پەرلەمانتارانی كوردستان .. ئەو كارە نەكەن
9/25/2020 2:41:00 PM
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم
بەڕێزتان لە ئێستادا ، گفتوگۆ و خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژە یاسایە ئەكەن كە لە حكومەتی هەرێمەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان بە هاوپێچیی نوسراوی ژمارە 4581 لە10/8/2020دا ولە پێگەی ئەلكترونی فەرمی پەرلەماندا بڵاوكراوەتەوە ، بە مەبەستی دەرچواندنی یاسایەك بۆ فرۆشتن و بە كرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت بە ناوی ((یاسای فرۆشتن وبە كرێدانی ماییەكانی دەوڵەت))
پێشتر ولەسەر ئاستی عیراق هەمان بابەت ، بە یاسای ژمارە 21 ساڵی 2013 بە هەمان ناونیشان و بۆ هەمان مەبەست دەرچوێندراوە ، وئەم پرۆژەیەی ئێستای بەر دەستی بەڕێزتان ، زورینەی زۆری دەقی بڕگە ومادەكانی لەو یاسایەوە وەرگیراوە .
بەڵام ماددەیەكی گرنگ بە گۆڕانكارییەوە خراوەتە بەردەستی بەڕێزتان كە لە ئێستادا خزێندنەوەی بۆ ئەكەن، ئەویش ناوەڕۆِكی ماددە 39 ی پرۆژەكەیە كە دەڵێت :
ماددە 39 ی پرۆژەكە (( سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە لە كاتی پێویستی بڕیار بدات بە فرۆشتنی مایە گوێزاوەكان و نەگوێزراوەكانی دەوڵەت یان بە كرێدانیان بەدەر لەو ڕێكارانەی لەم یاسایەدا دەقیان لەسەركراوە))
ئەمەش جیاوازە لە ناوەرۆكی هەمان ماددە لە یاسا بەركارەكەی عیراقدا كە دەڵێت :
((ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە لە كانی پێویستدا بڕیاربدات بە فرۆشتنی مایە گوێزراوە و نەگوێزراوەكانی دەوڵەت یان بە كرێدانیان بەدەر لەو ڕێكارانەی لەم یاسایەدا دەقیان لەسەر كراوە ))
جیاوازییەكی یاسایی و یژدانی و نیشتیمانپەروەری یەكجار زۆر هەیە لە نێوان دەقی یاسا عیراقیەكە و دەقی پرۆژە یاساكەی بۆ هەرێم ئامادەكراوە .
لەیاساكەی عیراقدا بەجیاگرتنی دەسەڵاتەكانی فرۆشتنی موڵك و ماڵی دەوڵەتی سپێردراوە بە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران ، واتا بە دامەزراوەیەكی فەرمی دەستووری كە ئەنجومەنی وەزیرانە .
بەڵام هەمان بە جیاگرتن لە فرۆشتنی موڵك وماڵی دەوڵەت لە پرۆژەیاساكەی هەرێمدا ، دراوە بە كەسی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران !!
بەڕێزتان وەك پەرلەمانتاران ، ئەركێكی یاسایی و ئەخلاقی گەورەتان لەسەر شانە لە دەرچواندنی هەر یاسایەك ، لەبەر ئەوەی ئەو یاسایانەی بە دەنگی ئێوە دەردەچوێندرێت چیتر مافی تانە لێدانی نییە بە هۆی نەبوونی دادگایەكی باڵا لە هەرێمدا .
داواكارم دەقی ماددە 39ی پرۆژەكەی بەردەستتان وەك دەقی ماددە یاساییەكەی عیراق لێبكەن ، دەسەڵاتی فرۆشتنی موڵك وماڵی دەوڵەت بە كۆی ئەنجومەنی وەزیران بسپێرن نەك بە كەسی سەرۆكەكەی .
ئێوەی بەڕێز یاسا بۆ نیشتمانێك دەرئەكەن ،نەك بۆ كەسێك و پۆستێك ، تكاتان لێ ئەكەم ئەو كارە نەكەن