وتار

بەڵگەی تاوانی كۆمەڵكوژی كۆرونا لای بەڕێزتە ..

6/8/2020 5:59:00 PM 591 جار خوێندراوەتەوە
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

لە كاتێكدا سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەستیان لەسەر دڵیانە و ژمارەی قوربانیانی ئەو دەردە كوشندەیە ئەژمێرن، بەڕێز ئومێد خۆشناو، لێدوان ئەدات، سەرلەنوێ‌ تەشەنە سەندنەوەی دەردی كورونا، بە كاری كردار و بە ئەنقەستە لەقەڵەم ئەدات .
بەڕێزیان، وەك ئەوەی لە ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاوكراوەتەوە ، فەرموویانە :((خەڵك بە قاچاخ لەسنوورەكانەوە ئاسانكارییان بۆ كراوە و هێنراونەتەوە ناو شارەكانی هەرێم ... ئەمە تەنیا بۆ ئەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا زیاد ببێت لەهەرێمی كوردستان بەو هۆیەوە چاوەڕوانی كارەساتی گەورە دەكەین لەكوردستان، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی ئەزموون و حكومەتی هەرێم ناشرین بكەن، كە بەدڵنیاییەوە بەڵگە هەیە و دەخرێنە ڕوو و كارێكی زۆر زۆر خراپیش بوو ئامادەشم ئەو بەڵگانە بخەمە بەردەستی پەرلەمان و دامەزراوە یاساییەكانی هەرێم. 
لێرەدا ئەڵێین :
1 – ئەبێت بەڕێزیان بزانن، ئەو بەڵگانە بەڵگەی كوشتن و تێكدانی ئاسایش و ئارامیی و تەندروستی گشتیین، لە كاتی كارەسات ونەهامەتی گشتییدا، نابێت مامڵەی نایاساییان پێوە بكرێت، پلەی ئەو بەڵگانە، لە پلەی بەڵگەی تاوانی كۆمەڵكوژی دائەنرێن .
2 – دەستبەجێ‌ ئەو بەڵگانە بدەن بە داواكاری گشتی، تا ڕێكاری یاسایی تایبەت بە (ئەنجامدانی تاوانی بە ئەنقەست لە كاتی كارەسات و نەهامەتی كشتیدا) بگیرێتە بەر.
3 – ڕادەستكردنی كۆی ئەو بەڵگانە ، بە بێ‌ كەم و كوڕی ، لە لایەن بەڕێزیانەوە ، بە لایەنی یاسایی و دادوەریی تایبەتمەند لە هەرێمدا، ڕابگەێندرێت، وەك چون دەستكەوتنەكەی ڕاگەیاند .
بە پێچەوانەی ئەو خاڵانەی سەرەوە، بەڕێزیان، لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیار ئەبن، ولێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا ئەكرێت .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ