777وتار

بۆچی نابێت پشتگیری لە گۆڕینی دەستووری عێراق بكەین؟

11/26/2019 11:10:00 AM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

 

زۆرن ئەو بابەتانەی شایستەی پارێزگاریی لێكردنن لە دووتوێی دەستووری بەركاری ئێستای عێراقدا، چ بابەتە گشتییە پەیوەستدارەكان بە هاوڵاتیانی هەرێمەكان و كۆی هاوڵاتیانی عێراق، چ ئەو بابەتانەی بنەمای رێكخستن و هەڵسوڕانی سیستمی سیاسی عێراق دیاریدەكەن.
لێرەدا، بە كورتی و بە خستنەڕووی دوو مادەی دەستووری عێراق، مادە 105 و 106، بنەمایەكی زۆر گرنگی پەیوەست بە ژیان و گوزەران و یەكسانی و مافی هاوڵاتیانی هەرێم ئەکەوێتە بەرچاومان.
 
دەقی هەردوو ماددەكە ئەمەیە:
مادەی 105 :
دەستەیەكی گشتیی پێكدەهێنرێت بەمەبەستی پاراستنی مافی هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی نەكەوتوونەتە سنووری هیچ هەرێمێكەوە بۆ بەشداریكردنیان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانى حكومەتی فیدراڵی و نێردەكان و زەمالەكانی خوێندن و شاندەكان و كۆنگرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان ئەم دەستەیەش پێكدێت لە نوێنەری حكومەتی فیدراڵی و هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی سەر بە هیچ هەرێمێك نین و ئەوەش بە یاسا رێكدەخرێت.
 
مادەی 106 :
بە یاسا دەستەیەكی گشتیی بۆ چاودێریكردن و تەرخانكردنی داهاتی فیدراڵی دادەمەزرێت، دەستەكە لە پسپۆڕانی حكومەتی فیدراڵی و هەرێمەكان و نوێنەرانیان پێكدێت و ئەم لێپرسراویەتیانەی هەیە :

یەكەم: دڵنیابوون لە دابەشكردنی دادگەرانەی باربوو و یارمەتی و قەرزە نێودەوڵەتیەكان بەگوێرەی پشكی هەریەكە لە هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.

دووەم: دڵنیابوون لە بەكاربردن و دابەشكردنی داهاتی دارایی فیدراڵی بە باشترین شێوە. 

سێیەم: دڵنیابوون لە هەبوونی شەفافیەت و دادپەروەری لە تەرخانكردنی پارەو پول بۆ حكومەتە هەرێمییەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هەرێمەكانەوە بەپێی ئەو ڕێژانەی بڕیاری لەسەر دراوە .
تێگەیشتن لە واتاو ناوەڕۆكی ئەو دوو ماددەیە پێویستی بە پسپۆڕبوون نییە لە بواری یاسایی و دەستووریدا، هەروەها بەرگری لێكردنیشی نابێت تەنها لەئەستۆی یاساناساندا بێت، لەبەرئەوەی بابەتێكە بۆ ئێستاو ئایندەی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق داڕێژراوە .

لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە، ئایا تا چەند كاربەدەستان و پەرلەمانتارانی كورد لەسەر ئاستی عێراق كاریان بۆ جێبەجێكردنی ئەو دوو ماددەیە كردووە؟

ئەگەر كاركردنێكی ڕێژەییشیان لەپێناودا كردبێت، ئایا ئەو كاربەدەست و پەرلەمانتارە كوردانە دەتوانن ئەو دوو ماددەیە لە شاڵاوی هەمواركردنەوە بپارێزن؟

ئەوەی جێگای دووبارەوتنەوەیە لەم نووسینەدا، ئەوەیە: كێشە لە دەستووری عێراقدا نییە، كێشە لە جێبەجێنەكردنیدایە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن