910وتار

دادگای باڵای هەرێم

7/12/2019 9:35:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

 

لە دەقی ڕێككەوتننامەی ئیمزاكراوی نێوان یەكێتی و گۆڕان لە 16ی مایسی 2016 دا، لە بڕگە 2ی ماددە 12ی بەشی چوارەمی ڕێككەوتنەكەدا هاتووە : (( هەردوولا پشتگیری لە دەسەڵاتی دادوەری دەكەن بۆ دامەزراندنی دادگای باڵای هەرێم بە سەرجەم تایبەتمەندییەكانەوە )).

گرنگیی بابەتی (دادگای باڵای هەرێم) لە گرفتاربوونی سەركردە باڵاكانی پرۆسەی سیاسی هاتە بەرباسی ڕێككەوتنی سیاسی، لە ئەنجامی نەبوونی مەرجەعێكی یاسایی یەكلاكەرەوە بۆ كێشە سیاسییەكان و زاڵبونی هێز بەسەر شەرعییەتی یاسا و پەرلەمان و سستمی حوكمڕانی كارگێڕی ودارشتنی سیاسەتی دارایی.

بەڵام لەگەڵ یەكەم دانیشتنی ئاشتبوونەوە و لە یەكتر نزیكبوونەوە لە لایەنی بەهێز، بابەتی ( دادگای باڵای هەرێم ) ئەچووە خانەی بیرچوونەوە .

سەر لە نوێ‌ لە سەرەتای ساڵی 2019دا، ولە 10ی 1دا، لە سەروبەندی داڕشتنی ڕەشنووسێكی سەرەتایی بۆ ڕێككەوتن لە نێوان یەكێتی وپارتیدا بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بابەتی ( دادگای باڵا )  چوە ناو ڕەشنووسە سەرەتاییەكەی ڕێككەوتنەكە، بەم شێوەیە : ((پێویستە - دادگای باڵای هەرێمی كوردستان - بە یاسایەك دابمەزرێت وەك بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی لە هەرێمدا، باڵادەستی یاسایی بۆ ئەو دادگایە بێت بۆ یەكلایی كردنەوەی بابەتە پەیوەستەكان بە دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن لە هەرێمدا ))، هەر زوو ئەم بابەتە قورسەی دروستكردنی مەرجەعێكی یاسایی باڵا لە هەرێمدا، كرا بە قوربانی پرۆسەكە بە گشتی.

ئەم بابەتە تا ڕادەیەك گرنگ نییە بۆ سەركردە باڵاكان، بەڵام بەش بە هاوڵاتیان و ئەوانەی بە دوای پرۆسەیەكی سیاسی تەندروست و حوكمڕانییەكی سەركەوتوو دا دەگەڕێن، بابەتی دادگای باڵا، پێویستییەكی گرنگی مانەوە و بەرەوپێشچوونە .

ئەوەی ئەمڕۆ لە ژیانی سیاسی وكارگێڕی هەرێمدا دەگوزەرێت، كە بە پێی پێویستیی كەس و لایەنەكان یاسا دائەتاشرێت، لە 2006ەوە رێچكەیەكی نا جێگیری گرتووە، بەرامبەر پرسی دەستووری هەرێم و درێژكردنەوەی كاری ئەنجومەنی پاریزگاكان و درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم و هەمواركردنە یەك لە دوای یەكاكانی یاسا بەركارەكانی لە لایەن پەرلەمانەوە، بە پێی پێویستی لایەنە سیاسییەكان، بە دوور لە چاودێری دەسەڵاتێكی یاسایی خاوەن سەروەری.

لە كوردستاندا، پەرلەمان بە ویستی ئەندامانی یاسا دائەڕێژێت، كەسیش ناتوانیت تانە لە بڕیارێكی یان یاسایەكی بدات، بە هۆی نەبوونی دادگایەكی باڵا، واتا پەرلەمانی كوردستان بەرهەمهێنان و هەمواركردنی یاساكانی كردووە بە پیشە، بە پێی ویستی لایەنەكان، لە غیابی دەستوور و دادگایەكی باڵا .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن