233وتار

یەکێتی و گۆڕان .. قەیرانی ژمارە و ناونیشان

3/4/2023 8:11:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

 

-یەکێتی خاوەنی ناونیشانەکانی (پێشکەوتنخوازیی ، ئاوەدانی ، ئاشتی ئارامی وسەقامگیری و دموکراسی و مافی چارەی خۆنوسیی و فرەیی سیاسی) بوو لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان وعیراق ، بۆ ناخۆی خۆیشی خاوەنی بنەماکانی ( فرە مینبەری و پشتگیری کردنی ھەڵکەوتوانی بواری حزبی وکارگێڕی وزانستی بە ھەموو بوارەکانیەوە و خۆ بەدوورگرتن لە ھەژموونی بنەماڵەیی سیاسی وحزبی) بوو ، ھەموو ئەوانە .. لای مام جەلال گرێئەدرانەوە و ئەکەوتنە ڕوو .

-گۆڕان داڕێژەری ناونیشانەکانی ( یەکسانی و دادپەوەری کۆمەڵایەتی و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی لە ھەموو بوارەکاندا ، چاکسازیی ڕیشەیی و بونیاد نانەوەی قەوارەیەکی تەندروست و ڕاست بۆ ھەرێم وپاراستنی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات..) بوو ، بۆ ناخۆی خۆیشی دەیان بنەما وستایڵی نوێی کاری حزبی وسیاسی داڕشتبوو لە ھەمویشی گرنگتر ، خۆ بەدوورگرتن بوو لە ھەژموونی بنەماڵەیی سیاسی وحزبی ، ھەموو ئەوانە .. لای کاک نەوشیروان گرێئەدرانەوە و ئەکەوتنە ڕوو .

یەکێتی وگۆڕان ، دوای ماڵئاوایی مام جەلال و کاک نەوشیروان ، بە دوور لە ناونیشانە ڕاستەقینەکانیان ، کەوتنە داوی ژمارەی کورسی پەرلەمان و پۆستی حکومی ، ناونیشانە ڕاستەقینەکانیان کە خاڵی بەھێزیان بوو کران بە قوربانی دەسەڵاتێکی کارتۆنی ، دەسەڵاتێک وێرانیی و پەککەوتنی سلێمانی و گەرمیان و پشدەر و کۆیەی لێکەوتەوە لە پاڵ دەوڵەمەند بوون و بەھێزبوونی ئەو کەسانەی ھەمیشە دژی ناونیشانە بنەڕەتیەکانی یەکێتی و گۆڕان بوون .

ئێستا سەر لە نوێ ، بە ناوی ھەڵبژاردنەوە ، ئەو لایەنەی ناونیشانەکانی (یەکێتی وگۆڕان)ی گەیاند بەم ڕۆژە ، بانگھێشتیان ئەکات بۆ سەر لە نوێ گرەوکردن لەسەر ژمارە ، بۆ ھێشتنەوەیان لە ناو ھەمان بازنەی پێشوو ، بۆ یەکسانکردنی (ناونیشانەکانیان) بە چەند پۆستێکی حکومی. 

ئومێدەوارم سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕێگا لە نوێکردنەوە ودووبارەبوونەوەی ئەم ناڕەوایەتییە بگرن ، نەھێڵن بە ناوی ھەڵبژاردنەوە ئەم شێوازی حوکمڕانییە خۆی چەندبارە بکاتەوە،

ھەردوو بەڕێزیان ئەتوانن ، لە بری سەرقاڵبوون بە ھەڵبژاردنێکی تر ، ناونیشانە ڕاستەقینەکانی (یەکێتی وگۆڕان) زیندووبکەنەوە ، بەھای سیاسەت وحوکمڕانی ومتمانەی ھاوڵاتیان بژێننەوە ، ئەگەر نا ئەوا دانیشتوانی زیاتر لە نێوەی ھەرێم ، بۆ ھەتا ھەتایە ، دوڕاوی یەکەمی گرەوی ژمارە ئەبن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن