لە عیراق .. بنەماى تۆمەتبارکردنى پەرلەمانتاران داڕێژرا ..
9/7/2022 7:11:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
بە پشتبەستن بە ئەحکامى دەستوورى عیراق و یاساى دادگاکە، ئەمڕۆ دادگاى باڵاى فیدرالى ، داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عیراقى ڕەتکردەوە ، لە هەمان کاتدا دەرگایەکى گەورەى تۆمەتبارکردنى پەرلەمانتارانى کردەوە، واتا لە برى داواى هەڵوەشاندنەوەى کۆى پەرلەمان ، دەتوانرێت سکاڵاى یاسایى سزایى لە دژى پەرلەمانتاران بجوڵێنرێت ..
لە بڕیارەکەى دادگاى باڵا دا ، بنەمایەکى نوێى (یاسایى – سیاسى) بۆ داهاتووى کارى پەرلەمانى داڕێژرا ، واتاى ئەو بنەمایە بریتیە لە (پێویستیى ڕەچاوکردنى بەرژەوەندى وسەلامەتیى گەلى عیراق لە کارى پەرلەمانتاریدا) بە پێچەوانەشەوە، ڕەچاونەکردنى ئەو بنەمایە ئەبێت بە هۆیەکى یاسایى تۆمەتبارکردنى پەرلەمانتاران .
بنەماى بڕیارەکە بەم شێوەیە هاتووە : (( ئەندامانى پەرلەمان دواى هەڵبژاردنیان ، نوێنەرى خۆیان و لایەنە سیاسیەکانیان نین بەڵکو نوێنەرى (گەل) ن ، پێویست بوو لەسەریان کار بۆ ئەو مەبەستە بکەن کە لە پێناویدا هەڵبژێردران ئەویش بەرژەوەندى (گەل)ە، نەک ببن بە هۆى پەکخستنى بەرژەوەندییەکانى گەل و دروستکردنى هەڕەشە لەسەر کۆى ئەو گەلە ))
ئەنجامى گرێدانەوەى (کەسى پەرلەمانتار) و (کارى پەرلەمانتاریى) بە کردەوەى پەکخستن بەرژەوەندییەکانى گەل و دروستکردنى هەڕەشە ئەم واتایانە ئەگەێنێت :
1 – کارکردنى (پەرلەمانتار) بە پێچەوانەى ئەحکامى ماددە 50 لە دەستوورى عیراق ، واتا کار کردن بە پێچەوانەى ئەو سوێندەى پەرلەمانتار خواردویەتى بۆ بوون بە پەرلەمانتار ، ئەمە هۆکارێکە بۆ دروستبوونى بنەماى سزایى .
2 – ئەگەرى تۆمەتبارکردنى (پەرلەمانتار) بە ئەحکامى (یاساى سزادانى ئەوانەى موئامەرە لە سەلامەتى نیشتمان و گەندەڵکردنى سستمى حوکمڕانى ئەکەن – ژمارە 7 ى ساڵى 1958)
3 – ئەگەرى تۆمەتبارکردنى (پەرلەمانتار) بە ئەحکامى (ماددە 14) لە (یاساى دادگاى باڵاى ناوانەکانى عیراق _ ژمارە 10 ساڵى 2005 هەموارکراو) لە پاڵ چەند ماددەیەکى یاساى سزادانى عیراقیى ژمارە 111 ساڵى 1969 .
ئێستا پەرلەمانتارانى عیراق لە دووڕیانێکدان :
یەکەم : پابەندبوونەوەیە بە دەستوور و بەجێهێنانى ئەرکەکانیان .
دووەم : کەوتنە بەر ئەگەرى سکاڵالێکردن لە دادگاکانى لێکۆڵینەوەى عیراق.
دوا ئاماژەى ئەم بابەتە ، ئەمەیە ، ئەو بنەمایەى بۆ پەرلەمانى عیراق هاتۆتە کایەوە ، بۆ پەرلەمانى کوردستانیش ئەشێت .