سەرەتاكانی قۆناغی دووەمی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم
6/8/2023 7:57:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
قۆناغی یەکەمی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم بەلەکار خستنی پەرلەمانی هەرێم بە بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی عیراق لە 30ی ئایاری ئەمساڵدا بە ئەنجام گەیشت.
سەرەتای قۆناغی دووهمی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە، بە دوو لێدوانی جیاجیا لە بارەی هەڵبژاردنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی هەرێم ، ڕێچکەی بەست:
لێدوانی یەکەم ، لە لایەن بەڕێز وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لە 3/6/2023 درا ، بەڕێزیان فەرمویان : (( گرنگ نییە کێ سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردنە دەکات یان میکانیزم و یاساکان چی دەبن ، گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و خاوەنی هەرسێ دەسەڵاتەکان بێت))
لێدوانی دوەم ، 8/6/2023 لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بو ، ئەمە پوختەکەیەتی : (( لیژنەیەک لە کۆمیساران دیاریکراوە بۆ دیاریکردنی میکانیزم و بودجە و وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لەو بارەیەوە دەستیان بە کارکردن کردوە ))
لێرەدا پێویستە هەموان بزانن :
1 - کۆمسیۆن بە بێ گەڕنەوە بۆ هیچ دامەزراوەیەکی هەرێم ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام ئەدات بە یاسا و ڕێسا و ڕێکار و ڕێنماییەکان ناو یاسای کۆمسیون ژمارە 31 ساڵی 2019
2 – کۆمسیۆن هیچ مامەڵەیەکە فەرمی لەگەڵ حکومەتی هەرێم ناکات لەبەر ئەوەی پێویستە دوای لەکارخستنی پەرلەمانی هەرێم ، حکومەت لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێم ڕاسپێردرێت بۆ کاربەڕێکردن بە مەرسومێکی سەرۆکایەتی ، واتا ئەم کابینە حکومیەی هەرێمیش ، کە بە قسە و بە بێ بڕیار خۆی ناوناوە (کاربەڕێکەر) دو مانگی تر بە دەردی پەرلەمان ئەڕوات.
3 – کاتێک کۆمسیۆن بە یاسا و ڕێنماییەکانی خۆی هەڵبژاردن ئەنجامئەدات ، تانەکان و پەسەندکردنی ئەنجامەکامی ئەو هەڵبژاردنەیش ڕوبەڕوی دەسەڵاتی دادوەری عیراق ئەکاتەوە ، ئەمەیش بە وەلانان و پوکانەوەی دەسەڵاتی دادوەری هەرێم دائەنرێت .
پێویستە بەڕێزان لە سەرۆکایەتی هەرێم لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی سەرۆکایەتی هەرێم لێدوانەکانیان ڕێکبخەن، بزانن مان و نەمانی قەوارەی هەرێم بەندە بە گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان ، لە هەمان کاتدا پێویستە بزانن بابەتێک هەیە ناوی (سەروەری)یە نابێت بەلایانەوە گرنگ نەبێت (کێ) هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجام ئەدات ، لەبەر ئەوەی ئەو (کێ)یە بە (یاسا و بە ویستی دەوڵەتەکەی و بە پاڵپشتی دادگا باڵاکەی) هەرێم دروست ئەکاتەوە ، ئەمە ئەگەر ویستی دروست بێتەوە.
سەرۆکایەتی هەرێم لەسەریەتی ڕێکارەکان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەبژاردنەکانی عێراق بگرێتە بەر، بە ناوی هەرێمەوە، هاوکات بە بڕیارێک حکومەتی هەرێم بە کاربەڕێکەر بناسێنێت و بە بڕیارێکی تر چاودێری حکومەت بە دەسەڵاتی دادوەری بسپێرێت.
ئەگەر ئەو ڕێکارانە نەگیرانەبەر و قۆناغی دووەمی هەڵوشاندنەوەی ئەم قەوارەیەی هەرێم بە بەرچاوی هەموانەوە سەری گرت ، ئەو کات ئەزانرێت (کێ) بڕیاری لە نەمانی هەرێم داوە و (کێ) بەشدارە!.