كارەبا .. وەك چەك
10/7/2020 12:46:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
((هەڵەیەكی گەورەمانكرد ، كارەبا -مان وەك گوشار لە دژی گەلی ئێران بەكار نەهێنا، ئەگەر بمانكردایە .. ئەنجامەكان زۆر جیاوازتر ئەبون لەوەی كە ئێستا هەیە ..)) ئەمە وتەی كوڕی محمد رەزا پەهلەوی .. شای كۆچكردوی ئێرانە ، لە لێدوانێكیدا لە دوورە وڵات، دوای ڕووخانی حوكمڕانی باوكی .
هەڵبەتە ئەو كارە، كە كوڕی شای كۆچكردوی ئێران بە (هەڵە) لەقەڵەمی ئەدات، لە كات وساتی خۆیدا ئاسان نەبووە، لەبەر ئەوەی یاساكانی دەوڵەتی ئێران لەو سەردەمەدا، لە ئێستاشدا، ڕێگای بە كارێكی لەو جۆرە نەداوە ...
كارەبا، سەرەكیترین پێكهێنەری ژێرخانی وڵاتە، هیچ حكومەت ود ەسەڵاتێك ناتوانێت، بە بێ یاسای تۆكمە و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە پلانی پێشخستنی وڵاتدا، دەستكاری بكات .
ئێستا لە هەرێمدا باس و خواستی دەستبردن بۆ كەرتی كارەبا هەیە، بە ڕادەستكردنی بە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، ونازانم تا چ ڕادەیەك بیرۆكەی ئەو ڕادەستكردنە پەیوەندی بە بیرۆكەكەی كوڕی شای كۆچكردووی ئێرانەوە هەیە، بەڵام ئەمەوێت باڵادەستانی بەڕێز لە حكومەتی بفەرمون وپێمان بڵێن :
- بە چ یاسایەك حكومەت كەرتێكی ژێرخانی دەوڵەت بە كۆمپانیا ئەدات ... !!
- بە چ یاسایەك بڕیار لە تایبەتكردنی كەرتی كارەبا ئەدەن ... !!
- بە چ یاسایەك فەرمانبەر و كارمەندانی دەوڵەت ڕادەستی كۆمپانیا ئەكەن و بە چ یاسایەك ماف وشایستەكانی گوزەران و خانەنشینیان ئەپارێزن .. !!
جگە لەو پرسیارە سەركیانە ، دەیان پرسیاری تر دروست ئەبن لە بارەی چارەنوسی میللەتێك رۆژ بە رۆژ بەڕە لە ژێر پێی ڕائەكێشرێت .