشتن و هەمواركردنی چەند یاسایەكی فیدرالی بكەن، تا مافی هەتا هەتایی ئەم
میللەتە بەش مەینەتە جێگیر بكەن .
- ئەبێت بزانن عیراق ڕوو
لە دەوڵەتێكی دامەزراوترە وەك لەمەی كە لە كوردستانە ،چیتر (سازان)و (كۆبونەوە) و
(لێكتێگەیشتن) ی حزبە سیاسییەكان ئەنجامی نابێت .